سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
عێڕاق

لایەنە عێراقییەکان لەبارەی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس: دانبەخۆتاندا بگرن

زێد نیوز:

کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە بۆردومانی ئەمریکییەکان لایەنە سیاسیەکانی عێراق و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆماری هێنایەدەنگ و جگە لەسەرکۆنەکردنی ئەو کارە داواش لە هەموو لایەک کرا دانبەخۆیاندا بگرن و لۆژیکی عەقڵ و دانایی لەدەست نەدەن.


یەکەمین کاردانەوەکان لەلایەن موقتەدا سەدڕ، رابەری رەوتی سەدڕەوە بوو و جگە لەوەی پرسەنامەی ئاراستەی حکومەتی ئێران کرد، سولەیمانی و موهەندیسی وەک موجاهید و شەهید ناوبرد. 

لە راگەیەندراوەکەیدا سەدڕ به‌ئامانجگرتنی سوله‌یمانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وه‌ك ئامانجگرتنی جیهادی ئیسلامی و رۆحی شۆڕشگیڕانە ناوبرد. 

بۆ پارێزگاریکردنیش لە عێراق فەرمانی کرد سوپای ئیمام مەهدی و لیواکانی تری سەدڕ بەگەڕبخرێنەوە و بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. 


هاوکات، قەیس خەزعەلی سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و وتی " لەتۆڵەی خوێنی سولەیمانی و موهەندیس ئەمریکا و ئیسرائیل زەرەرمەند دەبن". 

هۆشداری ئەوەشیدا لە تۆڵەی خوێنی ئەوان بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی پێدەهێنن و ئیسرائیلیش لەسەر بوون دەسڕنەوە. 


هەرچی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراقە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی روداوەکەی کرد و وەک پیشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق ناوی برد. 

لەراگەیەندراوەکەیدا عەبدولمەهدی داوای کرد بەپەلە پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە کۆبێتەوە و هەڵوێستێک بنوێنێت. 

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە رۆڵی گرنگی سولەیمانی و موهەندیس کرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و یەکلایکردنەوەی شەڕ لەگەڵ داعش و پارێزگاریکردن لە خاک و سەروەری عێراق. 

سەرۆککۆمار روونیکردەوە، رووداوەکە‌ لێكه‌وته‌ی ئه‌منی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و داوای کرد لایەنەکان دانبەخۆیاندا بگرن و دەست بە لۆژیکی عەقڵ و داناییەوە بگرن و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتیمانی له‌به‌رچاو بگرن.

هاوشێوەی پەیامەکەی بەرهەم ساڵح، مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنەکانی کرد و سەرکۆنەی ڕوداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانیشی کرد. 

عەبدولمەهدی کەربەلایی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لەمیانەی وتاری نوێژی هەینیدا وتی "دەستدرێژیکردن و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی خاکی عێراق و ڕێکكەوتنامە نێودەوڵەتیەکان بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سەرکردە کە سەرکەوتنی گەورەیان لەدژی داعش تۆمار کردووە". 

هاوکات محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای کرد عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی جەنگ و شەڕی هەرێمایەتی. 


وتیشی، ئەوەی لە دەوروبەری فرۆكەخانە ڕویدا لە بەئامانجگرتنی فەرماندەیەكی سەربازییە كە سەر بە دامەزراوەی سەربازی عێراقە، پێشێلكاری سەروەرییی و بەڵێننامەی نێودەوڵەتییە و دەبێت هەر پرۆسەیەكی ئەمنی و سەربازی لەسەر خاكی عێراق بە ڕەزامەندی حكومەتی عێراق بێت.
داواشی کرد، هەموو لایەك دان بەخۆیاندا بگرن و بە دانایی و یەكڕیزی بەرەنگاری هەرەشەكان ببنەوە و عێراق بەدووربێت لەبوون بە گۆڕەپانی جەنگ. 

ئەمڕۆ (هەینی) وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد "لەبۆردومانەکەدا هەریەک لە قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس کوژران". 

لە راگەیەندراوەکەی پەنتاگۆن هاتووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (هەینی) لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەکاتێکدا کە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە لوبنانەوە بەرەو بەغدا دەگەڕایەوە لە بۆردومانێکدا بۆ سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان هەریەک لە قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئێران و مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی حه‌شدی شه‌عبی كوژران.

راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، فەرمانی بۆردومانکردنەکە و بەئامانجگرتنی سولەیمانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دراوە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە. 

راگەیەندراوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە بەغدا هەروەها بۆردومانکردنی سەربازگەی کەی وەن-ی ئەمریکی لە شاری کەرکوک کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی تیادا کوژرا. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-01-03
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]