سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

بۆچی كۆمپانیای بابلیۆن مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوان ئەنجام دەدات؟

زێد نیوز:

رۆژی 20ی مانگی كانوونی یەكەمی 2018 لەئاهەنگێكدا كە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، كۆمپانیای بابلیۆن مەراسیمێكی بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2018، ئەنجامدا.

(زێد نیوز) لەسەر زاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندیی كۆمپانیای بابلیۆن‌و گرنگیدانی ئەو كۆمپانیایە بە مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان، ئاشكرا دەكات. 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (زێد نیوز)ی وت "ساڵی یەكەم كە شاجوان هەڵبژێردرا هەماهەنگی كردووە لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان‌و چەند رێنماییەكی دەستەكەی جێبەجێ‌ كرد‌و هەندێك كاری بۆ گەشتوگوزار كرد بەڵام دواتر ئەوانی تر بەهیچ شێوەیەك نەچوونەتە دەستەی گەشتوگوزار‌و هیچ حسابێكیان بۆ دەستەكە نەكردووە‌و هیچ كارێكیشیان بۆ گەشتوگوزار‌و هەرێمی كوردستان نەكردووە تەنها بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان شوقە‌و ئۆتۆمبێل‌و موچەیان درایە". 

سەرچاوەكە رەخنەی لەوە گرت كە زۆرجار لەهەندێك دۆخی كوردستاندا مەراسیمەكە ئەنجامدراوە كە قورسایی‌و بارگرانییەكی زۆر لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە‌و نەدەكرا خەڵك بەو جۆرە چالاكییانەوە سەرقاڵ بكرێت. 

روونیشیكردەوە "باچیتر بە شكڵ خەڵك هەڵنەخەڵێتێنین كە چووینەتە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا بەڵام لەڕووی دابینكردنی خزمەتگوزاری رۆژهەڵاتی تەواویش نەبین، ئێمە بابێین بەكار‌و كردەوە خزمەتی خەڵك بكەین‌و گەشتوگوزار ببەینە پێشەوە". 

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسیاری ئەوەشی كرد "شاجوان چی بۆ كوردستان دەكات هەر لەبەرئەوەیە كە لەكەناڵەكان دەربچێت كە پرۆسەیەكی مەدەنی لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت بەڵام لەناوخۆی خۆماندا دونیایەك پۆخڵەوات‌و كەموكورتیمان هەیە". 

مەراسیمی شاجوانی كوردستان ساڵانە لەهەرێمی كوردستان‌و لەشاری هەولێر لەلایەن كۆمپانیای بابلیۆن سەرپەرشتی دەكرێت‌و بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەكی تر كە سپۆنسەری مەراسیمەكە دەكەن، ئەنجام دەدرێت. 

سەرچاوە بەرپرسەكە بۆ (زێد نیوز)ی روونكردەوە "كۆمپانیای بابلیۆن سەرپەرشتی مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان دەكات كە كۆمپانیایەكی مەسیحییە‌و تەنانەت باكگراوەندی ستەیجی ئاهەنگی هەڵبژاردنی شاجوانیش سیمبوڵی ئاشورییەكانی دانابوو". 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ئەو كۆمپانیایە دەستەی گەشتوگوزار بەكاردەهێنێت بۆ كۆكردنەوەی پارە‌و سپۆنسەر‌و مەرامی خۆی". 

وتیشی "ئەو پڕۆسەی هەڵبژاردنی شاجوان كە ئەنجامی دەدات سپۆنسەری لەچەندین كۆمپانیا وەردەگرێت‌و پارەیەكی باش كۆدەكاتەوە‌و هەندێكی لەمەراسیم‌و شاجوان خەرج دەكات‌و بەشێكی زۆری بۆ خۆی قازانج دەكات". 
"بابلیۆن ناوبانگ‌و مەعنەویاتی وەزارەتی رۆشنبیری‌و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم وەك دوو دەزگای رەسمی حكومەت بۆ قازانج‌و بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان بەكاردەهێنێت" سەرچاوەكە وای وت. 

سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن لەدەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رەتیكردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و دەستەی گەشتوگوزار لەدوور‌و نزیك تەداخول لەكاری بەڕێوەچوونی ئەو مەراسیمەدا بكات كە ساڵانە لەلایەن كۆمپانیای بابلیۆن-ەوە ئەنجام دەدرێت. 
سیروان تۆفیق بە (زێد نیوز)ی وت "وەكو چاودێر‌و پاڵپشت بەشداری مەراسیمی شاجوانی كوردستان دەكەین‌و كۆمپانیای بابلیۆن سەرپەرشت‌و جێبەجێكاری ئەو مەراسیمە‌و پڕۆژەیە". 
ئەو رەتیشیكردەوە بڕە پارەیەكی زۆر لەو مەراسیمانەدا خەرج كرابێت بەپێی ئەوەی كە زۆربەی زۆری كارەكان لەلایەن سپۆنسەرەكانەوە دابین كراوە. 

بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن لەدەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بوونی ئەو مەراسیمانە لەكوردستان بەپێویست دەزانێت‌و دەشڵێت "ناكرێت كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بكات كەی بووە دەوڵەت ئینجا ئەو مەراسیمانە بكات". 

روونیشیكردەوە "ئێمە لەنزیك‌و لەدورەوە پەیوەندیمان بەشێوازی پەیداكردنی سپۆنسەر‌و هاوكاری مادی مەراسیمەكە نییە". 

وتیشی "ساڵانە وەكو كریستانەكان لەناو خۆیاندا ئاهەنگێك دەكەن‌و لەو ئاهەنگەدا سپۆنسەر‌و هاوكاری مادی بۆ ئەو مەراسیمە پەیدا دەكەن". 

لەوڵاتانی جیهان ئەم جۆرە مەراسیمانە لەلایەن رێكخراوی تایبەتمەند بە هەڵبژاردنی شاجوان ئەنجام دەدرێت‌و لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان رێكخراوێكی لەو جۆرە بوونی نییە. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-28
زیاتر...
1
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]