سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

سەرمایەدارانی قەتەڕ و ئیماڕات لە هەرێمی کوردستان و گەرمیان ڕاوە هەڵۆ دەکەن

زێد نیوز:

لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی یاسا ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زێد نیوز لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان جۆرە راوکردنێکی مەترسیدار بۆ ڕاوکردنی هەڵۆی گەرمیان بەڕێوە دەچێت.


زێد نیوز زانیووتی لە ناوچەی گەرمیان لەلایەن سەرمایەدارانی وڵاتانی قەتەر و ئیماراتەوە ڕاوکردنی هەڵۆی گەرمیان ئەنجام دەدرێت کە هەڵۆی گەرمیان بە باشترین جۆرەکانی هەڵۆ دادەنرێت و بە وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان، هەریەکێکیان نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار دۆلار دەکات، هەربۆیەوە لە وڵاتانی قەتەڕ و ئیماڕاتەوە دێن بۆ ڕاوکردنیان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی هاووڵاتییەکی عەرەب بڵاوکرایەوە کە گوایە خزمی میرێکی قەتەڕ بووە و بەمەبەستی ڕاوکردنی باڵندەی هەڵۆ هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ماوەیەک لە سنوری گەرمیان ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە قەتەڕ. 

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە ئەو کەسە  هەڵۆکانی لە ناو فڕۆکەکەدا لە شوێنی نەفەر داناوە، بەوتەی هاوگەشتێکیشی، لە هەرێم نیو کاتژمێر لە چوونی بۆ فڕۆکەخانە دواکەوتووە، بەڵام فڕۆکەکە چاوەڕێی کردووە. 

برایم زەریف،  سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە پارێزی گەرمیان ئەو حاڵەتەی پشتڕاستکردەوە و بە زێدنیوزی وت: ئەوە بووە بە دیاردە و دەوڵەمەندەکانی قەتەڕ و ئیماڕات خەڵک دەنێرنە هەرێمی کوردستان و لە سنوری گەرمیان ڕاوە هەڵۆ دەکەن.

وتیشی، ڕاوکەرانی ئێرە دەبنە چاوساغی ئەو کەسانە و بە هاوکاری ئەوان لێرە ئەو کارە دەکەن و ئەو سامانە سروشتییەی هەرێمی کوردستان تاڵان دەکەن و دەیبەن بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

بە وتەی سەرۆکی سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە پارێزی گەرمیان، هەڵۆی سنوری گەرمیان لە باشترین و دەگمەنترین جۆرەکانی هەڵۆن و هەریەکێکیان نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار دۆلار دەکات.

لەبارەی ئەو پرسە زێدنیوز پەیوەندیکرد بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بەهیچ شێوەیەک لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

لە بەرامبەردا جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان بە زێدنیوزی وت "بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان، ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سزا بۆ ئەو کارە دانراوە، بەڵام پەرلەمان دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەو بابەتە بێتەدەنگ".

ئەو پەرلەمانتارە بۆ زێدنیوز روونیکردەوە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەن و بەڵگەی پێویست کۆبکەنەوە سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکەن کە ئەو کارە دەکەن.


بوونی ئەم دیاردەیە لەناوچەکەدا لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2015ی تایبەت بە ڕاوکردن و پاراستنی ئاژەڵی کێوی و باڵندەکان لە گەرمیان بۆ راوکردنی  ھەڵۆ، باز، ئاسک، مەڕ ، بزن و بەرانی کێوی 10 ملیۆن دینار غەرامەی ڕاوچی دەکرێت و بۆ کەروێشک 200 ھەزار دینار، بۆ کەو و سوێسکەش 150 ھەزار دینار. 
 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-01
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]