سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
عێڕاق

دۆناڵد ترەمپ بۆ هاووڵاتیانی عێراق "ئێستا کاتی ئێوەیە"

زێد نیوز:

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و سوتاندنی بەشێک لە باڵەخانەکەی، هۆشداری دەداتە ئێران و بەڵێنی سزاگەیاندنی ئەو وڵاتە دەدات.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "بۆ ملیۆنان هاووڵاتی عێراقی کە ئازادی دەوێت و نایەوێت چیتر لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن و بکەونە ژێر هەژموونیەوە، ئێستا کاتی ئێوەیە". 

هەر ئەمڕۆ (سێشەممە)، ترەمپ ئێرانی بە هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەی لەبەغدا تۆمەتبار کرد و بەڵێنیدا سزای ئێران بدات لەسەر ئەو کارەی. 
وتیشی "له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ سزای ده‌ده‌ین".

هاوکات هێزە ڕەشەکە کە هێزێکی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ پارێزگاریکردن لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گەیشتنە شوێنەکە و لەهەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانن. 

ناردنی ئەو هێزە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (سێشەممە) سەدان هاووڵاتی و لایەنگری حەشدی شەعبی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوە و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سوتاند. 
بەر لە ناردنی هێزەکەش سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی توندی بەرامبەر ئەو کەسانە کرد کە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. 

عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد "هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر یەکە سەربازییەکان لە ڕۆژی  29/12/2019 ئیدانەکراوە لەلایەن حکومەت لەسەرجەم ئاستەکان و چەندین ڕێوشوێنمان لەو بارەیەوە گرتووەتە بەر". 

لە راگەیەندراوەکەیدا عەبدولمەهدیدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بەریەککەوتن لەگەڵ باڵیۆزخانەکان و داواشی کرد ئەوانەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکان لە بەغدا بەپەلە شوێنەکە جێبهێڵن. 

جەختیشی کردەوە "هەر هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەکان و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی، بەتوندی ڕوبەڕووی دەبینەوە و بەتوندترین سزا ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن". 

بەر لە راگەیەندراوەکەی عادل عەبدولمەهدیش دەزگای دژە تیرۆری عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی سوتاندنی بەشێک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە کە راسپێردرابن بۆ پارێزگاریکردن لە باڵیۆزخانەکە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەرکەکانی دەزگاکەیان تەنها تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕانەسپێردراون کە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکەن. 

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (سێشەممە) بەسەدان هاووڵاتی و لایەنگری هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوە و ئیدانەی هێرش و بۆردومانی ئەمریکایان کرد بۆ سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە قائیم . 

لەخۆپیشاندان و گردبونەوەکەدا کە بەشێکی زۆر لە فەرماندە و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەشدارییان تێدا کرد، بەشێک لە دیواری باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغدا سوتاند. 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-31
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]