سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

حکومەتی هەرێم: هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا

زێد نیوز:

نوسینگەی رۆژنامەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دەرئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و رادەستکردنی نەوتی هەرێم و دۆخی کارەبا، کراوە.


لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دەرئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی 2020 لە لایەن شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا خرایەروو". 

بەگوێرەی راگەیەندراوکە "ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستاندکار، جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داکۆکیکردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەو ئاراستەیەش شاندەکەی راسپارد کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی تا پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنەی لە گەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێگەی هەماهەنگیکردن لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرچاو بگیرێت". 


لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە "کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەروەها ، گفتوگۆی دەربارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گرفت و ئاستەنگەکانی کرد. وەزیری کارەبا کەمال محەمەد ساڵح راپۆرتێکی بەرفراوانی بە داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکان و  سەرپێچییەکانی بواری کارەبا خستەڕوو". 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا دەکات بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت . رێوشوێنی تووندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی کارەبا دەکەن دەگرێتەبەر.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-04
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]