سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

ئەنجامدانی ئاهەنگی هالۆوین لە دایەنگەکانی سلێمانی قەدەغەکرا

زێد نیوز:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەی دایەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کردووە ئەنجامدانی ئاهەنگی هالۆوین لە دایەنگەکان قەدەغە دەکات.


بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە "به‌ پێی‌ گشتاندنی ژماره‌ (4982)ی‌ به‌رواری‌ (27ی‌ 10ی‌ 2019)، به‌شی‌ دایه‌نگه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌و بۆنه‌و یادانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ دایه‌نگه‌كان ده‌توانن تیایاندا چالاكی‌ ئه‌نجام بده‌ن، هەر بە پێی ئەو گشتاندنە بەهیچ جۆرێک بۆنەیەک بەناوی هاڵۆوین ڕێگە پێدراو نیە دایەنگەکان چالاکی تێدا ئەنجام بدەن".

له‌ خاڵی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و گشتاندنه‌دا هاتووه‌:" به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هێنانی‌ شیرینی‌‌و دیاری‌‌و خواردن بۆ دایه‌نگه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ڕۆژی‌ له‌دایكبوونی‌ منداڵان له‌لایه‌ن دایكان‌و باوكانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌و ڕێگه‌ پێ نه‌دراوه‌و پێویسته‌ دایه‌نگه‌ خۆی‌ میكانیزمێك بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ده‌ربڕی‌ ئه‌و بۆنه‌یه‌ بێت بۆ هه‌ر منداڵێك، وه‌ك: هه‌ڵواسینی‌ ناوی‌ منداڵ له‌ ژووره‌كه‌یدا یان پیرۆزبایی‌ لێكردنی‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن منداڵانی‌ هاوڕێیه‌وه‌ یان پێدانی‌ دیارییه‌كی‌ نیشانه‌یی‌ (سیمبولی‌) یان هه‌ر شتێك دایه‌نگه‌ به‌ گونجاوی‌ ده‌زانێت".

له‌ خاڵی‌ دووه‌میشدا، گشتاندنه‌كه‌ به‌ هاوپێچێك ئه‌و بۆنه‌و یاده‌ ئاینی‌‌و نیشتیمانیه‌ كوردی‌‌و جیهانییانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ دایه‌نگه‌كان ده‌توانن‌و ڕێگه‌ پێدراون تیایاندا ئاهه‌نگ بگێڕن‌و چالاكی‌ ئه‌نجام بده‌ن، به‌ پێی‌ چه‌ند مه‌رجێك".

هه‌ر له‌ گشتاندنه‌كه‌دا، ئه‌و مه‌رجانه‌ هاتوون كه‌تیایدا دایه‌نگه‌ پێویسته‌ ڕه‌چاویان بكات له‌ كاتی‌ ئه‌و بۆنه‌و یادانه‌دا، ئه‌وانیش بریتین له‌: " پێویسته‌ چالاكییه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی‌ بگونجێن له‌گه‌ڵ توانای‌ ژیریی‌‌و جه‌سته‌یی‌‌و لایه‌نی‌ ده‌روونی‌ منداڵدا، پێویسته‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك له‌ كارو چالاكییه‌كاندا نه‌بێت كه‌ ترس‌و بیم بگه‌یه‌نێت، له‌ كاتی‌ بوونی‌ پشوودا دایه‌نگه‌ ده‌توانێت ڕۆژێك پێشتر یان ڕۆژێك دواتر چالاكییه‌كه‌ ئه‌نجام بدات".

به‌ پێی‌ ئه‌و هاوپێچه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گشتاندنه‌كه‌دا هه‌یه‌، بۆنه‌و یاده‌ ڕێگه‌ پێدراوه‌كان بریتین له‌ :(سەری‌ ساڵی‌ نوێ/ ١ی‌ ١، ڕۆژی‌ جیهانی‌ خێزان/ ١٥ی‌ ٥، ڕۆژی‌ جلی‌ کوردی‌/١٠ی‌ ٣، جەژنی‌ نەورۆز/٢١ی‌ ٣، ڕۆژی‌ جیهانی‌ ئاو/ ٢٢ی‌ ٣, ڕۆژی‌ جیهانی‌ تەندروستی‌/ ٧ی‌ ٤، ڕۆژی‌ جیهانی‌ وەرزش لە پێناو گەشەپێدان و ئاشتیدا/ ٦ی‌ ٤، ڕۆژی‌ جیهانی‌ ژینگە/ ٥ی‌ ٦، ڕۆژی‌ جیهانی‌ هاوڕێیەتی‌/٣٠ی‌ ٧، ڕۆژی‌ جیهانی‌ بەساڵاچووان/ ١ی‌ ١٠، ڕۆژی‌ جیهانی‌ لێبوردەیی‌/١٦ی‌ ١١، ڕۆژی‌ جیهانی‌ هات و چۆ/١٧ی‌ ١١، ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان/ ٢٠ی‌ ١١، ڕۆژی‌ جیهانی‌ کەمئەندامان/ ٣ی‌ ١٢، رۆژی‌ ئاڵای‌ کوردستان/١٧ی‌ ١٢، ڕۆژی‌ جیهانی‌ هاوکاری‌ مرۆیی‌/٢٠ی‌ ١٢، جەژنی‌ ڕەمەزان، جەژنی‌ قوربان، رۆژی‌ لە دایکبوونی‌ پێغەمبەر(درودی‌ خوای‌ لەسەر)".

لەبارەی‌ هۆکارەکانی‌ ئەم بڕیارەوە کە بە گشتاندن ئاراستەی‌ دایەنگە حکومی‌ وناحکومییەکان کراوە، عومەر گوڵپی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمان رایگەیاندووە :" دایەنگەکان بە هۆکاری‌ جیاجیا، هێندێک بۆنەو چالاکییان ئەنجام دەدا کە لەگەڵ توانا جیاجیاکانی‌ منداڵدا نەدەگونجا، یاخود لەگەڵ داب و نەریتی‌ کۆمەڵگەی‌ ئێمە نەدەگونجا، هەربۆیە بە باشمان زانی‌ لە رێگەی‌ لیژنەیەکی‌ شارەزاو بە ئامادەبوونی‌ نوێنەری‌ دایەنگەکان ئەو بۆنەو یادانە دەستنیشان بکەین کە ڕێگە پێدراون بۆ ئەنجامدانی‌ چالاکی‌ و فیستیڤاڵ"، سەبارەت بە شێوازی‌ بەڕێوەچوونی‌ ئەو بۆنەو یادو چالاکییانە، بەرێوەبەری‌ گشتی‌ وتی‌:" ئەوە تەنها رێگە پێدان‌و دەستنیشانکردنی‌ میکانیزمەو دایەنگەکان ناچار ناکرێن کە لەو بۆنەو یادەدان چالاکیان هەبێت، بەڵکو ئەوە وەستاوەتە سەر توانای‌ دایەنگە، بەڵام لە غەیری‌ ئەو بۆنانە رێگە بە هیچ بۆنەیەکی‌ تر نادرێت‌و بۆ ئەو مەبەستە چاودێری‌ تەواو دەکرێن تا ئەو کاتەی‌ کە پێویست بکات هەموارێک لەم بڕیارەماندا بکەین". 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-30
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]