سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
تەندروستی

سه‌وه‌فان یاخود داخورانی ئه‌ژنۆ (چۆک) نیشانە و چارەسەر

زێد نیوز:

د.هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد

 
سه‌وفان و داخورانی ئه‌ژنۆ یه‌کێکه‌ له‌ به‌ربڵاوترین جۆره‌کانی داخورانی جومگە " ھەموو جومگەیەک لە لەشدا ئەگەری داخورانی ھەیە" و بە گرنگترین هۆکاری ئازاری ئه‌ژنۆ داده‌نرێت له‌ جیهان دا ۰ نه‌خۆشی سه‌وه‌فان بریتی له‌ که‌مبوونه‌وه‌ی لینجی نێوان جومگه‌کان و له‌ ئه‌نجام دا کڕکڕاکه‌ی نێوان جومگه‌کە ده‌خورێت و ئێسقانه‌کانی جومگه‌که‌ به‌ریه‌یه‌ک ده‌که‌ون و دواتر ڕه‌نگه‌ ئێسکی زیادەی بچووک دروست بێت کەلەناو خەڵکدا بە کلس بەناوبانگە۰

نیشانەکانی :

١- ھەستکردن بەئازار ، کەزیاتر لەکاتی جووڵەو ھیلاکبوون، سەرکەوتنی قادرمە ، وەستان بەپێوەی زۆر ، ڕێکردن بۆ ماوەیەکی زۆر دروست دەبێت . کاتی ئیسراحەت و پشوو تا ڕادەیەک کەمدەبێتەوە .
٢- ئاوسانی جومگەکە ، ھەندێک جار لەپشتی ئەژنۆوە ھەست بەکیسێکی بچووک دەکرێت کە پێ دەوترێت(baker cyst).
٣- ھەستکردن بە گەرمی لەناو جومکەکەدا .
٤- ڕەقبوونی جومگەکە ، بەتایبەتی لەبەیانیاندا پاش ھەستان لە خەو .
٥- کەمبوونەوەی توانای جوڵاندنی جومگەکە ، بۆ نموونە نەخۆشەکە ناتوانێت بە ئاسانی بینوشتێنێتەوە .
٦- کرتەکرت و تەقەتەق لە کاتی جوڵاندنی جومگەکەدا ، ھەندێک جار گوێت لە دەنگی تەقەتەق دەبێت . بەڵام کرتەکرت بە تەنیا کێشە نیە ، بەبێ ئازار .

دەستنیشانکردنی :

- بەپێی نیشانەکانی نەخۆشەکە لەگەڵیدا پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە .
- ئەشعەی ڕەش وسپی واتە ئەشعەی ئێکس (x ray ) .
- ھەندێک جار بە سونەری تایبەت بە جومگە ، زبری ئێسکەکەو کۆبوونەوەی ئاوی زیادە دەردەکەوێت لەپشتی ئەژنۆدا کە پێی دەوترێت (backer cyst).
- ھەندێک جار پێویستە ئەشعەی تەنووری (MRI) بگیرێت .

-شێوازی چاره‌سه‌رکردنی :

۱ ـــ له‌ ڕێگای ده‌رمانه‌وه‌ :
-ده‌رمانی ئازارشکێن به‌ تایبه‌ت جۆری ( NSAID ) له‌ ڕێگه‌ی حه‌پ و گولاج و ده‌رزی و شاڤ و شروبه‌وه‌ :ئازار و ئاوساوی و سوور بوونه‌وه‌ که‌م ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام نابێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌رده‌وام به‌کاربێت وه‌ک پڕۆڤین ، ڤۆڵتارین ، ئیندۆسید ، ڤێڵدین .
تێبینی : ئەگەر نیشانەکانی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنات تیادا بوو، وەک تا ، کۆکە ..ھتد باشترە دوورکەویتەوە لە بەکارھێنانی ئەم دەرمانانە .
- مه‌رهه‌می جۆری ( NSAID ) که‌ ئه‌ژنۆی پێ چه‌ور ده‌کرێت و ده‌شێلرێت یاخود کرێمێک کە ماددەی مێنپولی تیادا بێت .
-ئه‌و ده‌رمانانه‌ی کەیارمەتی دروست بوونەوەی کرکراگەکە دەکەن و ناهێڵن داخورانی جومگەکە زیاتر بێت و کڕکڕاگه‌که‌ به‌هێزتر ده‌که‌ن وه‌ک :
ــــ گلۆکۆزئەماین سۆلڤه‌یت ( glucosamine sulfate ) ,
ــــ کۆندرۆتین ( Chondroitin ) .
ـــ MSM 
--green lipped extract
ئەم چارەسەرانە لەوانەیە لەیەک پێکھاتەی دەرماندا ھەبن ، ئیتر بەشێوەی کەبسول ، کرێم ، فوار بێت و دەبێت وەکو کۆرس بەکاربێت و نابێت لە سێ مانگ کەمتر بێت .
۲ ـــ چارەسەری سروشتی ( فیزۆسێراپی ) : له‌ ڕێگه‌ی ئامێری (T.N.S ) و وه‌رزشه‌وه‌ بۆ به‌هێزکردنی ماسولکه‌کانی ئه‌ژنۆ و قاچ ۰
۳ ـــ لێدانی ده‌رزی بۆ ناو جومگەکە ، ئەویش بەپێی حاڵەتەکە دەگۆڕێت ، و ده‌زیه‌کان بریتین له‌ :
- هایلۆرۆنیک ئه‌سید ۰
- پلازمای نه‌خۆشه‌که‌ ۰
-پرۆلۆتیراپی و ئۆزۆن .
- ده‌رزی ستیرۆید : ئێستا زۆر که‌م به‌کار دێت وه‌ک ( دیپۆمیدڕۆڵ ) چونکه‌ کارێگه‌ریه‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی یه‌ و زیانی لاوه‌کی هه‌یه‌۰
- به‌کارهێنانی خانه‌ی کۆندرۆسایت (stem cell)که‌ له‌ نه‌خۆشه‌ک وه‌رده‌گیرێت۰
٤ ـــ چاره‌سه‌ر به‌ ئامێری ( pulsed radiofrequency)کە ئەویش لەکۆتا دەرەجەی سەوەفان دەکرێت بە سووتاندنی ئەو دەمارانەی کە دەچن بۆ جومگەکەو ئازار دروست دەکەن .
٥ ـــ به‌کارهێنانی نازوڕی جومگه‌ : بۆ لابردنی داخورانی کڕکڕاگه‌ و ڕاکێشانی ئاوی کۆبۆه‌ی ناو ئه‌ژنۆ و لابردنی ئێسقانی زیاده‌ و لێدانی ده‌رزی بۆ ناو ئه‌ژنۆ ؛ له‌ ژێر به‌نجی گشتی دا ده‌کرێت ۰
٦ ـــ گۆڕینی جومگه‌ی ئه‌ژنۆ به‌شێکی یان به‌ ته‌واوی : پێویسته‌ کاتێ ئه‌نجام بدرێت که‌ هه‌موو ڕێگاکانی تر بێ سوود بووببن : چونکه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ژێر به‌نجی گشتی دا ده‌کرێت و جومگه‌ دروستکراوه‌که‌ دوای چه‌ند ساڵێک پێویسته‌ بگۆڕێته‌وه‌ .

ھەندێک جار ھەندێک ڕێگای تەواوکەر بەکاردێت کەپێ دەوترێت (ئەڵتێرنەتیڤ میدیسن ) بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازارەکە ، لەوانەش :
- یۆگاکردن و میدیتەیشن .
ـــ ده‌رزی چینی یان ده‌رزی ئاژنینین ؛ پێویسته‌ پزیشکی پسپۆڕ بیکات۰
ـــ هه‌ندێ گژوگیای سروشتی وه‌ک زه‌رده‌چه‌وه‌ ، زه‌نجه‌فیل ، زه‌یتی زه‌یتوون ، زەیتی نەعنا .

-ھەندێک ڕێنمیایی گشتی بۆ کەمکردنەوەی داخوران :

-چاره‌سه‌رکردنی هۆکاره‌کانی ئه‌گه‌ر بکرێت ( وه‌ک که‌می ڤیتامین و کانزاکان ) له‌گه‌ڵ چاره‌کردنی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی نیشانه‌کانی زیاتر ده‌که‌ن وه‌ک ئێسکه‌ نه‌رمه‌۰
-دابه‌زینی کێش له‌و که‌سانه‌ی کێشیان زۆره‌ یان قه‌ڵه‌ون۰
- هه‌ندێ ڤیتامین و کانزا و پێکهاتووی خۆراک : وه‌ک ئۆمێگا سێ، ڤیتامین دی ، کالسێوم ۰
- ئه‌نجام دانی وه‌رزش له‌ ژێر چاودێری پزیشک و زیاتر کردنی جوڵه‌۰
-پاپه‌ند بوون به‌ ڕێنمیایی خۆراکی ته‌ندروست و نه‌خواردنی ( یان که‌مکردنه‌وه‌ی ) ئه‌و خۆراکانه‌ی هه‌وکردنی جومگه‌کان زیاد ده‌که‌ن و زیاتر خواردنی ئه‌و خۆراکانه‌ی بۆ هه‌وکردنی جومگه‌کان باشن ( پێشتر له‌م په‌یجه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ).
-به‌کارهێنانی جه‌وه‌نه‌ی ئاوی گه‌رم یان سه‌هۆڵ بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ئازار و ئاوساوی ، نەخۆشەکە بەپێی لەشی خۆی دەتوانێت تاقیبکاتەوە .
- به‌کارهێنانی باندجی تایبه‌تی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ .

تێبینی: وێنەکان ھەندێک وەرزشی تایبەتن بە داخورانی جومگەوە .

*پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-04-03
زیاتر...
12


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]