سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
کوردستان

رۆژنامەیەكی لوبنانی: بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم دەیان ملیۆن دۆلار بۆ حكومەتی لوبنان پێشنیار كراوە

زێد نیوز:

رۆژنامەیەكی لوبنانی لە راپۆرتێكیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك هێشتا لە وڵاتی لوبنانە و گەشتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی لێ‌ قەدەغەكراوە و پاسپۆرتە ئەمریكییەكەی لێ‌ وەرگیراوەتەوە.


رۆژنامەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم و گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان دەیان ملیۆن دۆلار وەك "بەرتیل" پێشنیار كراوە بۆ حكومەتی لوبنانی. 

رۆژنامەی "ئەخبار"ی لوبنانی لەراپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی هەولێر و هەندێك لەسەركردە عێراقییەكان بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو كێشەیەی تێوەی گلاوە، دەیان ملیۆن دۆلار بۆ لایەنە عێراقی و لوبنانییەكان خراوەتەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو لە 22ی ئەم مانگە لە بەیروت دەستگیركرا بەڵام دوای رۆژێك ئازادكرا لەگەڵ قەدەغەكردنی گەشتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لێی.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، نەجمەدین كەریم رۆژی 22ی ئایار لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری لەبەیروت لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیركراوە و دوای رۆژێك ئازادكردنی گەشتی دەرەوەی لوبنانی لێ قەدەغەكراوەو دەست بەسەر پاسپۆرتە ئەمریكییەكەشیدا گیراوە. 

رۆژنامەكە روونیدەكاتەوە، پارێزگاری پێشووی كەركوك ناتوانێت ئەو وڵاتە جێبهێڵێت تا ئەو كاتەی عێراق دۆسیە یاساییەكەی دەنێرێت بۆ بەیروت بۆ لێكۆڵینەوە. 

رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات، نەجمەدین كەریم بە تۆمەتی رۆڵی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و یاریكردن لە پارەی نەوتی كەركوك و خستنی بۆ سەر هەژمارێكی تایبەت، لە وڵاتی لوبنان راگیراوە. 

(ئەخبار)ی لوبنانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و بە نێوەندگیری چەند لایەنێكی سیاسی بەغدا هەوڵی چڕیانداوە بۆ ئازادكردنی بەڵام دادگای لوبنان چاوەڕوانی تاوتوێكردنی دۆسیەكەیەتی بۆ ئەوەی رادەستی حكومەتی عێراق بكرێتەوە.

رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی دبلۆماتی عێراقییەوە بڵاوی كردۆتەوە، بەغدا لاری نییە لەوەی نەجمەدین كەریم لە لوبنان بهێڵرێتەوە، دەنگۆی ئەوەی بەغدا پەلەیەتی رادەستی بكرێتەوە، دورە لەڕاستییەوە...ئێمە نەجمەدین كەریم-مان دەوێت بەڵام دەمانەوێت دادپەروەیی رێڕەوی خۆی وەربگرێت. 

رۆژنامەكە جەخت دەكاتەوە، حەواڵەی دارایی لەنێوان هەولێرو بەغداو بەیروتدا بەشێوەیەكی زۆر بەرزبۆتەوە ئەوەش بە ئامانج رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو دۆخە قورسەی تێی كەوتوە. 

ئاماژە بەوەش دەكات، بۆ ئەو مەبەستە پارەیەكی زۆر بۆ لایەنە لوبنانی و عێراقییەكان خراوەتەڕو كە گەیشتۆتە دەیان ملیۆن دۆلار.



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-05-25
زیاتر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]