سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

بەڤیدیۆ: پارتى و یەکێتى لەسنورى دەسەڵاتدارى خۆیاندا هەموو جۆرە کاردانەوەیەکى توندوتیژییان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە

زێد نیوز:

بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق باسی شتگەلێک دەکەن کە خۆیان بڕوایان پێی نییە.


بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هێزە ئەمنییەکان دژ بە خۆپیشاندەرانی شاری بەغدا و شارەکانی تر کە داوای چاکسازی و خزمەتگوزاری دەکەن، کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی زۆری لێکەوتەوە. 

لەنێو ئەو کاردانەوە و راگەیەندراوانەی کە بووە جێی تەنز و باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بوو لەو بارەیەوە. 

لە راگەیەندراوەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبارەی روداوەکانی عێراق، سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژیان دەکرد لەبەرامبەر خۆپیشاندەران، لەکاتێکدا لە سەردەمی حوکمڕانی ئەو دوو هێزەدا و لەساتەوەختی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبونەوەی جەماوەریی لەشارەکانی کوردستان، پارتی و یەکێتی هیچ نەما بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامی نەدەن هەر لە ئازاردان و ڕفاندن و هەڕەشەکردن تا  بەکارهێنانی فیشەکی راستەقینە و بریندارکردن و شەهیدکردنی خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕازییەکان. 

هاوکات کەلتوری چادرگە سوتاندن و هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران کە لە ئێستادا لە شارەکانی بەغدا و شارەکانی دیکە بەدی دەکرێت بۆ هاووڵاتی کوردستان شتێکی نوێ نییە و پێشتر و لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و مامۆستایانی ناڕازی و داواکردنی مووچە و لابردنی پاشەکەوتی زۆرەملێی موچەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو دو پارتەوە تاقیکراوەتەوە و ئەنجامدراوون. 


زۆرترین ئەو شتەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووە تەنزی چالاکوانان ئامۆژگارییەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بوو بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق کە ئاماژەیان بەوە دا " كێشە و ناڕەزایی و داواكارییەكانی خەڵك بە زەبری هێز و سەركوتكاری نە كپ دەكرێن و نە چارەسەر دەبن" و لەو بارەیەوە چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن بەگوێرەی ئەو ئامۆژگارییانە بێت یەکێک نەزانێت لەساتی گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان ئەو دوو حزبە بە گوڵ پێشوازییان لە خۆپیشاندەران کردووە!. 

بەگەڕانەوە بۆ مێژوییەکی نزیک نەک دور ئەوە دەسەلمێنرێت کە پارتی و یەکێتی لە سنوری دەسەڵاتداری خۆیاندا هەموو جۆرە کاردانەوەیەکی توندوتیژیان بەرامبەر گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان ئەنجامداوە و لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2011دا کە 63 رۆژی خایاند 10 خۆپیشاندەر شەهیدبون و نزیکەی 250 کەس بریندار بون و خۆپیشاندانەکان بە زەبری هێز سەرکوتکران. 

هاوکات لە خۆپیشاندانەکانی مانگی ئاداری 2018دا کە مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندی تەندروستی لە شاری هەولێر ئەنجامیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە کە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و چالاکوانان ئەنجامدرا و هێرشکرایە سەر پزیشک و مامۆستایان و بەزەبری هێز خۆپیشاندان و گردبونەوەکان کپکران. 

زۆرێک لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو توندوتیژییەی کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدرا لەشاری هەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن چالاکوانانەوە بڵاوکرایەوە و تائێستاش لەهزری خەڵکدا هەر ماوە و کاریگەرترینیان لێدانی مامۆستایەکی بەتەمەن بوو کە لەو کاتەدا دەیوت "لەمن دەدەیت؟". 

لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بۆ رێگریکردن لە گواستنەوە و پەخشکردنی خۆپیشاندانەکان بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر پەیامنێرانی کەناڵە ئەهلییەکان و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکاندا دەگیرا و زۆر جاریش هێرشدەکرایە سەر کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و بەتایبەتی کەناڵی ئێن ئاڕتی کە چەند جارێک نوسینگەکانی ئەو کەناڵە لە شار و شارۆچکەکان لە سەروەختی خۆپیشاندانەکان سوتێنران. 

توندوتیژییەکان بە ڕادەیەک بون کە تەنانەت شاربەدەرکردنی ئەو کەسانەشی گرتەوە کە تەنها لە فەیسبوکەکانی خۆیانەوە گلەییان دەکرد و لەو بارەیەوە هاووڵاتیانی کوردستان دیمەنی ئەو پێشمەرگەیە لەیاد ناکەن کە ناوی هێمن بنەسڵاوەیی بوو و بەهۆی ئەوە لە فەیسبوکەکەی خۆیەوە ناڕەزایەتی دەربڕی بوو بەسەر و برۆ تاشراوی لە شاری هەولێر دەرکرا و لە بازگەی پردێ ئاودیوی سنوری سلێمانی کرا و پێی وترا "بۆت نییە بێیتەوە شاری هەولێر ".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-28
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]