سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

حكومەتی هەرێم: سێ‌ مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە نەك چوار مووچە

زێد نیوز:

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە لە بەغداوە چوار مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نێردرابێت و رایدەگەیەنێت "لەگەڵ بەغدا تا ئێستا رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوت نەكراوە".


لەمیانەی لێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمریكا، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی "بە دڵنیاییەوە مووچەی چوار مانگ لە بەغداوە نەهاتووە و سێ مانگ هاتووە و ئەو سێ مانگ دواكەوتنەی لە مووچەدا هەیە هی ساڵانی ڕابردووە و هەر ماوە".

بەوتەی دزەیی بۆ ئەوەی ئەو سێ‌ مووچە دواكەوتووەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدەن پێویستییان بە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە و دەڵێت "لەئێستادا ئەو بڕە پارەیەمان لەبەردەستدا نییە". 

وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونیدەكاتەوە، بەپێی یاسا حكومەتی عێراق ئەو بودجەیەی لە 2014دا لە هەرێم بڕیوە و بەبڕوای ئەو دەبێت حكومەتی عێراق بیداتەوە بە هەرێم. 

دەشڵێت "ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن لەسەر ئەوە، ئەوكات مووچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە بە فەرمانبەران".

دەربارەی 68 ملیار دینارەكەی پێشمەرگەش، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە كردووە، هێشتا بەغدا ئەو بڕە پارەیەی پێشمەرگەی نەناردووە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی پرسی ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا وتی، هەرێم لەڕووی "پرنسیپ"وە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە كە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە كە پێویستە لەو پرۆسەیە چارەسەربكرێت.

جەختیشی كردەوە"ئەو بابەتە پەیوەندیی هەیە بە بودجەوە نەك مووچە، بەدڵنیاییەوە پێویستە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ چارەسەرێك نەدۆزراوەتەوە".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-05-20
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]