سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
جۆراوجۆر

ئایا کەرتکردنی حەب لەڕووی دەرمانسازییەوە گونجاوە؟

زێد نیوز:

زۆرجار لە کاتی خواردنی حەبدا لەلایەن کەسی نەخۆشەوە، حەبەکە کەرت دەکرێت یاخود هەندێک جار دەکرێت بە چوار پارچەوە، پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا ئەو کارە لەڕووی دەرمانسازییەوە گونجاوە؟


لەبارەی لەتکردنی حەب دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گشتییە بە وەڵامێکی گشتی، قورسە، چونکە شێوەی دەرمانسازیی حەبەکان جیاوازە، هەموو جۆرەکانی حەب رێگایەکی جیاوازیان بۆ بەکارهێنان هەیە.

کۆنتڕۆڵکردنی جۆری دەرمانی هەرێم روونیدەکاتەوە، بەگشتی کەرتکردنی حەب زانستیی نییە، چونکە مەرج نییە، دەرمانی ناو حەب یان ماددەی شیکەرەوەی حەب بە یەکسانی بەسەر هەموو شوێنێکی حەبدا دابەشبووبێت، کاتێکیش کەرتدەکرێت، رەنگە لایەکی حەبەکە، دەرمان و ماددەی شیکەرەوەی زیاتری تێدابێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت.

کۆنتڕۆڵکردنی جۆری دەرمانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، دەرمانسازان دەتوانن لەڕێی ڕونکردنەوەکانی کۆمپانیای دروستکەر، چۆنییەتی کەرتکردنی حەب بزانن، هاووڵاتیانیش لەڕێی راوێژی پزیشکی دەرمانساز لە چۆنییەتی کەرتکردنی حەبەکان بپرسن، چونکە دەرمان چەند گرنگ بێت، رێگا و چۆنییەتی وەرگرتنیشی بەشێوەیەکی راست و دروست گرنگترە.

جۆرەکانی حەب و ڕێگاکانی بەکارهێنانی

۱. حەبی کرۆشتن
دەبێت بە ددانەکان بکرۆژرێت و بجووێت، نابێت پێش کرۆشتن بە ئاو قوت بدرێت و کەرتکردنی ئەو جۆرە حەبە ئاساییە.

۲_حەبی پەرشبوو
ئەو جۆرە حەبە، دەبێت لە پەرداخێک یان نیو پەرداخ ئاودا بگیرێتەوە، خۆی توانای ئەوەی نییە هەڵبچێت و بتوێتەوە، دەبێت بە کەوچکێک تێک بدرێت و چاوەڕێ بکرێت تاوەکو دەتوێتەوە، یان دەتوانرێت لە ناو دەم بکرۆژرێت و بجووێت ئینجا ئاوی لەدوا بخورێتەوە، کەرتکردن و وردکردنی ئەو جۆرە حەبەش ئاساییە.

۳. حەبی لووزینە
ئەو جۆرە حەبە وەک نوقڵ دەمژرێت و دەکرۆژرێت تاوەکو دەتوێتەوە، نابێت پێش مژین قوت بدرێت، کەرتکردن و وردکردنی ئەو جۆرە حەبەش ئاساییە.

٤. حەبی فەوار
ئەو جۆرە حەبە، دەبێت لە پەرداخێک یان نیو پەرداخ ئاودا بگیرێتەوە، خۆی توانای ئەوەی هەیە هەڵبچێت و بتوێتەوە، بۆیە دەبێ چاوەڕێ بکرێت تاوەکو بەباشی دەتوێتەوە، ئینجا گیراوە توواوەکە بخورێتەوە، نابێت لە ناو دەم بکرۆژرێت و بجوێت، کەرتکردن و وردکردنی ئەو جۆرە حەبەش ئاساییە.

٥. حەبی ژێر زمان
ئەو جۆرە حەبە لەژێر زمان دادەنرێت تاوەکو دەتوێتەوە و دەرمانەکەی لەناو دەم بەرەڵا دەکات، نابێت بکرۆژرێت و بجووێت، دەتوانرێت کەرت بکرێت.

٦. حەبی ناواخن داپۆشراو
ئەو جۆرە حەبە بەگشتی بۆ رێگریکردن لە ئازاردانی گەدە یان پاراستنی دەرمان لە ترشەڵۆکیی گەدە بە بەرگێک ناواخنی دەرمانەکە داپۆشراوە، ئەو جۆرە حەبە نابێت بکرۆژرێت، ورد بکرێت، کەرت بکرێت یان بجووێت.

۷. حەبی بە چین داپۆشراو
ئەو جۆرە حەبە بەگشتی نابێت کەرت بکرێت، مەگەر کۆمپانیای دروستکەر ئاماژەی بەوەکردبێت کە دەتوانرێت کەرت بکرێت.

۸. حەبی بە شەکر رووپۆشکراو
ئەو جۆرە حەبە بەگشتی بۆ رێگریکردن لە تامی تاڵی دەرمان بە بەرگێکی شەکری، ناواخنی دەرمانەکە داپۆشراوە، ئەو جۆرە حەبە نابێت بکرۆژرێت، وردبکرێت، کەرت بکرێت یان بجووێت.

۹. حەبی هێواش بەڕەڵابوو
ئەو جۆرە حەبە نابێت کەرت بکرێت، چونکە ئامانج لە داڕشتنی حەبەکە درێژکردنەوەی مەودای بەرەڵابوونی دەرمانەکەیە لەناو ریخۆڵەکان، ئامانجە سەرەکییەکەش لە درێژکردنەوەی ماوەی بەرەڵابوونی دەرمانەکە لەناو حەبەکە، هێواشکردنی بڕی هەڵمژینی دەرمانەکەیە لەڕێی ریخۆڵەکان و زیادکردنی مەودای ئیشکردنی دەرمانەکەیە لەناو لەش.

۱۰. حەبی خێرا بەڕەبڵاوو
ئەو جۆرە حەبە دەتوانرێت کەرت بکرێت.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-21
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]