سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

شاسوار عەبدولواحید: خەڵک هێندەی نەماوە بتەقێتەوە و شۆڕش بکات

زێد نیوز:

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، رایگەیاند "لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا، خەڵک هێندەی نەماوە بتەقێتەوە و شۆڕش بکات".

 
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوە کرد "هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان پێیانوایە بۆ هەتا هەتایە حوکم دەکەن، تا ئەو بەرەبەیانییەی لە خەو هەڵدەستن و دەبینن خەڵک راپەڕیوە، یان شۆرش دەستیپێکردوە، ئەوسا دەزانن کۆتاییان هاتووە".

روونیشیدەکاتەوە، لە لوبنان لەسەر دانانی (0.0006) سەنت باج لەسەر نامەی وەتسەپ شۆڕش دەستیپێکرد، کە ئەو باجە بڕێکی زۆر زۆر کەمە، هەروەها لە ئێران لەسەر گرانبوونی سوتەمەنیی دەستیپێکرد، پێشتریش لە تونس، بە هۆی خاوەن عەرەبانەیەکەوە دەستیپێکرد، کە خۆی سوتاند و شۆڕشێک و ئاگرێکی کردەوە، چەندین وڵاتی دیکەشی گرتەوە.

شاسوار عەبدولواحید، لەو بڕوایەدایە لە هەرێمی کوردستانیشدا، پاشەکەوتی موچە بەردەوامە، نەبوونی خزمەتگوزاریی بەردەوامە، بێباکیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە خەڵک و هاوڵاتییان بەردەوامە و هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ (واتە ساڵی 2019) بەردەوام پارەی بەغدا هاتووە و نەوتی هەرێمیش فرۆشراوە و داهاتی ناوخۆ هەبووە و بووە بە سێ  هێندە. 


ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو داهاتانە، داهاتی یەک مانگی هەرێم سەروو ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا تەنها 700 ملیۆن دۆلاری دراوە بە موچە، واتە هەموو مانگێک داهاتی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی موچەیە، کەچی وا سێ مانگی موچەی خەڵک پاشەکەوت دەکرێت.

شاسوار  عەبدولواحید پرسیویەتی، تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟ تا کەی ئەمە قبوڵ دەکرێت؟.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختدەکاتەوە: "دڵنیا بن زۆری نەماوە بۆ تەقینەوە و خەڵک بێدەنگ نابێت، تەنها ئیرادەی دەستەجەمعیی دەوێت و پێویستە ئامادە بین بۆ پشتیوانیی یەکتر، هەموومان ئەوە دەیبینین کە چۆن داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-11-18
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]