سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

شۆڕش حاجی: سه‌رده‌می شاخمان به‌ڕێكرد، له‌ده‌وڵه‌تانی دنیا ئه‌نجومه‌نی حزبه‌كان نییه‌

زێد نیوز:

د.شۆرش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەراپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند "بابەتی دامەزراندنی ئەنجوومەنی حزبە سیاسیەکان لە جڤاتی نیشتیمانی گۆران باس نەکراوە".


لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، د.شۆڕش حاجی وتی "ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس نه‌كراوه‌ تا به‌ناوی جڤاتی نیشتمانی یان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ باسی بكه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم بۆچونی تایبه‌تی خۆمه‌، به‌ڵام بۆچونه‌كه‌ی خۆشم بۆچونێك نیه‌ له‌خۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت وه‌ك ده‌زانرێت یه‌كێكین له‌ دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پره‌نسیبه‌كانی گۆڕان".


روونیکردەوە "به‌پێی ئه‌و پره‌نسیبانه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان مه‌رجه‌ع بێت هه‌م بۆ ده‌ركردنی یاسا و چاودێریكردنی حكومه‌ت و هه‌م بۆ باسكردنی هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یا هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تر كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دواڕۆژی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان به‌ڕێكردوه‌ كه‌ سه‌رده‌می شاخ بو له‌ غیابی" په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌مو حیزبه‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌نجومه‌ن ئێستا".
 

شۆڕش حاجی دەڵێ، لەسەردەمی شاخ، "به‌ره‌ی كوردستانی بو بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی گه‌له‌كه‌مان ده‌بوه‌وه‌ تا یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بین، كه‌ ئه‌وه‌ 28 ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ په‌رله‌مان ببێته‌ مه‌رجه‌ع."

ڕونیكرده‌وه‌ "مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌ی كوردستانی له‌وكاته‌دا گرنگ بو بۆ یه‌كخستنی ڕای لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی سه‌رده‌می ئێستا، سه‌رده‌می په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی دنیا ئه‌نجومه‌نی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا نیه‌، من خۆم وه‌ك شۆڕش حاجی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌سی یه‌كه‌م و دوه‌می حیزبه‌كان یان له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان یان له‌ناو حكومه‌تدا بن له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان هیچ كه‌س مه‌رجه‌ع نه‌بێت".

دوێنێ سێشه‌ممه‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگه‌یاند، "پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی حیزبه‌كان گرنگه‌، چونكه‌ هه‌ندێك حیزب هه‌یه‌ له‌ناو حكومه‌ت نه‌ له‌ناو په‌رله‌مان نوێنه‌رییان نیه‌".
 

شۆڕش حاجی لەو بارەیەوە ده‌ڵێت، "ئه‌و حیزبانه‌ دامه‌زراوه‌ی رێكخراوه‌یی خۆیان هه‌یه‌، ڕێگای تر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ بتوانن بۆچونی خۆیان بگه‌یه‌نن ئه‌ویش له‌ڕێگای نوێنه‌ره‌كانیان ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌رییان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌ كۆببنه‌وه‌ و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌كان بگه‌یه‌نن، ڕێزم هه‌یه‌ بۆ هه‌مو حیزبه‌كان، به‌ڵام كاتێك حیزبێك له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت هیچ نوێنه‌ری له‌په‌له‌مان و حكومه‌ت نه‌بێت، ناكرێت ئێمه‌ بچین له‌به‌ر خاتری ئه‌وان 30 ساڵ بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ وه‌كو سه‌رده‌می شاخ یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بچین ئه‌نجومه‌نێك بۆ هۆزه‌كانی ئه‌مه‌زۆن دروست بكه‌ین".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وتبو، "هه‌ندێك حیزب چوار ساڵه‌ پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتون ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێكبێت ده‌توانرێت ئه‌و حیزبانه‌ كۆبكاته‌وه‌".

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، من خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌ پێویسته‌ حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن، زۆربه‌ی زۆری حیزبه‌كان نوێنه‌رییان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و عیراق هه‌یه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌توانن هه‌ماهه‌نگ بن و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ گه‌لی كورده‌وه‌ هاوهه‌ڵوێست بن، ئه‌گه‌ر دو حیزبیش پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتن ئه‌ركی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه‌یه‌ فشار بكه‌ن له‌ حزبه‌كانیان كه‌ كۆببنه‌وه‌، بۆچی حیزبه‌كان ئاماده‌بن بچن له‌به‌غدا كه‌ عه‌ره‌بن یا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ توركن، یاخود له‌ تاران كه‌ فارسن دابنیشن به‌ڵام ئاماده‌نه‌بن كه‌ كوردن پێكه‌وه‌ دابنیشن، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نیه‌ به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ شتی تری به‌دواوه‌ بێت چونكه‌ ده‌توانرێت له‌ڕێگای په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ هه‌مان شت بكه‌ن".
 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چی لە دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە دەخوێنیتەوە، شۆڕش حاجی له‌وه‌ڵامدا وتی، "من نازانم، به‌ڵام ڕێزم هه‌یه‌ بۆ بۆچونی كاكه‌ حه‌مه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆچونی خۆم و به‌شێك له‌ پره‌نسیبه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شتێك نین كه‌ بمانگێڕێته‌وه‌ دواوه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ حكومڕانیه‌كی هاوچه‌رخ په‌یڕه‌و بكرێت له‌كوردستان".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا مه‌رجه‌عیش قبوڵ ناكه‌ن؟، ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وه‌ڵامدا رونیکردەوە، "مه‌رجه‌ع لای ئێمه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانێتی".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-09-04
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]