سەدڕ و عەبادی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن
زێد نیوز:
وەک پشتیوانییەک لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا و شارەکانی تری عێراق و ناڕەزایەتی بەرامبەر کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، هەریەکە لە موقتەدا سەدڕ، رێبەری رەوتی سەدڕ و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
لەراگەیەندراوێکی نووسراودا، موقتەدا سەدڕ، رێبەری رەوتی سەدڕ داوای کرد ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق هەڵوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
سەدڕ لە راگەیەندراوەکەیدا بەپێویستیزانی هەڵبژاردنەکە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت.
روونیشیکردەوە کە ئەوان ناتوانن لە ئاست خوێنڕشتنی هاووڵاتیانی عێراق و خۆپیشاندەران بێدەنگ بن.
هاوکات لەدوای راگەیەندراوەکەی سەدڕ، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق هەمان داوای سەدڕی دووپاتکردەوە و هەروەها داواشی کرد کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ بکرێت و دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی گەندەڵی دابمەزرێت.
رۆژی (سێشەممە)ی رابردوو، خۆپیشاندان لە شارەکانی بەغدا، بەسرە، واست و نەجەف بەڕێوەچوو بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و دواتریش خۆپیشاندانەکان جگە لەو شارانە، شارەکانی کەرکوک و زیقار و زۆربەی شارەکانی دیکەی گرتەوە.
|
زیاتر...