پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندی حزبە باڵادەستەکان پەیڕەوی ناوخۆی هەموار دەکاتەوە
زێد نیوز:
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2019)دا پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکاتەوە و بەگوێرەی لێدوانی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان "پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە بەرژەوەندی حزب باڵادەستەکانی کوردستان و دژ بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەموار دەکرێتەوە".
(زێد نیوز) زانیوویەتی "پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت لە دانیشتنەکەی ئەمرۆیدا پەیڕەوی ناوخۆ بەجۆرێک هەموار بکاتەوە کە رێگە بدات بە پەرلەمانتاران بۆ جیابوونەوە لە فراکسیۆنەکانی ئێستایان".
بە وتەی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ "ئەم کارەی پەرلەمانی کوردستان گەلەکۆمەکێ کردنی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە لە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەتی فراکسیۆنی نەوەی نوێ".
ئاماژەی بەوەش کرد، هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەی پەیڕەوی ناوخۆ 180 پلە پێچەوانەی پەیڕەوی ئێستایە.
بەگوێرەی دواین هەمواری بڕگەی دووی مادەی 110ی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە لە کۆتایی خولی رابردوودا لەسەر داوای یەکێتی و گۆڕان پەسەند کرا، هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە لە فراکسیۆنەکەی جیابێتەوە، یاخود فراکسیۆنی جیا دروستبکات.
لەم خولەی ئێستا و لەکاتێکدا زۆر پڕۆژە یاسای پەیوەندیدار بە بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان هەیە و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، بەڵام پەرلەمان لەئێستادا کار لەسەر هەمواری ئەو بڕگەیە دەکات کە رێگە دەدات بە پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکانیان جیا ببنەوە.
بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەم کارە بە هەنگاوێکی سیاسی حزبەکانی دەسەڵات بۆ پەرتکردنی ریزی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن ناو دەبەن و لەو بڕوایەدان لە وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان کە دوو پارتی دەسەڵاتدار پارە و ئیمتیازاتیان لەبەردەستدایە، ئەم هەنگاوە دژ بە دیموکراسییە و ئەمە دەرگاکردنەوەیە لەسەر ئەوەی لەمەودوا هەندێک لە پەرلەمانتاران بازرگانی بەو کورسیەوە بکەن کە بەهۆی حزبەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە و هەمواری ئەم برگەیە وا دەکرێت ئەوانە بتوانن لە بەرامبەر بڕێک پارە خۆیان بفڕۆشن بە دەسەڵات، هەر وەک چۆن پێشتر چەند کەسێک لەناو پەرلەمان لەنیوان ساڵانی 2009 تا 2013 ئەو کارەیان کرد و وازیان لە بزوتنەوەی گۆڕان هێنا و چوونە ناو پارتیەوە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کە لە ماوەکانی رابردوودا بە وتەی خۆیان دەسەڵات چەند پەرلەمانتارێکی کڕیوە بە زەبری پارە و ئیمتیازات، باس لەوە دەکەن کە پەلەکردنی فراکسیۆنەکانی حزبەکانی ناو حکومەت واتە پارتی، یەکێتی و گۆڕان لە هەمواری ئەو بڕگەیە بە هەوڵێک دێت بۆ لێدان لە نەوەی نوێ و لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی نارازی بەرامبەر حکومەت.
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "هەمواری بڕگهی دوو له مادهی 110 لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕان، وەک هەوڵێک لەدژی خۆیان دەبینن و پێیان وایە زیاتر بۆ پهرتكردنی فراكسیۆنی نهوهی نوێیه".
وتیشی، ئەوان پێیان وایه پێشتر یهكێتی و گۆڕان و لایهنهكانی دیکە زهرەرمهند بوون، بۆیە لە داهاتوشدا تهنها پارتی سودمهند دهبێت، چونکە رەنگە ئەمڕۆ ئەم مادەیە دژ بە نەوەی نوێ بەکار بێت، بەڵام سبەی دژ بە لایەنی تر بەکاردێت.
بەوتەی کاوە عەبدولقادر، ئهو ههمواره مهرامهكهی سیاسیه نەک یاسایی، چونكه دهكرا ئهو پهیڕەوە كاری پێبكرێت، كهموكوڕیهكانی دیاری بكرێت ئینجا ههموار بكرێتهوه، هێشتاش پهرلهمان دهستی بهكار نهكردوه و سهرهتای وهرزی یاسادانانه پهیڕەو ههموار دهكرێت، له كاتێكدا خهڵكی كوردستان چاوهڕێی پڕۆژهی چاكسازی و دهرچونی پڕۆژه یاسایە له بەرهژوهندی هاووڵاتیان.
(زێد نیوز) لەسەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان زانیوویەتی "لە دانیشتنەکەدا پلانەکەی یەکێتی و پارتی کە گۆڕانیش هاوکاریانە دەخرێتە دەنگدانەوە و هەر سێ فراکسیۆنەکە دەنگی پێدەدەن".
سەرچاوەکە بۆ (زێد نیوز)ی روونکردەوە "پلانی دواتری پارتی و یەکیتی ئەوەیە کە ئەو چەند پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ جیابکەنەوە وەک کارتی فشاری دوو حزبی دەسەڵاتدار دژ بە نەوەی نوێ بەکاریان بهێنن،کە بەپێی ئەم پلانە هەم نەوەی نوێ زەرەرمەند دەبێت و هەمیش لێدانە لە دەنگ و ویستی هاووڵاتیان".
ئاماژەی بەوەش کرد، چونکە لەهەڵبژاردنەکاندا ئەو چەند پەرلەمانتارەی کە ئێستا بە پشتیوانی پارتی و یەکێتی کار دەکەن، تەنها 500 بۆ1000 دەنگیان بە دەستهێنا، کە ئەم ژمارەیەش زۆر کەمترە لە ژمارەی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسیەک کە بریتیە لە 17 هەزار و 500 دەنگ.
|
زیاتر...