سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

چاوان چەند کاتژمێرێک بەر لە گیانلەدەستدانی باسی مردنی کردووە

زێد نیوز:

زێدنیوز، ناس کورد- شەهرام عەزیز


چاوان بەهادین، لە ڕۆژێکی ئاساییدا لە پەیمانگای تەکنیکی دوکان ڕۆژەکەی بەسەر برد، دواتر بە ئومێدی سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ هاوڕێکانی بەرەو  ماڵەوە بەڕێکەوتن، بەڵام هاوڕێکانی بەبێ چاوان چونەوە ماڵی خۆیان، چاوانیش بۆ گۆڕستان بەڕێ کرا.


دوو ڕۆژ بەر لەئێستا لە ڕێگای دوکان–سلێمانی، پاسێکی خوێندکاران وەرگەڕا و تیایدا جگە لە برینداربوونی چەند خوێندکارێک، چاوان کە خوێندکاری بەشی کارگێڕی بانک بو لە پەیمانگای تەکنیکی دوکان گیانیلەدەستدا، بەوتەی یەکێک لە کچە هاوڕێکانیشی، چاوان چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕوداوەکە باسی گیانلەدەستدانی کردووە بە ڕوداوی هاتوچۆ.


ژاڵە عەبدوڵا، کە شایەتحاڵێكی ڕوداوەکە و هاوڕێی نزیکی چاوانە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “من لە پاسێکی دیکەدا بوم، وەستاین لە بەنزینخانەیەک، بەڕێکەوتینەوە و لە پڕ تەپوتۆزێکی زۆرمان بینی لە پێشەوە، کاتێک نزیکبووینەوە زانیمان یەکێکە لە پاسەکانی هاوڕێکانمان وەرگەڕاوە، سەرجەمیان هاوڕێمان بوون دیمەنێکی زۆر ترسناک بو”.

چاوان چەند کاتژمێرێک بەر لە گیانلەدەستدانی باسی مردنی کردووە

مردنی چاوان بۆشاییەکی زۆریان لا دروستدەکات وەک هاوڕێکانی باسیان لێوەکردووە، لەوبارەیەوە ژاڵە عەبدوڵا وتی: “چاوان یەکێک بو لەو کچانەی زۆر کراوە و کۆمەڵایەتی بو، زۆرینەی کات دەم بەخەندە بو، لەگەڵ زۆرینەمان هاوڕێ بو، لەوماوەی پێکەوە بووین نەمبیستوە کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا هەبوبێت”.


بەوتەی ئەو هاوڕێیەی، پێش گەڕانەوەیان بەرەو سلێمانی و ئەو ڕوداوە، کاتێک چاوان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا نانیان خواردووە، باسی مردن و بەهەشتی کردووە و وتویەتی: “ئەوەی بە ڕوداوی هاتوچۆ بمرێت ئەچێتە بەهەشتەوە”، چونکە دەڵێن چاوان زۆر لە ڕوداوی هاتوچۆ ترساوە.



هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “شۆفێرەکە لە بنکەی پۆلیسی سورداش دەستبەسەرە و ڕاگیراوە، چونکە لە ڕوداوەکەدا گیان لەدەستدان و چەندین بریندار هەن، ئەگەر کەسوکاری ئەو کچەش لێی خۆش بن پێناچێت هەر ئازاد بکرێت بە زویی”.



لەبارەی هەڵوێستی کەسوکاری چاوان، ناس کورد پەیوەندی کرد بە کەسوکارییەوە، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون لە ئێستادا هیچ شتێک لەوبارەیەوە بڵێن.





هاوڕێکەی چاوان، کە بینینی دیمەنی ڕوداوەکە توشی ترسێکی زۆری کردبو و لە وتەکانیشی بۆ ناس کورد نەیشاردەوە کە زۆر ترساون و تاساون، هیوای خواست شۆفێران بە وریاییەوە شۆفێری بکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕوداوە نەخوازراوانە بەرەو کەمبوونەوە بچن.



چاوان بەهادین کچە گەورەی خێزانەکەیان بوە، لەدایکبووی ساڵی 1999 بوە واتە تەمەنی 20 ساڵی تێنەپەڕاندووە و ساڵی دووەمی خوێندنی بوە لەو پەیمانگایە.



تەنها لەماوەی چوار ڕۆژدا لەڕێگای دوکان سلێمانی، لە چەند ڕوداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 25 کەسی دیکەش برینداربوون.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-08
زیاتر...
123
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]