سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

ترەمپ پشتی لە کورد کرد و سوریای پێشکەشی تورکیا کرد

زێد نیوز:

لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و هێزە کوردییەکان ئەم رووداوە وەک وەشاندنی خەنجەر لە پشتەوە لە کورد لەلایەن ئەمریکاوە، ناودەبەن.



دوای ئەوەی شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا گفتوگۆیان کرد، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو "بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات". 


کۆشکی سپی لە راگەیەندراوەکەدا روونیکردەوە"هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن".


بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "ئەمریکا خەلافەتی داعشی لە ناوچەکەدا تێکشکاند، بەڵام چیدیکە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت و هەروەها تورکیاش بەرپرس دەبێت لەو چەکدارە داعشانەی لە ماوەی دو ساڵی رابردو لە ناوچەکە دەستگیرکراون".


هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترەمپ و ئەردۆگان رایگەیاندوە،  ئەردۆگان جەختی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام كردوەتەوە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی "مەترسی تیرۆر" لەسەر وڵاتەكەی.

هاوكات هەردو سەرۆک گفتوگۆ لەسەر رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سوری بۆ زێدی خۆیان كردوە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لەسەر بانگهێشتی ترەمپ، بڕیارە مانگی داهاتو ئەردۆگان بچێتە واشنتن و كۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن.

بڕیارەکەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە و وەک وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی لە بڕیارەکە گیرا، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تویتەوە چەند روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. 



سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئێمە لەو شەڕە بێمانا و بێ کۆتاییە دێینە دەرەوە. کوردیش بەبێ بەرامبەر شەڕی نەکردووە، دنیایەک پارە و چەکمان پێداوون".
 
ئاماژەی بەوەش کرد"ئێمە ئیدی لەو شەڕەوە دوورین و زیندانییەکانی داعشیش چی لێدەکەن با لێی بکەن، وڵاتانی دراوسێی ناوچەکەش خۆیان شەڕی داعش بکەن نەک ئێمە".
 
دەقی تویتەکانی ترەمپ لەبارەی رۆژئاوای کوردستان:
 
ئەمریکا دەبوایە بۆ ماوەی 30 رۆژ لە سوریا بمابایەتەوە، ئەمەش چەندین ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام ئێمە ماینەوە و چووینە نێو شەڕێکی قوڵ بەبێ هەبوونی هیچ ئامانجێک لەو شەڕەدا. کاتێک من گەیشتمە واشنتن، داعش بەڵای ناوچەکە بوو، بەڵام ئێمە بە خێرایی %100 داعشمان تێکشکاند.
 
بەهەزاران چەکداری داعشمان دەستگیرکرد، کە زۆربەیان خەڵکی ئەوروپان، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت ئەوان ببەنەوە، ئەوان دەڵێن، ئەمریکا تۆ لای خۆت بیانهێڵەوە. منیش وتومە نەخێر، ئێمە چاکەیەکی گەورەمان لەگەڵ ئێوەدا کرد و ئێستاش دەتانەوێت ئەوان لە زیندانەکانی ئەمریکا بهێڵینەوە، ئەمەش بەخەرجییەکی یەکجار زۆر. ئەوان دەبێت لەلایەن ئێوە دادگایی بکرێن.
 
بەڵام ئەوان جارێکی دیکە وتیان نەخێر، بیربکەنەوە، وەک هەمیشە، ئەمریکا دەدۆشرێت، لە ناتۆ و لە بازرگانی و لە هەموو شتێکدا. کورد شەڕی لەگەڵ ئێمە کرد، بەڵام ئێمە پارەیەکی زۆرماندا و پێویستییەکانمان دابینکردن. ئەوان بۆ چەندین دەیە شەڕی تورکیا دەکەن. من ئەم شەڕەم بۆ ماوەی سێ ساڵ راگرت.
 
ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە لەم کۆمەڵە شەڕە گاڵتەجاڕ و بێکۆتاییانە بێینە دەرەوە، کە زۆربەیان خێڵەکین، ئێمە سەربازەکانمان دەگەڕێنینەوە وڵاتەکەمان. ئێمە ئەو کاتە شەڕ دەکەین کە لە قازانجی خۆمان بوو، هەروەها تەنیا بۆ بردنەوە شەڕ دەکەین. تورکیا، ئەوروپا، سوریا، ئێران، عێراق، رووسیا و کورد دەبێت ئێستا درک بەو دۆخە بکەن و بزانن کە دەیانەوێت چی لەگەڵ چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش بکەن لە ناوچەکانیان. 

ئەوان هەموویان رقیان لە داعشە، داعش بۆ چەندین ساڵە دوژمنی ئەوانە. ئێمە حەوت هەزار میل لەوان دوورین، ئەگەر داعش جارێکی دیکە نزیکی ئێمە ببێتەوە، تێکیدەشکێنینەوە.

 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین هەڵوێستیدا هۆشداری دەداتە تورکیا کە هەنگاوەکانی لەسنوور دەرنەچن.
 دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا دەنووسێت، "هەروەک چۆن پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر تورکیا کارێک بکات کە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو کاتە ئابوورییەکەی بە تەواوی وێراندەکەم و لەناویدەبەم". 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی توویتەکەیدا رایگەیاند، "دەبێت تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش ئاگاداری چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان و خانەوادەکانیان بن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لەوە کاریکردووە کە هەرکەس پێشبینیکردبێت، لەوانەش کۆنترۆڵکردنەوەی 100%ـی خەلافەتەکەی داعش. ئێستا کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی دیکەش لە ناوچەکە، لەوانەش دەوڵەمەندەکان، سنووری خۆیان بپارێزن".

لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، وتەبێژی ئیدارەی رۆژاڤا لە باكوری سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو کارەی وەک وەشاندنی خەنجەرێک لەپشتەوە لە کورد ناوبرد و رایگەیاند " لەناوچەكەدا هەر جەنگێك لەنێوان توركیا و شەڕڤانان روبدات، جەنگێكی ماوە درێژدەبێت و چەندین ساڵ بەردەوامی دەبێت".

لوقمان ئەحمی، وتەبێژی ئیدارەی خۆجێیی رۆژاڤا لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات ئەمڕۆ (دووشەممە) رایگەیاند "هەر جەنگێك لە باكوری فورات و لەنێوان توركیا و شەڕڤانان دروستببێت، و كۆتایی نایەت و ماوەی چەندین ساڵ درێژە دەكێشێت، چونكە ئەو جەنگەی هاوشێوەی داگیركردنی عفرین نابێت".


ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا هەوڵێك لە ئارادایە بە مەبەستی داخستنی رێگە لەبەردەم هەر ئەگەرێك كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوچەكەیان، حزبە كوردیەكان ریزەكانیان رێكبخەنەوە، وتیشی " بێجگە لە بەرگریكردن هیچ هەڵبژاردەیەك لەبەردەم ئەو پارتە سیاسیانەدا نیە و ئەوەی لە توانایاندابێت دەیكەن بۆ رێگریكردن لە هەر زیانێك بەرەو روی ناوچەكە بێت". 

هاوكات كینۆ جبریل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، سەبارەت بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە سوریا وتی "ئەو پاشەكشەكردنە، خەنجەرێكە و لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە لە پشتەوە لێماندرا".

وتیشی "پێشتر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دڵنیایی پێداوین لەبارەی رێگریكردن لە هەر هێرشێكی دوژمنكارانە و سەربازی دژ بە ناوچەكانی رۆژاڤا، هەسەدە-ش بە تەواوی بەپێی رێككەوتنە ئەنجامدراوەكەی تایبەت بە ناوچەی ئارام رۆشتوە". 
 لەباشوری کوردستانیش بڕیارەکەی ترەمپ و ئەمریکا بێ سەرنج و هەڵوەستە گوزەری نەکرد و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای وەک جێهێشتنی مەیدانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورد و تورکیا ناوبرد. 


لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند "بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا مایەی نیگەرانییەکی قوڵە و کێشە وئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات".


لاهور شێخ جەنگی روونیکردەوە "گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە بەهۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە چاوەڕوانکراوە، بێگومان بۆ عێراقیش دەگوازرێتەوە".

وتیشی " هەسەدە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکا بوە لە شەڕی دژی داعش و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەو پێناوەدا داوە، بۆیە پێویستە دەستبەرداری نەبێت".


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-07
زیاتر...
123


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]