سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
عێڕاق

لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆمار كۆبونەوەی ڕاوێژكاری نیشتمانی ئەنجامدرا

زێد نیوز:

لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، لەكۆشكی سەلام لەبەغدا یەكەم كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری نیشتمانی ئەنجامدرا.

لوقمان فەیلی وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند "كۆبوونەوەكە باسی لەبارودۆخی وڵات و گۆڕانكارییە ئەمنی وسیاسییەكان و دوا پێشهاتەكانی جەنگی دژی تیرۆر و هەڵوێستەكانی تایبەت بە بونی هێزی بیانی له ‌عێراق و ڕادەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و كاركردن بۆ وەلانانی گرفت وناكۆكییەكان كرد". 

وتیشی "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێداگریان لە‌پێویستی گەڵاڵەكردنی بۆچونێكی هەمەلایەن كرد بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی دیموكراسی لەعێراقدا ، هاوكات باس لەدانانی ئەو یاسایانە كرا كە دەبنە مایەی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان".

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژەی بەوەكرد "سەرۆك بەرهەم ساڵح بەشداربووانی لەئەنجامی كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی و ئەوروپی لە‌میسر و سەردانەكەی بۆ فەرەنسا روونكردەوە ". 

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی بە دورو درێژی باسی لەگۆڕانكارییەكانی دۆخی ئەمنی بەتایبەتی ناوچە ئازادكراوەكان وئامادەكاریەكانی هێزە ئەمنیەكان لەو بارەیەوە كرد، هەروەها عەبدولمەهدی پلانی حكومەتی بۆ چارەسەركردنی دۆسێی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئامادەبووان رەونكردەوە، هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی گرنگترین دۆسێیەكانی باس كرد كە پەرلەمان لە‌خولی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر دەكات و لەهەفتەی داهاتوودا دەست بەكارەكانی دەكاتەوە". 

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار روونیكردەوە "بەشداربووان تیشكیان خستە سەر ناوەڕۆكی كارنامەی كۆبوونەوەكە و ژمارەیەك پێشنیاری باشیان پێشكەشكرد و جەختیان لە‌پێویستی بەردەوامی كۆبوونەوەكان بۆ نزیككردنەوەی دید و بۆچونەكان بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ناكۆكی هێزە سیاسیەكان كردەوە، تاوەكو ببێتە هۆكاری چەسپاندنی پرنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەروەری لە عێراقی فیدراڵدا".

وتەبێژی سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوە كرد "بەشداربووان پێداگریان كرد لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی دوركەوتنەوە لەپەیوەست بوون بەلایەنە دەرەكییەكانەوە و دورخستنەوەی وڵات  لەبارگرژی وململانێی ناوچەیی و جیهانی و عێراقیش بكرێتە گۆڕەپانێكی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەلی عێراق وپاراستنی سەروەریش بكرێتە دەسپێكی كاری سەركردەكانی عێراق".

هەر یەك لەسەرۆكی (ئەنجومەنی وەزیران ،ئەنجومەنی نوێنەران ،دادگای باڵا، دادگای فیدراڵی ) و سەرۆكی فراكسیۆن و پارتە سیاسییەكان و كەسایەتیە نیشتمانییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكانی گەلی عێراق بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-28
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]