سەردێڕ:
زێدنیوز
جۆراوجۆر

نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بڵاودەكرێتەوە

زێد نیوز:

سبه‌ینێ (پێنجشه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یرانی 2019) نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بەناوی «ئایدۆلۆژیست» بڵاودەكرێتەوە.

كتێبی «ئایدۆلۆژیست» لەلایەن نووسەر خۆیەوە چاپكراوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند كاری دابەشكردنی بۆ دەكات و لە كتێبخانە و كتێبفرۆشییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستدەكەوێت.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی سروشتی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتدا دەست پێدەکەن.

دوای ئەو هەرەسە، بەریەککەوتنی توندی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی، ئیدی بەریەککەوتنێکی ئاسایی نییە، دووبارەبوونەوەیەکی سادەی جەنگە مێژووییە دێرینەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕادیکالە کە خۆرهەڵات لەگەڵ پرسی دواکەوتن و لە جێمانی شارستانی خۆیدا ڕووبەڕوو دەکاتەوە.

لەو ساتەدا کە دوا ئیمپراتۆرییەتی دینی کۆتایی دێت، ئەم هەرەسە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕینیسانسێکی زانستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕینیسانسێک کە هیچ کات نە دەست پێدەکات و نە بناغەی سەرەتایی بۆ دروستدەبێت.

لە ساتێکدا کە عەقڵییەتی زانستی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی عەقڵییەتی غەیبانی دێرین، بۆشاییەکی قووڵ دەخولقێت، بۆشایی نەمانی مەرجەعێک تاکەکان وەک سەرچاوەی خودسازیی سەیریبکەن.

تەنیا ئایدۆلۆژیا دەتوانێت دەمی ئەو دەلاقەیە دابخات و چاڵی قووڵی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. بەڵام ئایدۆلۆژیا دەستکردی بکەرێکی ئینسانییە، دەستکردی جۆرێک سوبێکتە کە لە ناو ئایدۆلۆژیا و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا خۆیدا دروستدەبێت، ئەو بکەرە کەس نییە جگە لە فیگەرێکی مێژوویی کە نوسەر بە «ئایدۆلۆژیست» ناویدەبات، فیگەرێک تارماییەکەی بەسەر تەواوی سەدەی بیستدا باڵدەکێشێت و عەقڵییەت و مۆراڵی دەبێتە بناغەی ئەو عەقڵییەت و مۆراڵەی ئەمڕۆ ئێمە لە ناویدا دەژین.

لەم کتێبە هەوڵێکی نزیکبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەکانی ئێستا، لە پشکنینی ئەو هۆیانەی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبوون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواکەوتنی مەعریفی ئێمەوەن، بەخوێندنەوەی هۆکانی سەرهەڵدان و میکانیزمەکانی ئیشکردنی ئەو بکەرە نادیار و ترسناکەی لە ژێر زۆر دەمامکدا خۆی شاردۆتەوە: «ئایدۆلۆژیست». 

ئەمەی خوارەوە پیڕستی کتێبەکەیە کە لە سبەێنێوە لە کتێبخانەکاندا لەبەردەستی خوێنەراندا دەبێت:

سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی‌ ئایدۆلۆژیا...

به‌ریه‌ككه‌وتن ـ درزێك له‌ موتڵه‌قدا...

نیگایەک لەو پێشمەرجانەی زەمینەیان بۆ دەرکەوتنی ئایدۆلۆژیست سازکرد...

ڕزگارکەر بەبێ ڕزگاریی...

میسیانیزم، مەهدیگەرایی، ڕزگارکەری نوێ...

ئەویدی و نمایشی مێژوویی...

ئایدۆلۆژیست کێیە و لە کوێوە دێت؟...

پرەنسیپی مانەوە دژ بە پرەنسیپی ڕۆشنگەریی...

شیعریی کوردی و پۆلیسەکەی ئالتۆسێر...

جەستەی یەکەم ـ جەستەی دووەم...

ئایدۆلۆژیست: دەنگێک و نیگایەک بەبێ جەستە...

ئایدۆلۆژیا ـ نەست ـ خۆرئاوا...

ئایدۆلۆژیست و زمان...

گواستنەوەی بانگهێشت لە شیعرەوە بۆ سیاسەت...

ئایدۆلۆژیا و دەمامکسازی...


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-06-26
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]