سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

جۆکەر و خولەچەخماخە.. ئەو کاتەی کۆمەڵگە مرۆڤ دەکات بە دڕندە

زێد نیوز:

بەرهەمهێنان و نمایشکردنی فیلمێک بەناوی (جۆکەر) شانۆگەرییەکی بەبیر هاوڵاتیانی کورد هێنایەوە کە بەناوی خولە چەخماخە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەسەر شانۆ و دواتر لە تەلەفزیۆن نمایشکرا.

 
بەدەر لە جیاوازی تەکنیک و نواندن و کارە هونەرییەکانی ئەو دوو بەرهەمە کە جیاوازییەکانیان ئاسمان و رێسمانە بەڵام ئەم دوو بەرهەمە لە یەک خاڵدا هاوبەشن ئەویش هەڵوەستەکردنە لەسەر دڵڕەقی کۆمەڵگەیەک کە هانی تاکەکانی دەدات بۆ دڕندەبوون و ستەمکاری. 

خولە چەخماخە ستەمکارێکە لەژێر سایە و ناو و ناوبانگی ستەمکارێکی دیکەدا دەردەکەوێت کە هەڵگری هەمان ناوە یاخود نازناوی هاوشێوەیە. 

ستەمکردن لە سایەی کەسانی دیکەدا مێژوویەکی درێژی هەیە لەنێو کورددا، لەنێو خێڵ و حیزبەکاندا. هەندێک جاریش لە سایەی کەسانێکی ناودار –دەرەکی یان ناوەکی، باش یان خراپ- ئەو کارە دەکرێت و کراوە.

کۆمەڵگای کوردی تژییە لەو جۆرە کاراکتەرانە هەر لە مێژەوە تا هەنوکە. لە هەموو شوێنێک دەیانبینەوە. کاتێک خولە چەخماخە دەسەڵاتی هەیە هەمووان خۆیان لێ نزیک دەکەنەوە و مەرایی بۆ دەکەن کەچی هەر ئەوەندەی چەخماخەی ئەسڵی دەردەکەوێت، ئیدی گڵۆڵەی ئەو دەکەوێتە لێژی و هەموو بەر دەبنە وێزەی.

هێمن عەبدولقادر ، کۆمەڵناسی کورد لە میانەی بابەتێکدا سەبارەت بە لێکچوونی کەسایەتی جۆکەر و خولە چەخماخە نووسیویەتی : (خولە چەخماخە) لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوو ئەکاتە کۆمەڵگا و پێیان دەڵێ (ئەوەی پیاو نەکوژێت دیارە ئێوە بە پیاوی نازانن) جۆکەر زۆر بە جوانی ئەم دۆخە (سایکۆلۆژی)یە ڕووندەکاتەوە ئەگەر نەرم و نیان بیت و هیچ کێشەیەکت بۆ کەس نەبێت و ڕێزی خۆت و پیشەکەت و چوار دەورت بگریت ، زۆرینەی خەڵکی پێت ئەڵێن (مەگاگی ، ناسک ، گرینۆک ، عاگفی ، کڕوزانەوە ، دنیای پرتەقاڵی ، دنیای پەمەیی و هەزاران سوکایەتی تر ) وەلێ کە دەبیتە مرۆڤێکی توندو تیژ لە زمان و لە رەفتاردا ئینجا هەموو خەڵکی یان لێتدەترسن یان ڕێزت دەگرن، چونکە لەم ڕۆژگارەی کە جۆکەری تیا نمایش دەکرێ (فەزڵ و جەوهەر بۆتە نەقس)، هەر بۆیە (ئەم ئەهلە فەسڵت ئەکەن)". 


ئەو کۆمەڵناسە روونیدەکاتەوە "ئەو کەسانەی کەوەکو (جۆکەر) بەردەوام سوکایەتیان پێ دەکرێت لە لایەن خێزان و کۆمەڵگا و میدیا ، وای لەو ڕۆژەی ئیحرام دەشکێنن و شتگەلێک دەڵێن و دەکەن کە قەت بە خەیاڵی خەڵکیدا نەهاتووە ، ئای لەو رۆژەی قوربانی دەبێت بە جۆکەر". 

جۆکەر مرۆڤێکی کاسبی بێ کێشە بوو ، بەڵام خەڵکانێک تەنها بۆ ئەوەی کەمێک پێبکەنن، پڕی ئەکەن لە سوکایەتی و ئەیکەن بەدڕندە) تەنها لە پێناوی بڕێکی کەم لە دڵخۆشی خۆماندا ئامادەین سوکایەتی بەوانی تر بکەین. 

 جۆکەر کەسایەتییەکی خەیاڵییە و نوێترین بەشی ئەم فیلمە ئەمساڵ لە ٤ی تشرینی یەکەم لە سینەماکانی جیهان نمایشکرا تێیدا ئەکتەری بەناوبانگ واکین فینیکس ڕۆڵی جۆکەر بەرجەستە دەکات، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا دروست کرد و چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاند و هەوادارانی فیلم بە یەکێک لە شاکارە مێژوویەکانی سینەما ناوی دەبەن، کە لە شەش هەفتەی یەکەمی نمایشیدا داهاتەکەی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-12-01
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]