سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ کۆچی دوایی کرد

زێد نیوز:

ئەمڕۆ (پێنجشەممە) نووسەر و رووناکبیری کورد، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایکرد.

 
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسووڵ، لە ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، مەلا مستەفای باوکی بە سەفەوەت ناسراوە و شاعیر و رووناکبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، لەنێو بنەماڵەیەکی خوێندەواردا ژیاوە و حاجی مەلا رەسوول کە دەکاتە باپیری یەکێک بووە لە زانا ئاینییەکانی سەردەمی خۆی و لەلایەن مەلیک و کاربەدەستانەوە گوێی لێگیراوە.

 
پرۆفیسۆر عیزەدین سەرەتا لای باوکی لە مزگەوتەکەی خۆیان "مزگەوتی حاجی مەلا رەسووڵی دێلێژە" دەست بە خوێندن دەکات، ساڵی 1939 وەکو گوێگر و پاشان قوتابی لە قوتابخانەی "غازی" دەست بە خوێندن دەکات.
 
ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری راپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، برینداربووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریی کردنی لە راپەڕینەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی کرێکار دامەزرێندراوە. 
 
پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، لە ڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردوویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچووغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بووە، دووبارە گێڕاویانەتەوە بۆ سلێمانی.
 
لەو سەردەمەدا کە عەبدولکەریم قاسم دەستی بە ناردنی خوێندکار بۆ یەکێتی سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت کرد، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوول یەکێکبووە لەو خوێندکارانەی چووەتە سۆڤیەت.
 
دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باکۆ، 24-6-1963 پلەی دکتورای وەرگرتووە و پاشان بە داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.
 
ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26-12-1966 بە هەوڵێکی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە.
 
ساڵی 1979 چووەتەوە بۆ مۆسکۆ، لەوێ درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرای و پرۆفیسۆری وەرگرتووە.
 
لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشووری کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بەڵام وەک کەسێکی بێلایەن.
 
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، کە ژمارەیان 11 کەس بوون و یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی ئەو نووسراوە، ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێنبەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، پرۆفیسۆر عیزەدین بە کۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
 
86 بەرهەمی ناوازەی سەرەتای نووسینی لە رۆژنامەی دیوارەوە دەستپێکردووە، کاتێک خوێندکاربووە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە مەکتەبی فەیسەڵییە دوای ئەوە کەوتووەتە نووسینی هەندێک بابەتی سیاسیی رۆژانە، دواتر کە لە خانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، بووەتە رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئەهالی، پاش داخستنی گۆڤارەکەش گەراوەتەوە بۆ سلێمانی و رۆژنامەی ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
 
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا روسوول لە ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەر گرتووە.
 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-03
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]