سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
چاوپێکەوتن

قادر حاجی عەلی: گۆڕانمان بۆ ئەوە دروست نەکرد چەواشەی خەڵک بکات

زێد نیوز:

لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا کە وێنەیەکی بۆ (زێد نیوز) نێردراوە، قادر حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرینەرانی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، "لە ئەمڕۆوە وەک سیاسییەکی سەربەخۆ دەژیم و سەربە ھیچ ئۆرگانێکی حزبی نیم" و له‌باره‌ی دۆخی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا ده‌ڵێت"گۆڕان لەبری ئەوەی هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان".


دەقی چاوپێکەوتنەکە:

با سەرەتا بەم پرسیارە دەست پێبکەین، ناونیشانی ئێستای سیاسی ئێوە چییە؟

من لەمڕۆدا وەک سیاسییەکی سەربەخۆ دەژیم و سەر بە ھیچ ئۆرگانێکی حیزبی نیم. گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەبات و کاری سیاسییدا بەسەر بردووە، بەڵام ھەرگیز سیاسەتکردن بۆ من نەبۆتە پیشە، بەڵکو کەرەستەیەک بووە بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە ژیانی گەلەکەمانی پێ خۆش و باش بکەم. ھەروەک چۆن لەگەڵ ھاوڕێکانمدا کاتێک لەشاخ خەباتی چەکداریمان دەکرد، لەپێناو چەند پرنسیپێکدا تێدەکۆشاین و ئەوەندەی بیرمان لە شەھیدبوون دەکردەوە ھێندە بیرمان نەدەکردەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببین بە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیر، ئاوھاش کە بزوتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند بیرمان لە دەستکەوتی شەخسی و بەرژەوەندی خێزانی نەدەکردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات ڕاستگۆیی بوونە بەرامبەر بەو ئایدیا و پرنسیپانەی کە کاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند.

ئەم قۆناغە کە ھەندێک بە قۆناغی تاریک و نائومێدکەر ناوی دەبات، ئێوە ناوی دەنێن چی؟

لەمێژوی نزیکی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورددا شکستی کاتی و سەرکەوتنی کاتیش تۆمار کراوە. کاتێک لە ١٩٧٥ دا شۆڕش بڵاوەی پێکرا، ھەندێک بە ئاشبەتاڵ، ھەندێکی تر بە نسکۆ لەقەڵەمیان دەدا. ئەم دۆخەش سەرەنجام تێکشکان و بێئومێدییەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا دروستکرد. چونکە ھەم شکستێکی سیاسی و ھەم شکستێکی چەکداری بوو. لەساڵی ١٩٨٨یشدا پاش پرۆسەی ئەنفال، جارێکی تر ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی گەورەتر بوینەوە، کە ھەندێ کەس بە ئاشبەتاڵی چەکداری ناویان ناوە، بەڵام چونکە ئیرادە ھەبوو، ھێزی بەرگری و شۆڕش لە ھەردوو جارەکەدا ھەستایەوە و ئەم ئەزمونەی دروستکرد کە ئێستا لەبەردەستماندایە. لەدوای فەشەلی حوکمڕانی یەکێتی و پارتی و نائومێدبوونی ھاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، کۆمەڵگای ئێمە ھێزی بەرگری نوێی دروستکرد کە لە ڕووە سیاسیەکەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەکشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەکی گەورەی دروستکردووە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە کە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەبات و بەرگری کۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادی و دادپەروەری.

بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسکۆیەکی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەکشێیەکی تەواوە لە دیموکراسی،  گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی، وە سەرکێشانێکە بۆ ناو قۆناغی سیستمێکی بنەماڵەیی سوڵتانی.

ئەوەی ھەستی پێدەکرێت دیاردەی نەمانی جیاوازییە لە گوتاری سیاسی حیزبەکاندا. لاوازبوونی بڕواو متمانەی خەڵکە بە ھەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی.

جێگاگرتنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانە بەدەستکەوتی شەخسی و پۆست و پایە بۆ خێزانە سیاسییەکان و منداڵ و خزم و کەسوکاریان، وە بێئەرزشکردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموکراسییە کە پەرلەمانە لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتی و ھەیبەت و توانایەوە. وێرانکردنی ئینتیمای ھاوڵاتیانە بۆ نیشتیمانەکەیان. ڕۆچونی ڤایرۆسی گەندەڵیە بۆ ھەناوی ھەموو دامەزراوەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە، و زۆر شتی تریش.

بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەم نەھامەتیانەدا ھەست دەکەم خەڵک وەک شکستەکانی پێشوو ئیرادەی ھەستانەوەی ھەیە. بایکۆت و سزادانی حزبەکان لەھەڵبژاردندا ئەم ڕاستییە دەردەخەن کە ئەمڕۆ بە بایکۆتی دەنگ، سبەینێش بە یاسا یان بەھەر ئامرازێکی تری مەدەنی سزایان دەدەن.

بەبەشداری بەشێک لەھێزە سیاسیەکان لە حکومەتدا، ئایندەی حوکمڕانی لەکوردستاندا چۆن دەبینیت؟

ئاساییە لە وڵاتێکی دیموکراسیدا بەتوانا و بەرکەوتەیی دەنگی خۆت و بەجێگیرکردنی بەرنامەکەت یان بەشێکی بەرنامەکەت لەحکومەتدا بەشداری بکەیت. بەتایبەت کە بەرنامەی حکومەتی نوێ لەگەڵ پرنسیپی حزبەکەت و دروشمەکانی بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەتدا بگونجێ وە ھەموو حزبێک کە دەچێتە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە بەنیازی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ھەبێت و پرۆژەکەی یان بەشێکی جێبەجێ بکات، دەنا دەبێتە ئۆپۆزسێۆن.

ئەمە لەکاتێکدا ئاساییە و دروستە کە پرۆسەی ھەڵبژاردن دوور لە ساختەکاری بەڕێوە بچێت و سەرەنجامی ھەڵبژاردنەکە لای ھەموان پەسەند بکرێت.

ئەوەی ئاسایی نییە لە کوردستاندا ھەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت و سەرلەبەری پرۆسەکە بەساختەکاری و خۆسەپاندن بەھێز بزانیت و پاشان لەبەر دەستکەوت و پلە و پۆست ڕازی کردنی نوخبەیەک لە کادری ھەلپەرست و بێ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەکە ھەڵبگریت و ببیتە شەریکی ئەو حزبانەی کەدەنگەکانیان خواردویت و ھەزار و یەک ڕەخنەت لێیان ھەبووە.

ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی بکەیت، کەچی دەنگ بۆ سیستمێکی سەرۆکایەتی بدەیت.

بانگەشەی بەدامەزراوەیی کردنی دەوڵەت بکەیت، بەڵام لەناو ماڵەکەی خۆتدا بەھایەک بۆ دامەزراوەکانت نەھێڵیتەوە و لە دەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بکەیت.

ئەوە نائاساییە کە ئەزمونێکی زۆر تاڵ و تفتت لە کابینەی پێشودا لەگەڵ ھەمان حزبدا ھەبێت و بەناشرینترین شێوە لەحکومەت و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بکەیت.

ڕێکخەرە گشتیەکەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا کراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر ھەمان دامودەزگای ئەو حکومەتە.

خەڵکەکەی خۆت سزای قورست بدات و دەنگت نەداتێ، بەڵام یەک کەس تەحەمولی ئەم شکستە نەکات و دەست لەکار نەکێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەکان و ناڕازیەکانی خۆت سزا بدەیت.

ئەوە نائاساییە کە سوور بزانیت موجامەلە و پێدانی پۆست زیاد لەقەبارە و ئیستیحقاقی خۆت جۆرێکە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواکارییە قەبەکانی دەسەڵاتەوە.

گۆڕان لە کوێی ئەم ھاوکێشانەی ئێستادایە، قسەتان لەسەر شوناسی سیاسی و وەزیفەی مێژوویی چیە؟

گۆڕان ئێستا بەشێکە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرا و خەڵکێکی زۆریش قوربانی بۆدا چاککردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بوو، نەک پلە و پۆست و ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەکردووە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵک بکات، بەڵکو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵک لەگەڵ سیاسەت ئاشت بکاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتکردنە لە دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵکی ئەم ھەرێمە، لەوەی کە گۆڕان ھەوڵێک بێت بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانکاریەکان.

ناکۆکییە جەوھەریەکان لەگۆڕاندا چین، دەکرا بزوتنەوەکە بەم دۆخەی ئێستا نەگەیشتایە؟

بەگشتی ناکۆکی لەسەر جۆری ئیدارەدان و دیاری کردنی سیاسەتی بزووتنەوەکە و ناڕوونی لەجۆری دروستکردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەکەدا. کەموکوڕی  لە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکەیە.

وازنەھێنان لە تەکەتول و سەرکردن بەیەکدا، سیاسەت کردن بۆ سیاسەت نەک بۆ گۆڕانکاری، دروستکردنی ھەندێ کەسی بێ ئیرادە و ڕیاکەر لە دەوری سەرکردەکان.

کاتی دامەزراندنی کۆمپانیای وشە و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە ھەندێک جیاوازی لاوەکی لە بۆچونمان ھەبوبێت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو کاک نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ ھەبوو کە ھەموومان لەسەری کۆک بووین ھەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەکردەوە کە خەباتی بۆ بکەین: یەکەمیان دژایەتی گەندەڵی لە کوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بە بنەماڵەو بە خێزان بوونی سیستم و سیاسەت بە گشتی لە کوردستاندا، زۆر بەداخەوە کە ئێستا لە ھەموو حزبێک زیاتر ئەم دیاردانە بە گۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناکۆکی جەوھەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا.

لەکۆتاییشدا ڕێککەوتنی ژێر بە ژێری دەستەیەکی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسا و بڕیارانەی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەک بۆ دژایەتی گەندەڵی و دروستکردنی حکومەتی ھاوڵاتیان، جگە لەوەی دەستکەوتی ئابوری نوخبەیەکی بەرژەوەندی خوازی ناو گۆڕانە بۆ بەرجەستەکردنی پایەکانی تەوریسی سیاسی. ئەمە ھەموی دوور لەئیرادە و بڕیاری جڤاتەکانی گشتی و نیشتیمانی و ھەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش کراوە.

کێشەی موچە بۆچی چارەسەر ناکرێت، لەکاتێکدا ئومێدێکی گەورە لەسەر ئەوە ھەڵچنرا بوو دوای ناردنی پارە لە بەغداوە کۆتایی بەم کێشەیە بێت؟

وا چاوەڕوان دەکرا کە ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق تەرخانکرابوو بۆ ھەرێمی کوردستان کێشەی موچە چارەسەر بکات، دیارە بە ھیمەتی زۆری پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا توانرا کە ئەو بەشە بودجەیە لە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر بکرێت لە بەرامبەر ڕادەست کردنی نەوتدا، کە لە ڕاستییدا حکومەتی عێراق تەنھا داوای ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا کردووە، لە کاتێکدا ئەوان لە ئێمە باشتر ئەزانن کە بەرھەم ھێنان لە کوردستاندا بەئاشکرا و دزییەکانەوە زۆر لەوە زیاترە.

لەسەرەتای ساڵەوە بەغداد باپەند بوونی خۆی بەناردنی بەشە بودجەی کوردستان جێبەجێ کردوە، بەڵام لێرە حکومەت نە دەتوانێ موچە خوراوەکان قەرەبوو بکاتەوە، نە چارەنووسی پاشەکەوتەکانیش دیاری دەکات، بەڵکو ئەو پارەیەی کە دێت وەک خۆیان دەڵێن دەدرێتەوە بە قەرزی کۆمپانیا و وڵاتەکان.

بە بۆچونی من خەلەلەکە ئا لێرەدایە، ھەرگیز نە ئێمەی خەڵکی ھەرێم نە حزبەکانیش نە بەغدادیش نازانیین ئەم ھەموو قەرزە چییە کە دەبێت تا چەندین ساڵی تریش گیرۆدەی دانەوەی بەین، لێتان ناشارمەوە وە پێشتریش لەچاوپێکەوتنێکدا پار ساڵ گوتومە گومانی تەواوم ھەیە کە ئەو قەرزانەی باس دەکرێت کە گوایە لەو وڵات و کۆمپانیا و بانکانە کراوە، نەک ھەر ناشەفاف و ناڕوونە و دوور لە ھەموو چاودێرییەکی پەرلەمان کراوە، بەڵکو ئەمڕۆش ھیچ بەرھەمێکی دیار نییە کە بۆ خزمەتی ھاووڵاتیانی کوردستان بەکار برابێت، تەنھا خۆیان و خوا دەزانێ کە چونەتە حسابی کێ و لەچ کەناڵێکی تاریکدا وونکراوە، ئێستا ئێمە وەک ھاونیشتیمانیانی ئەم ھەرێمە دەبێت ئەو قەرزە بدەینەوە، لەبەر ئەوە ھەتا ئەم قەرزە نادیارە تەواو نەبێت و پڕنەکرێتەوە نەپارەی ھەرێم و نە ھی عێراقیش ناچێتە خزمەتی ھاوڵاتییانەوە.

جگە لەوەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکەش نانێرن، جگە لە ناشەفافی ھەموو داھاتەکانی تریش، جگە لەھەموو مەسرەفە قورسەکانی لێپرسراوان و دەزگاکان، جگە لە تەخشان و پەخشان کردن بۆ حزب و میدیا زەبەلاح و دامەزراوەکانی تری، جگە لە مەسرەفی حیمایە و میوان و سەفەر کە مانگانە ملیۆنەھا دۆلار دەخەمڵێنرێت. کەواتە چۆن موچە و خزمەتگوزاری دابین دەکرێت ؟!!

کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بۆچی وەک نەخۆشیەکی درێژخایەنی لێھاتوە و چارەسەر ناکرێت؟

کێشەکانی ھەرێمو بەغدا زۆرن کەبێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغکردنەوەی کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکانە، بەتایبەتی کەرکوک، ئاشکرایە کەسیاسەتی حکومەتەکانی عێراق پێش پرۆسەی ئازادی ساسەتێکی نەتەوە پەرستانە بووە ، ئەوەی پێیان کرا کردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی کەکوک، بەڵام دوای ٢٠٠٤ بارودۆخێکی وا ھاتە پێش کە دەکرا لەھەندێ قۆناغدا چارەسەر بکرێت یان تا ڕادەیەکی باش ناکۆکیەکان کەم بکرێتەوە، وەک لەکاتی نوسینەوەی دەستور و دامەزراندنەوەی حکومەتی عێراق کە کورد باڵادەست بوو خاوەن پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی گەورە بوو، یان لەکاتی دەرکردنی داعش و کەوتنە دەستی ئەو ناوچانە بۆ ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە.

لەحاڵەتی یەکەمدا بەشێوە دیبلۆماسییەکەی دەتوانرا لەڕێگە یاساییەکەیەوە فشار بکرێت کە بە مادەی ١٤٠ لەدەستوردا دیاری کرابوو. لەحاڵەتی دووەمیشدا بە بوونی سیاسەتێکی تەندروستی ھەرێم لەو ناوچانە کە وابکات نەک تەنھا کورد بەرگری لە دەسکەوتەکانی بکات، بەڵکو عەرەب و تورکمان و کلدانی و ئاشوری و ھەموو پێکھاتە ناڕازیەکانی تر بە موڵکی خۆیان بزانیایە و بەرگریان لێبکردایە، نەک تەنھا موڵکی پارتی و یەکێتی بێت. بەڵام لەھەموو حاڵەتەکاندا ناکۆکی نێوان ھەردوو حزبە فەرمانڕەواکەی کوردستان لەسەر نفوز و دەسەڵات و نەوت لە کەرکوک و ناوچەکانی تر نەک تەنھا پێگەی ھەرێمیان لاواز و بێبەھا کرد بەڵکو دانیشتوانی ڕەگەز و ئاینی جیاوازی ئەو ناوچانەشییان لە سیاسەتی ئەم دوو حزبە نائومێد کرد، کە وەک سیاسەتی کورد تەماشایان دەکرد.

ڕاستییەک ھەیە دەمەوێت زۆر بە ڕاشکاوانە بیڵێم کێشەی کەرکوک دوای پرۆسەی ئازادی ئەوەندەی کێشەی نێوان پێکھاتە سیاسیەکانی کورد خۆیەتی، ھێندە کێشەی ھەرێم و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان نییە، ھێندە کێشەی ململانێی پارتی و یەکێتییە بۆ بەتاڵان بردنی سامان و داھات ھێندە کێشەی سیاسی ھەرێم و بەغداد نییە، دڵنیام گەر ڕۆژێک پارتی و یەکێتی بە یەکگرتویی و یەک دەنگی داوای چارەسەری کێشەکەیان بکردایە، زۆر باش دەیانتوانی لەگەڵ بەغدادا یەکلایی بکەنەوە، تا ئێستا کە لەڕووی سەربازییەوە لەدەستیشمان داوە شەڕ لەسەر دەسکەوتێکی ئایندەیی وەھمی و خەیاڵی دەکەن، لە کاتێکدا ھەموو جومگەکانی ئەو ناوچانە لەدەست بەغدایە کەچی شەڕ لەسەر دانانی پارێزگارە کە خوا دەزانێت ئەگەر داشبنرێت لەم بارودۆخەدا دەتوانێ پارێزگاری شارەکە بێت یان نا.

بێ دوو دڵی دەڵێم کێشەی ئەو ناوچانە دەرەنجامی نەبوونی مۆدێلێکی سیاسیی  و ئابوری و کلتوری ئەم دوو حزبە بوو بۆ بنیادنانی پێکەوە ژیانێکی دادپەروەرانە لە نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لەگەڵ یەکتر، کە ھیچ پێکھاتەیەک ھەست بە خۆکەمبینی چەوسانەوە و غوبن نەکات. بۆیە کێشەی نەگەڕانەوەی کەرکوک و ئەو ناوچانە بەرھەمی ئەم شکستە سیاسیی و ئیداری و سەربازیەیە کە لەپاش ڕیفراندۆم قوڵتر بۆتەوە، نەک تەنھا کێشەی ڕەگەزپەرستیی و تایفی، بێگومان ھەر ئەم ئیفلیجی و شکستە سیاسیی و ئیداریەی یەکێتی و پارتی بوون کە وایکرد وڵاتانی دراوسێ زیاتر بێنە ناو کێشەی کەرکوکەوە و ببن بە ھۆکارێکی تێکدان و چارەسەر نەکردن.

چ ئومێدێک دەبینن لەو نائومێدیەی ئێستا باڵی کێشاوە بەسەر بارودۆخی ھەرێمدا؟

ڕاستە نائومێدییەک باڵی کێشاوە بەسەر بارودۆخی ھەرێمدا، خەڵکی متمانەیان بە ھەڵبژاردن، پەرلەمان، حکومەت، دادگاکان، حزبەکان.....ھتد، زۆر لاواز بووە، وا ھەشت مانگ تێپەڕی کەچی لەبەر ململانێی حزبی و تەکەتولاتی ناو حزبەکان خۆشیان لەسەر دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازات ئەم حکومەتە دانامەزرێت. ئەگەر لە ٢٨ ساڵی ڕابردووشدا دەسکەوتێک لەڕووی سیاسییەوە بەدیھاتبێت و چەند ھەنگاوێک بەرەو دیموکراسیەت نرابێت، بەڵام ئێستا نەک تەنھا مەترسی لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانە ھەیە، بەڵکو مەترسی پایەدارکردنی مۆدێلێکی نوێ بەدەسەڵاتگەرایی بنەماڵەیی و خێزانی لەئارادایە کە لە نوسینەوەی دەستور یەکلا بکرێتەوە.

ھەر چاودێرێکی سیاسیی ڕەخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بکات ئەو ڕاستییە دەبینێت کە خول بەخول پەرلەمانی ھەرێم بەرە و لاوازکردن و لەدەستدانی ھەیبەتی دەبرێت، لەکاتێکدا پەرلەمان دڵی زیندووی سیستمی دیموکراسیە.

سەیرە لە خولی یەکەمی پەرلەماندا کەسانی زۆری خاوەن پسپۆری یاسایی و ئابوری و ھەتا سیاسی دەسەڵاتدار لە سەرۆک حزبەکان و مەکتەب سیاسیەکانی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ ھەموو ڕێزێکم بۆ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بووە بە جێگەی دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ بێئیشەکانی حزب کاتێک ئەمە دەڵێم ئەو ڕاستیەش دەزانم کە ھەندێکی کەمیان شارەزایی باشیان ھەیە و جێگەی سوود و ڕێزن بۆ ھەرێم..... زۆر شتی تر ھەیە کە جێگەی بەراورد کردن نەماوە.

بەڵام لە ھەموو ئەم کەموکوڕیانەدا لەدەرەوەی ئەم دەزگا و حزبانەدا، ھەست بە ئیرادەیەکی بەھێز بۆ خەمخواردن لەچارەنووسی ئەم ھەرێمە. بایکۆتکردنی سەروو لە ٥٠% ی خەڵکو دەنگ نەدانییان بەو حزبانە دوو دیاردەی پۆزەتیڤی لێدەخوێنرێتەوە، یەکەم:  بەبێ جیاوازی لە نێوان حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆندا خەڵک بە دەنگ نەدانیان سزای ھەموو حزبەکانیان دا، پێیان ووتن کە لە ئێوە ناڕازین و حوکمی ئەم وڵاتەتان پێ ناکرێت، دووەم: ئەوانەشی کە بایکۆتیان کرد سەرەڕای ئەوەی کە دەنگیان نەدا بە حزبەکانی خۆیان دەنگیشیان بۆ حزبەکانی تر نەبوو، واتا تەواو بێزار و نائومێدن لە ھەموو سیاسەت و سەرکردەکانی ھەموو حزبەکان.

 ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانین، ئیرادەی ئەوەمان ماوە کۆمەڵگاکەمان ھەرشتێکی پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری و باشکردن بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەین .

کۆی ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە وشیاری دەنگدەر بەرەو سەرەوە چووە و چیتر دەنگی خۆی ناداتەوە بە حزبێک کە نوێنەرایەتی نەکات و لەگەڵ پرنسیپ و دروشمەکانی خۆشیدا ڕاستگۆ نەبێت.، چیتر دروشمی بریقەدارو کوردایەتی موزەیەف و فرۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیی و قودسیەتی ھیچ کەس و بنەماڵەیەک نابێت دەنگدەر بگەمژێنێت و ھەڵبخڵەتێنێ.

بۆ من جێگەی ئومێد و دڵخۆشیە کە ئیرادەیەکی پۆزەتیڤ ماوە، یاخی بوون لەپێناو حەق ماوە، وشیاریەکی ڕەخنەگرانە لە برەودایە کە دەکرێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەو خەڵکە ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر بدۆزێتەوە و متمانەی پێبکات .

خۆشبەختانە ھەم ویژدانی زیندوو لەناو ھەموو چین و توێژەکان و ھەتا لەناو حزب و ڕێکخراوەکانیشدا ماوە، ھەروەھا ڕۆشنبیری وشیار و بەتوانا و دڵسۆز ماوە کە دەتوانن کاریگەریەکی باشیان لەسەر زھنیەتی خەڵک ھەبێتو ببنە بەشێکی گرنگ لەمانەوەی ڕوحی بەرگریی و گۆڕانکاریدا.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-06-03
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]