سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

داوا ده‌كرێت زمانی كوردی بكرێته‌ مه‌رجی وه‌رگرتن له‌ خوێندنی باڵا

زێد نیوز:

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌كادیمی و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیر و چالاكوانی مه‌ده‌نی، له‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌دا كه‌ ئاڕاسته‌ی رای گشتییان كردووه‌، داوا ده‌كه‌ن زمانی كوردی بكرێته‌ مه‌رجی وه‌رگرتن له‌ خوێندنی باڵای هه‌رێمی كوردستان.


له‌ نامه‌ كراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ "مەبەستمانە لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵاماندا، (زمانی دایک) بکرێتە چەقی بایەخپێدانەکان و چیتر نەکرێتە قوربانیی نەزانی و خۆبەکەمزانین و پاساوی لاواز و ئامانجی ترسناک!". 

له‌نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌ پێشنیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن نووسەر و ئەکادیمیی (پ. ی. د. هێمن مەجید) لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، خراوه‌ته‌ڕو و ئه‌و به‌پێویستی زانیوه‌ " (زمانی کوردیی) بە پلەی (زۆر باش) بکرێتە مەرجی سەرەکی وەرگرتنی خوازیارانی (خوێندنی باڵا)، لە کۆی کۆلێژ و بەشەکاندا، بە بێ جیاوازیی!"". 

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و داواكارییه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌كادیمییه‌، ئه‌و ژماره‌ له‌ ئەکادیمیی، نوسەر، رۆژنامەنوس، رۆشنبیر و چالاکی مەدەنیی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوونه‌ته‌ هاوڕا و پاڵپشتی پێشنیارەکە. 


نامەیەکی کراوە بۆ رایگشتیی
سەبارەت بە مەرجدانانی (زمانی کوردیی) بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا، نوسەر و ئەکادیمیی (پ. ی. د. هێمن مەجید) لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پێشنیاریکرد: "پێویستە (زمانی کوردیی) بە پلەی (زۆر باش) بکرێتە مەرجی سەرەکیی وەرگرتنی خوازیارانی (خوێندنی باڵا)، لە کۆی کۆلێژ و بەشەکاندا، بە بێ جیاوازیی!"، ئێمەش وەک کۆمەڵێ دڵسۆزی (زمانی کوردیی) لە: (ئەکادیمیی، نوسەر، رۆژنامەنوس، رۆشنبیر و چالاکی مەدەنیی) لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوینە هاوڕا و پاڵپشتی پێشنیارەکەی بەڕێزیان و، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە سۆشیاڵ میدیا هەڵمەتێکمان لەوبارەیەوە وەڕێخست. ئێستاش، پێمان باشە لە هەنگاوێکی دیکەدا، کەمێک بابەتەکە وردتر بکەینەوە و، لەم نامە کراوەیەدا، هۆکار و ئامانجی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی ئایندە رونبکەینەوە.

بەر لە هەر شت، دەبێ خۆمان لەو راستییە نەبوێرین، کە (زمان) یەکێکە لە ناسنامە سەرەکییەکانی هەر نەتەوەیەک و پایەیەکی گرنگی دروستکردن و لەسەرپێوەستانی دەوڵەتە. کەواتە گرنگیدان بەو رەگەزە جێبایەخە و پاراستن و گەشەپێدانی لە هەر کۆمەڵێکدا، وێڕای نیشانەی هۆشیاریی گشتیی، بەجێهێنانی ئەرکێکی نەتەوەیی، نیشتمانیی، ئاکاریی و ئەکادیمییە.

لەو سۆنگەیەشەوە و، لەکاتێکدا بە ئاشکرا دەبینین و هەستدەکەین، لێرەولەوێ، بە شێوازی جۆراوجۆر، بە بەرنامە کار بۆ پەراوێزخستن و بێنرخکردنی (زمانی کوردیی) دەکرێت، ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین بە توندی روبەڕوی ئەو هەوڵانە ببینەوە و، گێڕانەوەی رێز و شکۆ بۆ زمانەکەمان بکەینە شائامانجی ئەم قۆناغەمان.

لەم ئاستانەشدا، دەزانین کارەکەمان هەنگاوی جیاواز و فرەلایەنی گەرەکە، چونکە مەترسیی لاوازکردن و بێبەهاکردنی زمانەکەمان زۆر و هەمەجۆرن، بەڵام ئێمە لەم قۆناغەدا تەنها لەم چمکەی خوێندنی باڵاوە دەست پێدەکەین، بەو ئومێدەی ئەمە ببێتە دەستپێکێکی سەرکەوتو لەپێناو پاراستن و گەشەپێدانی.

بە دیاریکراوی، مەبەستمانە لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵاماندا، (زمانی دایک) بکرێتە چەقی بایەخپێدانەکان و چیتر نەکرێتە قوربانیی نەزانی و خۆبەکەمزانین و پاساوی لاواز و ئامانجی ترسناک!

وەکچۆن، کاتێک جەخت لەسەر ئەو خاڵە گرنگە دەکەینەوە، بایەخدان بە زانینی زمانی تر بۆ ئەکادیمییان رەتناکەینەوە و بە پێویستی دەزانین و، نکۆڵی لە گرنگییەکەیشی ناکەین، بەڵام بە کارێکی نازانستی دەزانین کەوا ئەو گرنگیدانە لەسەر حسابی (زمانی کوردیی) بێت.

بۆیە، پێشمانوانیە جێبەجێکردنی وەها کارێک لە روی کردەییەوە سەخت بێت. دور ناڕۆین بۆ وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا، هەر بە روانینێک لە ئەزمونی وڵاتانی دەوروبەر بۆمان دەردەکەوێت، کە چەندە لە خەم و هەوڵی پاراستن و گەشەپێدانی زمانەکەیاندان. ئەوەتا (ئێران) تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێهاتوییەکانی (زمانی فارسی) داناوە، (تورکیا) بە هەمانشێوە بۆ (زمانی تورکی). بە پێی زانیارییەکان لە (عیراق) هەوڵێکی لەوجۆرە هەیە سەبارەت بە (زمانی عەرەبی). هەروەک، ساڵی رابردو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عیراق بڕیارێکی لەوبارەیەوە دەرکرد و چەند لایەنێکی راسپارد بۆ ئامادەکردنی تاقیکردنەوەیەکی لەوشێوەیە و دواتر بەمەرجدانانی بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا (ماستەر، دکتۆرا).

کەواتە، ئێمەی کوردزمان، تاکەی شەرم لە بەکارهێنان، بایەخدان، پاراستن و گەشەپێدانی (زمانی دایک)ـمان بکەین؟!
تاکەی (زمانی کوردیی) نەکەینە زمانی رەسمیی پەروەردە، خوێندنی باڵا، راگەیاندن، سیاسەت، ئابوریی و بازاڕ و ... تاد؟!
ئاخر نەنگی و کارەساتێکی گەورەیە کورد بیت و مامۆستای زانکۆ بیت (زمانی دایک)ـت باش نەبێت! یان نەتوانیت پێنج خولەک بە کوردییەکی رەوان بدوێیت، یاخود پێنج دێڕ بە دروستیی بنوسیت!

بێگومان، ئەمە هەوڵێک دەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم بزانرێت ئاستی ئەو ئەکادیمییە لە چوار لێهاتوییەکەی زمان (گوێگرتن، قسەکردن، خوێندنەوە، نوسین)ـی کوردی چۆنە. بەڵام ئەمەش هەروا سانا نیە، هەوڵی لێیڕاوانەی هەمو کوردێکی دڵسۆزی دەوێت. ئیدی ئەمە پرۆژەی هەموانە، چون لە بەرژەوەندیی گشتییدایە.

دەکرێ، ئەمە سەرەتای زۆر پرۆژەی گەورە بێ لە هەمو کایە جیاوازەکان لەپێناو (زمانی کوردیی)ـدا.

دەکرێ بۆ ئایندە بکرێتە پرۆژەیاسایەکی دروست و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ گفتوگۆ و دەوڵەمەندکردن و دواتر پەسەندکردنی. یان ببێتە هەوێنی بڕیارگەلی پێویست لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمەوە.

هەرچۆنێک بێ، دڵنیاین، خەمێکی گشتییە و، بەهەندوەرگرتنیشی سودی گشتیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی لێدەکەوێتەوە.

دڵسۆزانی زمانی کوردیی
ئابی ٢٠١٩



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-08-21
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]