سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

پارتی دەگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکوک و بارەگانی وەردەگرێتەوە

زێد نیوز:

حکومەتی عێراق سەرقاڵی چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی یە لە کەرکوک، بڕیارە دوای دوو ساڵ، ئەو حیزبە بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە، بۆ دەربڕینی نارەزایەتیش دژی چۆڵکردنی بارەگاکان بۆ پارتی، ژمارەیەک خۆپیشاندەری عەرەب نارەزایەتیان دەربڕی.


لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیانی پارتی، دەڵێت"گفتووگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا ئەنجامیان هەبووە، لیژنەی ئاساییکردنەوەی کەرکوک کە کورد و عەرەب و تورکمانی تیابووە، پرۆژەیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ئامادە کردووە."

بەرپرسەکەی پارتی، ئاماژەی بەوەکرد حیزبەکەی ئامادەبووە بە رێگەی گفتووگۆ و دیالۆگ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان رێکبکەوێت و ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە، وتی"گەر بەربەست لەبەردەم دیالۆگ دروست بوو، ئەوکات کەرکوکیەکان و پارتیش رێگەی تریان لەبەردەم هەیە."

دکتۆر کەمال کەرکوکی، دەشڵێت"شکور بۆ خودا، گفتووگۆکان بەرەو باشی دەڕۆن، پارتی دەگەرێتەوە بۆ ماڵی خۆی ، بارەگاکان بارەگای پارتین و شارەکەش شاری پارتی خۆیەتی و دەگەرێتەوە بۆی."

دژی چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، ژمارەیەک لە عەرەبەکانی دانیشتووی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و نارەزایەتیان دەربڕی.

کەمال کەرکوکی، ئامادەنەبوو وادەی گەڕانەوەی حیزبەکەی بۆ کەرکوک ئاشکرا بکات، وتی"ئێستا دەستکراوە بە چۆڵکردنی بارەگاکانمان، بێ هۆش نیە، هەندێک لایەن ئاگریان تێبەربووە، ئەوانەی دژی گەڕانەوەی پارتی خەڵک هان دەدەن، ئەوانەن کە بەنایاسایی سەپێنراون و سود لە وەزعی ناسروشتی کەرکوک وەردەگرن."

وتیشی"ئەوان دەزانن گەر پارتی بگەرێتەوە، زەوی فرۆشتن و گەندەڵیان لێ قەبوڵ ناکات، بۆیە گڕیان تێبەربووە، پێشیان دەڵێم:ئەنجومەنی پارێزگا دەگەرێتەوە و حوکمی داهاتووی کەرکوک لەبەرژەوەندی گشت پێکهاتەکان دەبێت."

سەبارەت بە چۆنیەتی ڕازی بوونی پارتی بە گەڕانەوە بۆ کەرکوک، لەکاتێکدا نە پێشمەرگە گەڕاوەتەوە و نە دۆخی شارەکەش ئاسایی کراوەتەوە ، کەمال کەرکوکی وتی"زۆر شت کراوە، پارتی ئیش لەسەر دۆسیەی ئەمنی و کارگێری دەکات، کەرکوک پڕە لە بارەگای لایەنی تر و شۆڤێنیەکان قسە ناکەن، بەڵام بە گەڕانەوەی پارتی زنۆقیان چووە، دەزانن موساوەمەیان لەگەڵ ناکەین."

راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە ناراستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە بە هاندانی خەڵک لەدژی گەڕانەوەیان تۆمەتبار دەکرێت، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە جبوریەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-16
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]