سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

زێد نیوز ده‌قی دانپێدانانی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی هه‌ولێر بڵاوده‌كاته‌وه‌

زێد نیوز:

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌قی دانپێدانانی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی هه‌ولێری بڵاوكرده‌وه‌.


له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا ڤیدیۆی ده‌قی دانپێدانانی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی هه‌ولێر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بەناوی (عوسمان کۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەناوەکانی نەریمان (عوسمان محەمەد عەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح)، كوژران. 

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش راشیده‌گه‌یه‌نێت، رووداوەکە تیرۆریستییە و چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسێکی پەکەکە، بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆرکردنی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و سەرەنجام تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، شه‌ش كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ ده‌ستگیركراون، سێ له‌وانه‌ هاووڵاتی توركیان و سێ كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هێشتا تۆمه‌تباری دیكه‌ی رووداوه‌كه‌ ماون و لە رووی یاساییەوە داواکراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

رۆژی چوارشەممە 7/17/ 2019 رووداوێکی تەقەکردن لە رێستورانتێکی شاری هەولێر روویدا کە لە ئەنجامدا کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە ناوی (عوسمان کۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەناوەکانی نەریمان (عوسمان محەمەدعەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) بوونە قوربانی.

هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان توانیان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەش کەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیر بکەن کە سێ کەس هاووڵاتی تورکیان لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەکی رووداوەکە بەناوی (مەزڵوم داغ). سێ کەسیش لە هاوکار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەکە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن. هەروەها چەند کەسێکی دیکەش کە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواکراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە.

بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەکە تیرۆریستییە و چەند مانگێک لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێکی پەکەکە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆرکردنی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و سەرەنجام تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەکی رووداوە تیرۆریستییەکەش، هەردوو هاووڵاتییەکەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلوماتەکەی تورکیان کوژراون.

 لێرەدا دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوە تیرۆریستییەکە دەخەینەڕوو. لەبەر رێزگرتن لە کەسوکاری قوربانییەکانی ئەم رووداوەش ساتی تەقەکردنەکە لێڵ کراوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-07-26
زیاتر...


Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]