سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
جۆراوجۆر

دوو برای پاسکیلسواری ئەڵمانی گەیشتنە هەرێمی کوردستان (وێنە)

زێد نیوز:

دوو برای ئەڵمانی پێنج مانگ لەمەوبەر بڕایریاندا کە بە پاسکیل دەوری جیهان لێبدەن و تا ئێستا ١٠ وڵاتیان تێپەڕاندووە و ٥ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتریان بڕیوە.


ماکسملیان و جۆهانس گیەریی ئەڵمانی دوای دوو کاتژمێر گفتوگۆ و شەش هەفتە ئامادەکاریی بە پایسکل لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیاوە دەستیانکرد بە گەشتێک بە جیهاندا و دوای بڕینی پێنج هەزار و ٣٣ کیلۆمەتر گەیشتنە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک.

ئەم دوو گەشتیارە لە گەشتەکەیان بە جیهاندا سنووری ژمارەیەک وڵاتیان بڕی، ئەوان کولتوور و سروشتی هەرێمی کوردستان و هەڵسوکەوت و میوان دۆستی هاووڵاتییانی کورد بە نایاب وەسف دەکەن.

جۆهانس گیەری تەمەن ٣٠ ساڵ کە ئەندازیاری ئەلیکترۆنییە، هاوشان لەگەڵ براکەی لە گەشتەکەی سەردانی پەرستگەی لالش-یان کردووە و دواتر بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون.

جۆهانس گیەری لە سنووری قەزای شێخان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە مانگی تشرینی یەكەم لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لە نزیك شاری دۆرتمۆند، دەستمان بە گەشتەکەمان كرد، دوای بڕینی پێنج هەزار ٣٣ کیلۆمەتر گەیشتووینەتە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان".

جۆهانس گوتیشی: "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکار و میوان دۆستن و زۆریش رێز لە گەشتییار و کەسانی بیانی دەگرن، گەلێکی تێگەیشتوو و لێهاتوون، خاوەن کولتوورێکی جوان و سروشتێکی دڵڕفێنن، لێتان ناشارمەوە لەم گەشتەمدا کە لە ئەڵمانیا دەستم پێکردووە بە کۆماری چیک، سلۆڤاکیا، نەمسا، هەنگاریا، بولگاریا، یۆنان و تورکیا تێپەڕیوم تا گەیشتوومەتە هەرێمی کوردستان، بەڕاستی تەنها سەرسامی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان و سربیا بووم، چونکە زۆر هاوکارمان بوون، سربیا کەشەکەی گەرم و لەبار بوو، وەزری دروێنەی گەنم و جۆ و بەربوومە کشتوکاڵییەکانمان بینی، ئەمە هەستێکی زۆر خۆشی بە گەشتەکەمان بەخشی".

ئەوان دەڵێن، ئەوەی لە ئینتێرنێت و جیهانی میدیادا بیستوویانە سەبارەت بە ژیانی خەڵکی تورک و کورد بەیەکەوە و نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا، راست نەبووە و بە پیچەوانەوە متمانەی تەواو لە نێوان ئەو دوو گەلەدا هەیە.

جۆهانس گیەری هەروەها دەشڵێت "لە گەشتەکەمان بەردەوام دەبین و دوای هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوین بۆ ئێران، دواتر هەوڵ دەدەین روو لە پاکستان بکەین و پاشان بەرەو هیندستان و ئینجا رێگای تایلاند دەگرینەبەر، دەمانەوێت ئەزموون و کولتووری وڵاتان و نەتەوەکان بزانین".

جۆهانس گیەری کە لە گەشتەکەیدا دەیەوێت جیهان بە چاوی خۆی ببینێت دەڵێت "زۆر شت لە میدیا و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنینەوە، ناکرێت باوەڕ بە هەموویان بکەین، بەڵکو دەبێت بە چاوی خۆمان ببینین، بۆ نموونە ئێستا بە چاوی خۆمان بینیمان کە گەلی کورد گەلێکی میوان دۆست و مرۆڤ دۆستن و میللەتێکی ئاشتیخوازن و رێز لە گەشتیار و کەسانی بیانی دەگرن".

ئەو گەشتییارە ئەڵمانییە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحی کردووە و گوتی: "لە جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح-دا کاتی زۆر خۆشمان بەسەر برد لەگەڵ خەڵکی باش و هاوڕێ کوردەکانمان لە هەرێم".
جۆهانس گیەری دەشڵێت "شەوی رابردوو ویستمان بچین لە کۆمپانیایەک بخەوین، بەڵام بە ئێمەیان گوت کە جێگەی خەوتنی تیادا نییە، زانیمان بەهۆی نەبوونی جێگا بۆ ئێمە، هەستیان بە شەرمەزاری کردووە، لەبەرامبەردا وەکو قەرەبوو داوای لێبوردنیان کرد و چەندین خواردنی بە تام و چێژی کوردییان پێشکەش کردین".

ماکسملیان گیەری کە ئەندازیاری تەکنیکییە، دڵخۆشە بەوەی کە لە کوردستانە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەتوانم بڵێم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا کراوەترن، شتێکی نامۆیە کە لە ماڵ و چێشتخانەکان میوانداری دەکرێین و لەلایەن هاووڵاتییانەوە خواردنمان پێ دەدرێت، یان شتێک دەکڕێن چەند دانەیەکیش زیاتریشمان پێ دەدەن، ئەوەی لێرە دەیبینین لە وڵاتانی دیکە نەمانبینیوە، بۆ نموونە ئەمڕۆ دەمانویست بچین بۆ پەرستگەی لالش، هاووڵاتییەک پیک ئاپ-ەکەی راگرت و داوای کرد کە لەگەڵی سەرکەوین، ئێمەش پایسکلە دوو کەسییەکەمان کردە نێو ئۆتۆمبێلەکەی و لەگەڵی چووین بۆ پەرستگەی لالش".

گوتیشی: "لە گەشتەکەماندا لانیکەم ٤٠ کیلۆمەتر بە پایسکل دەڕۆین و هەندێک جار هەتا ١٤٠ کیلۆمەتر رێگەمان بڕیوە، ئێستا دەمانەوێت ٦٠ بۆ ٨٠ کیلۆمەتری دیکە ببڕین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان باشتر ببینین".

ئەو دوو گەشتیارە ئەڵمانییە هەرچەند خیوەت بۆ نووستن بەکاردە‌هێنن و کەلوپەلی چێشت لێنانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، بەڵام نایشارنەوە کە هەندێک جار شوێنی مانەوەیان بە ئەستەم دەست دەکەوێت، بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر خانووە تەواو نەکراوەکان تاوەکو بەهۆی باران بارینەوە تەڕ نەبن.

گەشتی ئەم دوو گەشتیارە ئەڵمانییە کە تا ئێستا نەچوونەتە نێو ژیانی هاوسەرگیری و رۆژانە لەگەڵ باوک، دایک و خوشکەکەیان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی قسە دەکەن لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی دێت، دەیانەوێت لەو ماوەیەدا جیهان هەموو ببینن، بە پایسکلێکی دوو کەسی وڵات وڵات و لە وڵاتانیش شار بە شار دەگەڕێن.

دوای ئەوەی ئەو دوو برایە ئەڵمانییە لە گەشتەکەیاندا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان سەردانی قەڵای هەولێریان کرد و بە چرکاندنی وێنەی سێڵفی و گرتنی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی و وەرگرتنی چەندین زانیاری لەبارەی هەولێر و قەڵای هەولێر بە تایبەتی، خستە دەفتەری یادگارییەکانیان.

دوای بینینی هەولێر و ئاشنابوون بە کەشوهەوای شارەکە و ناسینی خەڵکی سنوورەکە لە پلانی ئەو دوو گەشتیارەیە هەرێمی کوردستان جێبهێڵن و روو لە وڵاتی ئێران بکەن. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-01-02
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]