سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

وتەبێژی یەكێتی: پارتی و یەكێتی گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش

زێد نیوز:

وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "پارتی و یەكێتی گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كێشەیان نەماوە، لەچەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتن واژۆ دەكەن".

لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند "پاش زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕوپڕ و پەیوەندی بەردەوامی نێوان هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی، لەبەر رۆشنایی رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوو حیزب و لەسەر بنەمای بەشداری كاریگەر لە دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دۆستانە، دڵسۆزانە و مشورخۆرانە لەنێوان هەردوو بەڕێزان جەنابی كاك مەسعود و جەنابی كاك كۆسرەت، توانیمان هەردوو شاندەكە لەڕێگەی پەیوەندییەوە بگەینە تەفاهوم و لێكتێگەیشتنێكی بنەڕەتی هاوبەش بۆ شوێنی یەكێتی و پێگەی یەكێتی لە سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا بە سەرۆكایەتییەكان و هەموو وەزارەت و دەستەكان".

وتەبێژی یەكێتی روونیكردەوە ، بڕیارە لەم رۆژانەی نزیكی بەردەممان، دوا داڕشتنی كۆتایی رێككەوتنی ئێمە و برایانی پارتی لەسەر ئەو مەسەلەیە واژۆ بكرێت و كۆتایی پێ بێت. 

وتیشی "ئەمڕۆش هەر بەو بۆنەیەوە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەكە بڕیاردرا كە فراكسیۆنی ئێمە لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ یەكەمجار بەشداری بكات و ببێت بە بەشێك لە قسەكردن و گفتوگۆكردن. لە دواییشدا بڕیاردان لەسەر هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەكو یەكەم هەنگاو، هەنگاوی فعلی بەرەو دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان". 

بەوتەی لەتیف شێخ عومەر یەكێتی بەشداری كاریگەری لە حكومەتدا دەبێت و ئەوەش جێگیركراوە.

سەبارەت بەپرسی كەركوك و بەغدا لەنێو رێككەوتنەكە، وتەبێژی یەكێتی روونیكردەوە "پرسی كەركووك و بەغداش كاك مەسعود و كاك كۆسرەت لەبارەیەوە رێكدەكەون".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-04-03
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]