سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

شەڕی هەموارکردنەوەی دەستور لە غیابی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی

زێد نیوز:

خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری عێراق تادێت گەرمتر دەبێت و چەند رۆژێکیشە پرسی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق بۆتە بابەتی رۆژ و ئەو باسەش رۆڵی سێ سەرکردەی کوردی لە نووسینەوەی دەستوری عێراق هێناوەتەوە بەر باس کە دووانیان کۆچی دواییان کردووە و لە ئێستادا یەکێکیان لەژیاندا ماوە هێشتا دیار نییە کە دەتوانێ بە تەنها شەڕی هەموارکردنەوەی دەستور بکات یان نا.



ساڵی 2005 دەستوری عێراق بە بەشداری نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و بە چاودێری ئەمریکا نووسرایەوە،  لەنووسینەوەی دەستوری عێراقدا کورد توانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و هەریەک لە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا، رۆڵی دیاریان هەبوو لە چەسپاندنی چەند بڕگەیەک لە دەستورەکە لە بەرژەوەندی کورد. 

ساڵی 2004‌ لە بەغدا، لیژنەی نووسینەوەی دەستوری عێراق دەستی بەکارەکانی کرد و هەر لەو کاتەشدا و لە ئەنجوومەنی حوکم مام جەلال نەخشەی کوردستانی خستە سەر مێز و وێنەیەکی بەجێهێشت کە لە یادەوەری زۆرێکماندا بەزیندوویی ماوەتەوە. 
لەدوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر نووسینەوەی دەستوری عێراقدا، لەئێستادا پرسی هەموارکردنەوەی دەستور بۆتە باسێکی گەرم و لەم رۆژانەدا کۆبوونەوە و دیدارە سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستان گەرمییەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. 



عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لەو بڕوایەدایە ئەگەر ئێستا مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بوونیان هەبووایە لەپاڵ مەسعود بارزانیدا کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبوو لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی دەستور و ڕۆڵی کاریگەرییان دەبوو لە یەکهەڵوێستی لایەنەکاندا. 

ئەو بە زێد نیوزی وت "لەو بڕوایەدام ئەزمونی ڕابردووی مەسعود بارزانی ئەوەی سەلماندووە کە دەتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کورد بکات لە پرسە نەتەوەییەکاندا."

بەوتەی عەتا شێخ حەسەن "لایەنە کوردییەکان ئەگەر لە ناوخۆشدا هەندێک ناکۆکییان هەبێت، ئەوا لە پرسە نەتەوەییەکاندا ناکۆکیان وەلا دەنێن و یەکدەنگ دەبن".

جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی نەبوونی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بە کاریگەر دەبینێت لەسەر دەنگی کورد بەڵام روونیدەکاتەوە ئەو دەستکەوتانەی لە ڕابردوودا سێ سەرکردەکەی کورد چەسپاندوویانە بە ئاسانی لەناو ناچن و نوێنەرانی کورد دەتوانن بیپارێزن.

زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بە زێد نیوزی وت "نەبوونی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا قەرەبوو ناکرێنەوە، چونکە ئەوان نوێنەری حزبێک نەبوون، بەتایبەتی مام جەلال، مامی هەمووان بوو". 

جەختیش دەکاتەوە "دەستور پێویستی بە دەنگی گەلی کوردە و هەرشتێک لە دژی بێت دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-11-23
زیاتر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]