سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

زێدنیوز دۆسیەی دیارنەمانی دوو ملیار دینار لە فەرمانگەیەکی سلێمانی ئاشکرا دەکات

زێد نیوز:

لە فەرمانگەیەکی سلێمانی نزیکەی دوو ملیار دیناری پارەی بێوەژن و منداڵانی بێ باوک و قەرزی هاووڵاتیان دیارنامێنێت و لەسەر ئەو دۆسیەیە نزیکەی دوو ساڵە 11 کەس دەستگیرکراوون و تائێستا ئەو کەسە ئاشکرا نەکراوە کە دزییەکەی کردووە و پارەکەش نەگەڕێنراوەتەوە.


بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زێد نیوز، دوو ملیار دینارەکە پارەی ئەو ژنانەیە کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە و وەک نەفەقە لەو فەرمانگەیە بۆیان دانراوە و هەروەها پارەی منداڵانی بێ باوک و ئەو کەسانەیە قەرزیان لای خەڵک بووە و مانگانە پارەکەیان لەو فەرمانگەیە داناوە و خاوەن قەرزەکان بە ئومێد بوون لەو ڕێگەیەوە تەواوی قەرزەکەیان وەربگرنەوە. 

بەگوێرەی نووسراوێک کە دەست زێد نیوز کەوتووە، دوای بێئومێدبوون لە لێکۆڵینەوەکانی دادگا لەو دۆسیەیە کە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە، هاووڵاتییەک بەناوی بەهار عەبدوڵا، نوسراوێک بۆ نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان دەنێرێت و داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەن.

لەو بارەیەوە مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و شیرین کاوە گەرمیانی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دەکەن. 

مژدە مەحمود، بە زێد نیوزی ڕاگەیاند:"پارەکە نزیکەی دوو ملیار دینار دەبێت و لە فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دیار نەماوە و پارەی هەژار و بێوەژن و منداڵانی بێ باوکە و لەوێ دانراوە و بەهۆیەوە سەدان خێزان توشی کێشە بوون".

بەوتەی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە ١١ کەس لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەو فەرمانگەیە لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراون، بەڵام سەرجەمیان نکۆڵی لەوە دەکەن و تائێستا دیارنییە کێ پارەکەی بردووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، بڕە پارەی براوی هاووڵاتیان لەو فەرمانگەیە جیاوازە و لە ٥٠ هەزارەوە  دەستپێدەکات بۆ ١٠٠ ملیۆن دینار.

زێد نیوز  بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامەیەی دەستیکەوتووە بۆی دەرکەوتووە، ئەو کەسەی کە ناوی بەهار عەبدوڵڵایە و دۆسییەکەی گەیاندووەتە پەرلەمانی کوردستان، ١٨٥ ملیۆن دیناری لەو فەرمانگەیە بووە و داوای گەڕانەوەی پارەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستییەکی زۆری بە پارەکەیە.

مژدە مەحمود روونیکردەوە، پارەی فەرمانگەکە بە چەند جارێک دزراوە و زۆرتریش لەو قۆناغەدا بووە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەوامی فەرمانبەران لە دامودەزگاکان کەمبووە. 

مژدە مەحمود گومان و سەرسوڕمانی خۆی خستەڕوو لەوەی لەماوەی نزیکەی دوو ساڵی لێکۆڵینەوەدا نەتوانراوە سەرەداوێک لەو دۆسیەیە بدۆزرێتەوە. 

جەختیشی کردەوە "ئەوان لەئێستادا سەرقاڵی نوسینەوەی ڕاپۆرتی خۆیانن لەسەر دۆسیەکە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-01
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]