سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

رابون مەعروف: چیدی حكومەتی عێراق ناتوانێت موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگە ببڕێت

زێد نیوز:

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "خاڵێكمان بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 زیادكردووە، بۆئەوەی لەكاتی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا و پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە پڕۆژە یاسای بودجەوە، حكومەتی فیدراڵی نەتوانێت بودجەی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ببڕێت".

رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی عێراق وتی"لەو پێشنیارانەی كە پێشكەشمان كردووە لەخاڵی شەشەمدا هاتووە: بودجە یاسایە و پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات و پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەندبن بە جێبەجێكردنی مادەكانی بودجەی فیدراڵییەوە، بەو پێیەش هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە لەحكومەتی فیدراڵی یان حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ مادەیەك پێشێل بكەن لەو یاسایە". 

رابون مەعروف زیاتر لەبارەی پێشنیارەكەوە وتی "لەكاتێكدا ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێم نەیتوانی هیچكام لەو مادانەی پڕۆژە یاسای بودجە پێشێل بكات، هەروەها كەس مافی ئەوەی نەبێت گەلی كوردستان سزا بدات بە بڕینی بودجەی هەرێم و بڕینی موچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە، لەكاتێكیشدا ئەگەر هەر مادەیەك لەمادەكانی یاسای بودجە پێشێل كرا، دەبێت بابەتەكە بخرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی". 

وتیشی "پێشتر ئێمە وەك فراكسیۆنی نەوەی نوێ چەند سەرنجێكمان پێشكەش كردووە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، بەتایبەت بەشە بودجەی پارێزگای هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ و كەمنەكردنەوەی بەشە بودجەی 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان، بەر لەوەی سەرژمێریی گشتی ئەنجام بدرێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی عێراق روونیدەكاتەوە "ئەو تێبینی و سەرنجانەی ئێمە بۆ لیژنەی دارایی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێم پابەندنەبوو بەو ڕێككەوتنەوە، كە لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزای كردووە سەبارەت بە ڕادەستكردنی گومرگ و داهاتەكان و ئەو بڕە نەوتەی كە لەسەری پێكهاتوون، ئەوا حكومەتی فیدراڵی نەتوانێت بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ببڕێت".

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە "بودجە كە پەسەندكرا دەبێتە یاسا، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو، نابێت حكومەتی فیدراڵی سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان و موچەخۆران و پێشمەرگە بدات، پێشنیازمان كردووە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام بێت و حكومەتی ئیتیحادی لەدادگای فیدراڵی سكاڵا لەدژی ئەو كاربەدەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار بكات كە پابەند نابن بە ڕێككەوتنەكەوە".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-01-12
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]