سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
تەندروستی

چۆن خوێن بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری کۆرۆنا؟

زێد نیوز:

د. عیسا عەبدولڕەحمان*


لە سایەی نەبووونی دەرمان و ڤاکسینی تایبەت بە کۆرۆنا، بیر لە چەندین ڕێگا دەکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەو پەتا ڤایرۆسییە. دواهەمینیان ئەوەیە کە لە ئەمریکا بڕیاری لێدراوە، ئەویش بە بەکارهێنانی خوێنی کەسانێک کە کۆرۆنایان گرتووە و زاڵبوون بەسەریدا و چاکبوونەتەوە.

کاتێک کەسێک تووشی ڤایرۆسێک دەبێت، جەستەی بەرگری لە دژی پەیدادەکات لە ڕێگای دژەتەنەوە، کە تەنۆلکەی پڕۆتینین و تایبەتن بە ناسینەوە و پەلاماردانەوەی ڤایرۆسەکە لە باری گەڕانەوەی بۆ ناو جەستەی ئەو کەسەی جاری پێشووتر تووشبووە.

بۆیە بڕیاردراوە خوێنی کەسانی چاکەوەبوو لە کۆرۆنا وەربگیرێت و سوود لە دژەتەنەکانیان وەربگیرێت بۆ ئەو کەسانەی بە سەختی کۆرۆنایان گرتووە، تاوەکوو یارمەتی جەستەی ئەوانیش بدات بە کارایی پەلاماری ڤایرۆسەکە بدەن و لەناوی ببەن.

ئەمانەی خوارەوە مەرجەکانی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) ن بۆ بەخشین و وەگرتنی خوێن بۆ چارەسەری کۆرۆنا.

ئەو کەسەی پلازمای خوێن دەبەخشێت دەبێت چ مەرجێکی تێدابێت؟

١. تووشبووی نەخۆشی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ (COVID19) بووبێت کە لە تاقیگە بە پشکنینی تایبەت پشتڕاستکرابێتەوە
٢. نەخۆشەکە چاکبووبێتەوە لانی کەم ١٤ رۆژ پێش بەخشینی پلازما

٣. دەبێت پشکینی ئێستاش لە تاقیگەدا بۆ کۆڤید١٩ نێگەتیڤ بێت لە هەریەک لەو نموونەیەی لە لووت یان خوێن وەردەگیرێت
٤. ناساندنی دژەتەنی دژی ڤایڕۆسی سارس-کۆڤ-٢ لە تاقیگە

ئەو کەسەی پلاسما وەردەگرێت، دەبێت چ مەرجێکی تێدابێت؟

١. لەڕێی پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستکرابێتەوە کە نەخۆشیی کۆڤید١٩ی هەیە

٢. بەتووندی نەخۆشییەکەی گرتبێت و لە چاودێریی چڕ خەوێنرابێت

نیشانەکانی حاڵەتی تووند و لەناکاو، وەک؛

ا. هەناسەتووندی

ب. خێرایی هەناسەدان ≥ ٣٠ هەناسە\ خولەک

ج. تێریی ئۆکسجینی خوێن ≤ ٩٠%

د. نیمچەپەستانی ئۆکسجینی خوێنبەری بۆ رێژەی ئۆکسجینی هەڵمژراو < ٣٠٠، و \ یان

ح. دەڵاندنی سییەکان > ٥٠ %

نەخۆشیی مەترسیدار کە ژیان بخاتە مەترسییەوە وەک؛

ا. پەککەوتنی رێڕەوی هەناسەدان

ب. شۆکی پەیوەست بە هەوکردنی مەترسیداری مایکڕۆبی (سێپتیک)

ج. فرەسستیی ئەندامەکانی لەش

٣. دەبێت پلاسما وەرگر قایلبێت بە وەرگرتنی چارەسەرەکە


*پزیشکی دەرمانساز لە دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-03-26
زیاتر...
12
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]