سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

رێواز فایه‌ق به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا

زێد نیوز:

رێواز فایه‌ق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌ ده‌نگی 72 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.


له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌)ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، بڕگه‌یه‌كی دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆسته‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌ رێواز فایه‌ق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی و شادی نه‌وزاد له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ خۆیان كاندیدكرد بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌. 

له‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان، رێواز فایه‌ق به‌ ده‌نگی 72 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و شادی نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ 16 ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی به‌ده‌ستهێنا. 

پێشتر له‌‌كارنامه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو، دانیشتنه‌كه‌ سێ بڕگه‌ له‌خۆده‌گرێت، به‌جۆرێك : یه‌كه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ سوێندی یاسایی ده‌خۆن كه‌له‌ جێگه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانن و پۆستی وه‌زارییان وه‌رگرتووه‌.

ناوی په‌رله‌مانتاره‌ نوێیه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ سوێندی یاسایی ده‌خۆن:

1- له‌نجه‌ ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان، له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ جێگه‌ی ڤالا فه‌رید ئیبراهیم ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

2- شیرین یونس عه‌بدوڵا، له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ جێگه‌ی بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

3- هیمداد سه‌باح بیلال، له‌ جێگه‌ی ئایدن مه‌عروف سه‌لیم ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

4- باپیر كامه‌لا سه‌لمان كامه‌لا، له‌ جێگه‌ی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

بڕگه‌ی دووه‌می كارنامه‌ی دانیشتنەکەی په‌رله‌مانیش تایبه‌ته‌ به‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

بڕگه‌یه‌كی تری دانیشتنه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازی بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 3ی ئابی 2014  وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-07-11
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]