سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
جیهان

دۆناڵد ترەمپ: دەستبەرداری کورد نابین ئەوان جەنگاوەری ئازان

زێد نیوز:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند "دەستبەرداری کورد نابین و ئەوان جەنگاوەری ئازان".


لە میانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لە هەژماری خۆی لە تویتەر، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە لەئێستادا لەپڕۆسەی کشانەوەدابین لەسوریا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری کورد نابین کە خەڵکانێکی زۆر تایبەت‌و جەنگاوەری نایابن. 

ترەمپ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەشی لەگەڵ تورکیا روونیکردەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا کە ئەندامێکی ناتۆو هاوبەشێکی بازرگانیمانە زۆر باشە، هەر شەڕێکی ناپێویستیش لەلایەن تورکیاوه ئابوریی و دراوەکەی وێران دەکات. 

لێدوانەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شەوی 6ی تشرینی یەکەمی 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا گفتوگۆیان کرد، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو "بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات". 


کۆشکی سپی لە راگەیەندراوەکەدا روونیکردەوە"هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن".


بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "ئەمریکا خەلافەتی داعشی لە ناوچەکەدا تێکشکاند، بەڵام چیدیکە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت و هەروەها تورکیاش بەرپرس دەبێت لەو چەکدارە داعشانەی لە ماوەی دو ساڵی رابردو لە ناوچەکە دەستگیرکراون".


هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترەمپ و ئەردۆگان رایگەیاندوە،  ئەردۆگان جەختی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام كردوەتەوە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی "مەترسی تیرۆر" لەسەر وڵاتەكەی.

هاوكات هەردو سەرۆک گفتوگۆ لەسەر رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سوری بۆ زێدی خۆیان كردوە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لەسەر بانگهێشتی ترەمپ، بڕیارە مانگی داهاتو ئەردۆگان بچێتە واشنتن و كۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن. 
 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-08
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]