سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

فازڵ میرانی:به‌شێك له‌ سەركردایەتی یەكێتی پێمان دەڵێن حەقە كاك مەسعود ببێتە مەرجەعی كوردستان

زێد نیوز:

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند "من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە پارتی و یەکێتی ناتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، مەگەر تەنها ئەوەی پێداگریه‌ك لەلایەن برادەرانی یەکێتیەوە هەبێت کەنایانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنەکان پێکبهێنرێت، جا بڕیاری خۆیانە یا بڕیاری خەڵکی ترە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە،ئنجا لە 1992ەوە تا ئێستا به‌شه‌ڕی ناوخۆ-شه‌وه‌، پارتی و یەکێتی پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن خێرە ئێستا ناتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن؟!"


له‌باره‌ی وته‌یه‌كی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ وتبووی "زه‌حمه‌ته‌ له‌گه‌ڵ پارتی له‌كابینه‌یه‌ك بین كه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی بێت، یه‌كێتی له‌و یاریه‌ تێگه‌یشتووه‌ ئیتر ئه‌وه‌ ناخوات"، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت "من لەقسەکانی"کاک سەعدی پیرە" تێگەیشتم، خوێندمەوە لەدەنگی ئەمریکا کە دەڵێ پارتی دەیەوێت"کاک مەسعود" مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، هەر خۆیان بە خۆ-شیەوە (کاک سەعدی پیرە) کە ئیشێکیان کەوتۆتە لای "کاک مەسعود" و بۆیان جێ بەجێ کراوە دواتر خۆیان وتویانە "کاکە ئەم پیاوە نەک تەنها سەرۆکی پارتیە، ئەمە بکەنە "مەرجەعێک" بۆ هەموومان، بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییه‌كان (مەبادیئی) داپۆشیوە."

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕونیکردەوە" من ناڵێم یەکێتی بەفەرمی داوای کردووە، باسی ئەوانە لە یەکێتی دەکەم کە ئێستا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن کاک مەسعود دەیەوێت ببێتە مەرجەع، بەڵام بەشێک لە خۆیان لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە "بەندە" و بەشێک لەبرادەرانی مەکتەبی سیاسی ئێمەیان وتووە بە (کاک مەسعود بارزانی" بڵێن ته‌نها وه‌ك سه‌رۆكی پارتی نه‌بێت به‌ڵكو ببێته‌ مه‌رجه‌عی كوردستان بۆ هه‌موومان چونكه‌ هەر ئەو-مان (كاك مه‌سعود بارزانی) ماوە بەدەستەوە (جا به‌بێ به‌ڵگه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ناكه‌م و به‌ڵگه‌مان لایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌)، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شێكی زۆرییان ئه‌و "مه‌رجه‌عیه‌ته‌"قبوڵ ده‌كه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی "ته‌ئمینی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بكات".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" لەلای ئێمە ئاسایشی کۆمەڵگا و "ئیستقرار"ی دۆخی کوردستان گرنگە، ئەوە پۆستی وەزارەتی داد چارەسەرکرا کە من خۆم نایناسم بەڵام کاندیدێکی سەربەخۆیە، وە سەبارەت بە کەرکوکیش ئێمە و یەکێتی ڕێککەوتنێکمان هەیە کە هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت لەسەر کاندیدێکی پارێزگار ڕێکبکەوین، ئەوان کاتی خۆی "کاک فەرەیدوون عەبدولقادر-ییان" کاندید کرد ئێمە ڕازی بوین، ئێستاش بە بۆچونی من باشترە خۆمان ڕێك بكه‌وین وه‌ك لەوەی خەڵکێک بێت بە "خورتی" ڕێکەوتن لەنێوانماندا بکات هەروەک چۆن خەڵکێک برادەرانی یەکێتیان نارد بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان"کاک نێچیرڤان" ئەمە نەکرێت لەگەڵ یەکتر باشترە، با خۆمان یەکتر قبوڵ بکەین."

مەبەستت لە "خەڵکێک" یەکێتی نارد بۆ مەراسیمی سویندخواردنی سەرۆکی هەرێم کێیە ئەو خەڵکە؟

فازڵ میرانی ئامادەنەبوو ئاماژە بەو "خەڵک"ە بکات و بەتەنها وتی" خۆیان (یه‌كێتی) دەزانن کێ ئەوانی نارد بۆ مەراسیمەکە، من ناچمە ناو وردەکاری چونکە هێشتا بێگومان دۆخی کوردستان گرنگترە لە "چاوپێکەوتنێک".
سەبارەت بەوەی بۆچی لەمەراسیمی سویند خواردنی سەرۆکی هەرێم ناوی "مام جەلال و کۆسرەت ڕەسوڵ "نەبرا تا ئەو ڕادەیەی یەکێتی نیگەران کرد کە مەحمود سەنگاوی بەو جۆرە قسەی لەسەرکردن؟

فازڵ میرانی وتی" خۆی قسەکانی "مەحمود سەنگاوی" هی ئەوە نیە مرۆڤ وەڵامی بداتەوە ئێمە بە ئەنقەست گەورەمان کردەوە خۆ ئەگەر بۆ ئێمە بوایە ئێمە قوتمان دەدا بەڵام "زماندرێژی" بەوجۆرەکرد کە باسی "مەلا مستەفا" بکات کە هەرچوار پارچەی کوردستان و یەکێتیەکانی پێش 1964 یش سوێندییان به‌سه‌ری دەخوارد، ئێمە جوابی ئەو-مان نەدا جوابی ئەو ڕونکردنەوە شەرمنانەی یەکێتی-مان دا چونکە ڕونکردنەوەکە وابوو بڵێن" کاک مەحمود دەستت خۆش بێت ئەمە بەدڵی ئێمە بوو بەزاری تۆ بوو" نەیانتوانی بڵێن ئێمە ئیدانەی دەکەین و تۆ مافت نیە باسی "مەلا مستەفا" بکەی کە مەرجەعی کوردە و هەرچوار پارچەی کوردستانی پێی ڕازیبووە، ئەم ڕونکردنەوە شەرمنانە پارتیەکانی توڕەکرد، مادام وا وردن ژمارەی وشەکانی کاک نێچیرڤان بژمێرن باشترە دۆخی کوردستان به‌وردی ببینین کە 7 مانگە پێکهنانی حکومەتیان دواخستووە."

سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و بەجێهێشتنی پۆستەکانی یەکێتی بە بەتاڵی؟ فازڵ میرانی ڕایگه‌یاند" ئەگەر بەبیرتان بێت من هەر لە چاوپێکەوتنی دەنگی ئەمریکا وتم پارتی دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت بەبێ یەکێتی بەڵام جوان نیە، قسەکانی خۆمم لەبیرە من لەو كه‌سانه‌م کە هەرگیز هەڵوێستەکانم ناگۆڕم بەپێی ڕۆژگارەکە، ئێستاش دەڵێم ئێمە دەتوانین حکومەت بەبێ یەکێتی دروست بکەین بەڵام جوان نیە ئەوە یەکەم، خاڵێکی تر کاندیدی ڕاسپیردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت هێشتا 17 ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە ئەوان باسی پشووی پەرلەمان دەکەن پەرلەمان نابێ پشوو وەربگرێت تا 30 ڕۆژەکەی کاندیدی ڕاسپێدراو تەواو نەبێت چونکە لەبابەتی بودجە و پێکهێنانی حکومەت پەرلەمان نابێت پشوو وەربگرێت، وە ئێمە ئێستاش لە گەڵ برادەرانی یەکێتی لە پەیوەندیداین ئەگەر سبەینێ گەیشتینە ڕێککەوتن لەسەر ناوی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئەوا ڕێککەوتن لەسەر ناوەکە دەکەین بەڵام حکومەتەکە پێکدەهێنین چونکە پڕۆسەی دانانی پارێزگاری کەرکوک تەنها بەڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی نیە، به‌ڵكو دەبێت بچێتە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەویش بینێرێت بۆ بەغداد بۆ سەرۆک وەزیران ئەویش بە نوسراو بەرزی بکاتەوە بۆ سەرۆک کۆمار سەرۆک کۆماریش بە مەرسومی فەرمی بڕیاری بوون بە پارێزگار دەربکات."

وتیشی" به‌ڵام به‌ دڵنیایی و بێ گومان پڕۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر حیزبێك ناوه‌ستێنین، ڕێزمان بۆ براده‌رانی یه‌كێتی هه‌یه‌، جێگه‌ی ئه‌ساسیان له‌ناو حكومه‌تدا هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وانیش ئه‌و سنوره‌ بزانن پارتی خاوه‌نی زۆرینه‌یه‌كی له‌به‌رچاوی په‌رله‌مانه‌ وه‌ ئێمه‌ زۆرینه‌ی حكومه‌تین، چۆن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێممان هه‌ڵبژارد ده‌توانین ئه‌وه‌ش بكه‌ین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ترمان وه‌ پارێزگاری له‌ پێگه‌ و پۆسته‌كانی یه‌كێتیش ده‌كه‌ین جاری پێشوش وابوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناچاریه‌ هه‌روه‌ك له‌ شه‌رعدا ده‌وترێت (اكره الحلال في الاسلام الطلاق به‌دڵنیایی پۆسته‌كانیان به‌به‌تاڵی داده‌نێین خۆ یه‌كێتی "مه‌حروم ناكه‌ین".

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی دا چی؟ فازڵ میرانی ده‌ڵێت" ئۆپۆزسیۆن بونی پارتی و یه‌كێتی به‌و ڕاده‌ و قه‌باره‌یه‌ی هه‌یانه‌ ناتوانن ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رپرسی ئه‌م ئه‌زمونه‌ین كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ ناچارین ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ین ببینه‌ ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت پارتی و یه‌كێتی ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن." 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-06-26
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]