سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

شاسوار عەبدولواحید: دوای هەموو تاریکییەک، رووناکی و بەرەبەیان دێت

زێد نیوز:

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتە نوێیەکانی ئەو ناوچەیە رایگەیاند "دۆخی کورد بە گشتی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە، کورد و جەنگاوەرە ئازاکانی و هاوڵاتییان، پێویستییان بە ورە بەرزکردنەوە و ئیرادە پێبەخشینە".


شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو بڕوایەدایە"سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی رووبەروومان بۆتەوە، سەرەڕای غیابی سەرکردایەتییەکی کوردیی حەکیم، نەبوونی کاری پێکەوەیی، بوونی پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەکی سەرتاپاگیر، بێهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بێدەنگبوونیان، سەرەڕای ئاوارەیی، مەرگ و ماڵوێرانیی کە جارێکیتر یەخەی پێگرتووینەتەوە، بەڵام پێموایە دۆخی کورد بە گشتیی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە، کورد و جەنگاوەرە ئازاکانی و هاوڵاتییان، پێویستییان بە ورە بەرزکردنەوە و ئیرادە پێبەخشیینە. ئەوە دوژمن و نەیارەکانن دەیانەوێ ورە و ئیرادەمان بڕوخێ و تەسلیم ببین".
 
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوە کرد "من پێموایە بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، وەک چۆن دوای ساڵی 1991 و راپەڕین و کۆڕەوی هاوڵاتییان، بۆ یەکەمجار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پشتگیریی لە کورد کرا". 

دەقی نووسینکەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 


"شەو" لەوپەڕی تاریکییدایە لە پێش "بەرەبەیان" - پەندێکی ئینگلیزیی

دەمەوێت لەم پەندەوە باس لە ئێستای دۆخی کورد بکەم، ئایا دۆخی کورد هێندە خراپە؟! داهاتوومان بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەرباری هاوسۆزیمان بۆ برا و کەسوکارمان لە رۆژئاوا و سەرباری ئەوەی کە لە روی حیزبی و میدیایی و عیلاقاتمانەوە توانیبێتمان و بتوانین،ئەوا درێخی ناکەین و بەردەوام دەبین لە پشتیوانی بەشێکی میلەتەکەمان لە رۆژئاوا،بەڵام مەبەست لەم پەندە ئەوەیە دوای ئەوپەڕی تاریکیی شەو، رووناکیی و بەرەبەیان دێت، بۆیە بە پێچەوانەی زۆرێکەوە، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی رووبەروومان بۆتەوە، سەرەڕای غیابی سەرکردایەتییەکی کوردیی حەکیم، نەبوونی کاری پێکەوەیی، بوونی پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەکی سەرتاپاگیر، بێهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بێدەنگبوونیان، سەرەڕای ئاوارەیی، مەرگ و ماڵوێرانیی کە جارێکیتر یەخەی پێگرتووینەتەوە، بەڵام پێموایە دۆخی کورد بە گشتیی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە، کورد و جەنگاوەرە ئازاکانی و هاوڵاتییان، پێویستییان بە ورە بەرزکردنەوە و ئیرادە پێبەخشیینە. ئەوە دوژمن و نەیارەکانن دەیانەوێ ورە و ئیرادەمان بڕوخێ و تەسلیم ببین.

من پێموایە بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، وەک چۆن دوای ساڵی ١٩٩١ و راپەڕیین و کۆڕەوی هاوڵاتییان، بۆ یەکەمجار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، پشتگیریی لە کورد کرا.

بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن تەنها شاخەکان دۆستی کوردن، من پێموایە کورد ئیستا دۆستی زۆرە.

لە ئەمریکا کورد دۆستی زۆرە و شەقام و سیاسییەکانی ئەمریکای کردوە بە دوو کەرتەوە . کەرتێکی گەورەی لەگەڵ کوردەکاندان و کەرتێکی زۆر بچوکیش لەگەڵ ترەمپ'دان (لە دوایین دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمریکادا ٣٥٤ ئەندامی کۆنگرێس دەنگیان دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر کورد دا و تەنها ٦٠ کۆنگرێسمان دژی بریارەکە بوون، بە نزیکیی هەموو دیموکراتەکان و دوو لەسەر سێی هەموو کۆمارییەکان لە بەرژەوەندیی کورد دەنگیان دا).

جگە لەوە، ئێستا کورد لە هەمو ئەوروپا و وڵاتانی زلهێز دۆستی هەیە، لە هۆڵی هەموو پەرلەمانەکانی ئەوروپا و دونیادا چەندیین دۆستی کورد هەن.

لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامییدا بەرگریی لە کورد دەکرێت و دژی لەشکرکێشییەکە قسە دەکەن.

تەنانەت لە ناو خودی تورکیادا دەنگی غەیرە کورد هەیە دیفاع لە کورد دەکات.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە ١٨٠ هەزار مرۆڤی کورد ئەنفال بکرێن، کیمیایی بکرێت بە سەر هەڵەبجەدا و کەس لەسەرمان هەڵنەدات.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە کورد دڵی بە وتارێکی رۆژنامەیەکی بیانی خۆش بێت و کەس نەبێت ناوی بهێنێت.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە کورد توشی کیمیابارانی هەڵەبجە بێتەوە و هیچ میدیایەک باسی نەکات، چونکە ئێستا سەردەمی میدیا و سۆشیال میدیا و گڵۆباڵیزمە.

ئێستا هیچمان نەکردبێت، لانیکەم دونیا و ئەمریکا و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتییمان کردوە بە دوو کەرتەوە و هەمویان لە نێوان کورد و تورکیادا قەلەقن.

لە نێوان کوردێک کە جاران دەیانگوت تەنها شاخەکان دۆستیەتی و لە نێوان تورکیایەک کە ساڵانێکی زۆر لە جەنگی سارد دۆستی رۆژئاوا و ئەمریکا بوو، چوارەم هێزی ناو ناتۆیە، پاشماوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییە، دەروازەی رۆژهەڵاتی ئەوروپایە. کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی قەلەقن لە نیوان ئەم تورکیایە و ئەو کوردە بێ پشتوپەنایەدا.

ئەمە خۆی لە خۆیدا بەرەوپێشچوونی دۆخی کوردە و چاوەڕوان دەکەم لە داهاتوودا کورد و قەزیە سیاسییەکەی هەنگاوێکی تری گەورە بچێتە پێش.

بەعس ٣٠ ساڵ هەوڵیدا کورد بسرێتەوە، بەڵام نەیتوانی و شکستی هێنا، جاران کوردەکانی سوریا ئاواتیان ئەوە بوو تەنها پێناسی باری شارستانییان هەبێت و وەک هاوڵاتیی سوریی مافیان هەبێت، کەچی ئێستا دونیا باسیان دەکات و هاوسۆزن لەگەڵماندا، بۆیە بێهیوا مەبن، دوای هەموو تاریکییەک، رووناکیی و بەرەبەیان دێت.

خوای گەورەش دەفەرموێت: {فَإِنَّ مَعَ الْعُسْڕ یُسْرًا}.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-21
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]