سەردێڕ:
زێدنیوز
چاوپێکەوتن

وتەبێژی پارتی لەسلێمانی: حكومەتی پەنجا بە پەنجا‌و بنكە فراوان فەشەلی هێنا

زێد نیوز:

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لەسلێمانی-هەڵەبجە رایدەگەیەنێت "پارتی هێڵی سوری لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵام جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە حكومەتی پەنجا بە پەنجا پێكناهێنین‌و وتووشمانە حكومەتی بنكە فراوان دروست ناكەین چونكە ئەم دوو ئەزموونە بۆ حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هەردووكیان فەشەلیان هێناوە".

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لەسلێمانی-هەڵەبجە لەچاوپێكەوتنێكی تایبەت بە (زێد نیوز) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "یەكێتی‌و گۆڕان تەنها دوو لایەنن كە خۆیان ساغكردۆتەوە كە بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن". 

زێد نیوز: ئەجندای سەردانی وەفدی پارتی لەسلێمانی‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان چی دەبێت؟ 
عەتا شێخ حەسەن: ئەجندای كۆبوونەوەكان چەند تەوەرێكە، یەكەمیان كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەخەنە بەردەستی لایەنەكان بۆ گفتوگۆ‌و دووەمیشیان قسە لەسەر پۆستە سیادییەكانی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دەكرێت. 
لەو بڕوایەداین هاتنی ئەو وەفدە تەكانێكی زۆر بەپڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت بدات‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بچێتە پێشەوە. 

یەكێتی‌و گۆڕان تەنها دوو لایەنن كە خۆیان ساغكردۆتەوە كە بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن


زێد نیوز: لەكۆبوونەوەكان لەسلێمانی وەفدەكەی پارتی بەتەنها لەگەڵ یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە یان لەگەڵ لایەنەكانی تریش كۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت؟ 
عەتا شێخ حەسەن: بەرنامەكە بەو جۆرەیە كە وەفدەكەی پارتی تەنها لەگەڵ یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە، چونكە تەنها ئەو دوو لایەنە خۆیان ساغكردۆتەوە كە بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن. 
زێد نیوز: ئەمە دیزاینی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەرناخات كە لەبەشداری سێ‌ حزب پێكدێت؟ 
عەتا شێخ حەسەن: خۆی حاڵەتێكی سروشتییە كە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكبهێنرێت چونكە ئەم هێزانە هێزی براوەی یەكەم‌و دووەم‌و سێهەمن‌و مەرجیش نییە هەر هێزێك كورسی پەرلەمانی هەبوو دەبێت لەكابینەی حكومەتدا بێت، ئەكرێت هەندێك هێزیش ئۆپۆزسیۆن بن. ئۆپۆزسیۆنیش لەوێنە گەورەكەدا بەشێكە لە پڕۆسەی سیاسی‌و بەشێك نییە لە سیستم بەڵام بەشێكە لەپڕۆسەی سیاسی‌و چی تێدایە ئەگەر هەندێك هێز ئۆپۆزسیۆن بن. 


حاڵەتێكی سروشتییە كە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكبهێنرێت 


زێد نیوز: دەوترێت پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان هەیە لەكابینەی نوێی حكومەتدا، بۆچی پارتی لەگەڵ بەشداریكردنی كۆمەڵدا نییە؟ 
عەتا شێخ حەسەن:ئەوەندەی ئاشكرا بێت لەو بارەوە لەمیدیادا قسەی زۆر دەكرێت‌و شیكردنەوە‌و شرۆڤەی زۆر بۆ دەكرێت، بەڵام لەباری واقیعدا ئەوەیە كە تائێستا كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان نەیوتووە ئێمە بەشداری لەحكومەتی نوێی هەرێمدا دەكەین‌و لەو بارەیەوە هیچ راگەیەندراوێكیان نییە. خۆیان لەوە دەچێت تائێستا بژاردەی ئەوەیان نەكردووە كە بێنە ناو پڕۆسەكەوە. 
پارتی هێڵی سوری لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵام جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە حكومەتی پەنجا بە پەنجا پێكناهێنین‌و وتووشمانە حكومەتی بنكە فراوان دروست ناكەین چونكە ئەم دوو ئەزموونە بۆ حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هەردووكیان فەشەلیان هێناوە‌و هەردووكیان بە تەنگەژەی سیاسی‌و ناڕێكی ناو ماڵی كورد تەواو بوو. بۆیە ئەمجارە ئەو دوو ئەزموونە دووبارە ناكەینەوە. 
زێد نیوز: باس لەوە دەكرێت كە بەر لەپێكهێنانی حكومەت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت، بەو واتایەی پێكهێنانی حكومەت دوا دەكەوێت؟ 
عەتا شێخ حەسەن: عورفی پێكهێنانی حكومەت هەر دەبێت بەو جۆرە بێت كە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان متمانە بدات بە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی. 
سەبارەت بە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمیش یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە لەبەرئەوەی كە تائێستا لایەنە سیاسیەكان رێكنەكەوتوون لەسەر ئەوەی كە سەرۆكی هەرێم لەكوێ‌ هەڵبژێردرێت‌و ئایا جۆری سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان چۆن بێت. بۆیە بەبڕوای من پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەكە لەبەرئەوەی كاتی دەوێت‌و دەبێت پەرلەمان كۆبوونەوەكانی خۆی دەستپێبكات‌و پڕۆژە یاساكانی خۆی پەسەند بكات‌و ببێت بە یاسا بۆ ئەوەی یاساكە هەموار بكرێتەوە. 

بەبڕوای من پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەكە لەبەرئەوەی كاتی دەوێت‌

زێد نیوز: بەوجۆرە بێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلایی كراوەتەوە؟ 
عەتا شێخ حەسەن: رەنگە لەكۆبوونەوەكانی وەفدی پارتی لەسلێمانی ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە. 
زێد نیوز: راستە پارتی رازی بووە سەرۆكی پەرلەمان بداتە یەكێتی؟ 
عەتا شێخ حەسەن: وەك قسەی زاری خەڵك قسەیەكی لەو جۆرە هەیە، بەڵام بەفەرمی پارتی هێشتا ئەو بڕیارەی نەداوە‌و هێشتا ماویەتی.     


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-18
زیاتر...


Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]