سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
تەندروستی

بۆچی دەستەکانت سڕ دەبن و کەلوپەل لەدەستت دەکەوێتە خوار؟

زێد نیوز:

د.هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد*


هۆکاری دەست سڕ بوون و کەوتنەخوارەوەی کەلوپەل لە دەست 

ھەست دەکەیت دەستەکانت سڕ دەبن و ناتوانیت کە ھیچ شتێکی پێ ھەڵگریت و پاش ماوەیەک لەدەستت دەکەوێتە خوار ؟؟
لەوانەیە ھۆکارەکەی بوونی فشار (گیران) ی دەمارێکی دەست بێت، کە بەئینگلیزی پێی دەوترێت کارپال تونیل سیندرۆم (carpal tunnel syndrom) .

کارپاڵ تونیل بریتی لە تونێلێک لەبەشی پێشەوەی دەست دا کە پێک ھاتووە لە ئیسقان و بەستەری ھەندێ ماسولکە و دەمار ێک بە ناوی (median nerve) ..ئەم دەمارە بەرپرسە لە ھەستەوەری و جووڵەی پەنجە گەورەو سێ پەنجەی یەکەمی دەست ..ھەر کاتێک ئەم دەمارە فشاری بچێتە سەر بەھەر ھۆیەک بێت دەبێتە ھۆی سڕی و لاوازی و ئازار و ھەستی دەرزی ئاژەنین لە دەست دا ....
نیشانەکانی :

١- ھەستی دەرزی ئاژەنین : یەکەم جار ئەم ھەستە بە شەوان ھەیە لە دەستەکاندا لەگەڵ بەیانیان کە لەخەو ھەڵدەستیت ..لەڕۆژدا لەکاتی شت ھەڵگرتن دا زیاترە وەکو ھەڵگرتنی مۆبایل و کتێب ..بەجوڵاندنی پەنجەکان کەمتر دەبێت ...
٢- بێھێزی و لاوازی ماسولکەکانی دەست : کەزیاتر ھەستی پێ دەکرێت لەکاتێکدا ناتوانیت شت ھەڵگریت یاخود شتت لە دەست بکەوێتە خوارەوە یاخود ناتوانیت مشتت داخەیت ..یاخود قۆپچەکانت داخەیت ...
٣- سڕبوون : سڕی پەنجەکان و دەست ھەندێ جار نەخۆش ھەست بە ئاوسان دەکات لە پەنجەکاندا ، و لەوانەیە نەتوانێت گەرمی و ساردی جیا کاتەوە ...

ھۆکارەکانی :
لەبەرئەوەی تونێلەکە لەبنەڕەت دا خۆی تەسک و ڕەقە ..ھەر ئاوساویەک یان ھەوکردنێک لەناو تونێلەکەدا ئەبێتە ھۆی فشار لەسەر دەمارەکە و نیشانەکان لەوانەیە لە یەک دەست دا یان لە ھەردووکیاندا ھەبێت ..کە زیاتر لەو دەستەیەدا ئەبێت کەزیاتر بەکاردەھێنرێت ...

کێن ئەوانەی زیاتر تووش دەبن ؟

١- ئافرەت سێ ئەوەندەی پیاو زیاتر ...
٢- ئەوانەی ئەم نەخۆشیانەیان ھەیە : نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشی سستی غودەی دەرەقی ، نەخۆشی ڕۆماتیزمەکان ..
٣- لەکاتی سکپڕی و دوو گیانی دا ..
٤- لەجێ چوون و شکاندنی جومگەی مەچەک ..
٥- جۆری ئیش کردن : واباوە کەھەندێک جۆری کار زیاتر توشبن بەم حاڵەتە وەکو ئەوانەی نوسین دەکەن لەسەر کۆمبیوتەر ، یاخود ئەوانەی ھەندێ ئامێری لەرەلەر کەر بەکاردەھێنن لە کارەکەیاندا وەکو دریل ...

ئەو حاڵەتانە چین کە لە کارپال تونێل دەچن ؟؟؟
١- پێکانی ماسولکە یاخود بەستەر یاخود کۆتایی ماسولکەکان ..
٢- داخورانی جومگەی پەنجە گەورە یان مەچەک ...
٣- بوونی کێشەی دەمار وەکو لەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ..

دەستنیشانکردن :

١- پشکنینی نەخۆش و ئەنجامدانی چەند تێستێک وەکو(phalen test ) کەنەخۆشەکە بەشی پشتەوەی ھەردوو دەستی ئەنوسێنێت بە یەکەوە بۆ دروست بوونی سڕی یاخود دەکێشرێت بەسەر دەمارەکەدا بۆ ئەوەی بزانرێت تووشی سڕی دەبیت یان نا ..
٢- ئی ئیم جی (EMG): ھێلکاری دەمار و ماسولکە بۆ دەرخستنی سستی دەمارەکە ...
٣- ھەندێ جار پشکنینی دەمارەکە و دەورروبەری بە سۆنەر ..

چارەسەر :

١- پشودان و نەجوڵاندنی جومگەکە : چارەسەر لەھەندێ حاڵەتی وەکو شەکرەو داخوراندن پێویستیان بە چارەسەرە ..بەڵام پزیشکەکەت لەوانەیە پێت بڵێ پشوو بە جومگەکە بەیت و بەکارھێنانی کیف و سپلینت ( brace) بە تایبەتی لە شەودا ...
٢- بەکارھێنانی ئازار شکێنەکان وەک (NSAI) وەکو : پرۆفین ، ڤۆڵتارین ..ھتد . ھەندێ جار ڤیتامین بی یەکان و ھەندێ دەرمان کە میز کردن زیاد دەکەن (diuretic) کاریگەریان ھەیە لەسەر کەم بوونەوەی ئاوساویی دەوری دەمارەکە ...
٣- بەکارھێنانی پاکی سارد بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە ..
٤- بەکارھێنانی ھەندێ دەرمان بۆ ناو تونیلەکە لە دەوری دەمارەکە ئەویش لەژێر ئامێری سۆنەردا ، وەکو ستیرۆیدەکان ، زایلۆکەین یاخود کەم کردنەوەی فشارەکە بە ڕێگای (hydrodissection ) لەژێر سونەردا ...
٥- وەرزش کردن بە دەست : ئەویش لە ڕێگای ئەو وەرزشانەی کەدەبنە ھۆی ڕاکێشانی دەمارەکەو بەستەرەکانی دەوروبەری ..
٦- چارەسەرە تەواوکەرەکان : وەکو دەرزی چینی ، یۆگا ..
٧- نەشتەرگەری ؛ یاخود بەکارھێنانی نازوور بۆ لابردنی فشاری دەوری دەمارەکە ..

چی ڕوودەدات ئەگەر چارەسەر وەرنەگریت ؟؟

ئەگەر پشتگوێ بخرێت دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازارو سڕی و ڕۆشتنی بەرەو قۆڵ و شان ، جگە لەوە پوکانەوەی ماسولکەی پەنجە گەورەو بڕێک جار دوای چارەسەریش ھەست و ھێزی ماسولکەکە ھەرگیز وەکو خۆی لێنادێتەوە ...
چۆن خۆمان ئەپارێزین لە گیرانی دەماری دەست ؟؟؟
١- پۆستچەری باش : واتە دانانی دەست و قۆڵ بەشێوەی باش و بێ ھەڵە ، و دووربوون لە خراپ بەکارھێنانی ...
٢- ڕێکخستنی کار و ئیش کردن ..
٣- وەرزش کردن : ئەویش بە کردنی ئەو وەرزشانەی دەبنە ھۆی ڕاکێشانی ماسولکەکانی دەست و دەمارەکە ..
٤- وەرگرتنی پشووی بچووک لەکاتی کارکردندا ، بۆ جوڵاندن و ڕاوەشاندنی دەست و بازوو و قۆڵەکان ...

* ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی ئازار شکاندن و پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-04-04
زیاتر...
12


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]