سەردێڕ:
زێدنیوز
ڕاپۆرت

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كه‌ی كارا دەكرێتەوە؟!

زێد نیوز:

لایەنە سیاسیەكانی كورد لەشاری كەركوك بەپێویستی دەزانن هەرچی زووە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە‌و لەو ئەنجوومەنەوە پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دیاری بكرێت.


لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017‌و گەڕانەوەی سوپای عێراق‌و بەشێك لەهێزە شیعییەكان بۆ شاری كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەكاركەوتووە‌و بەهۆی ئاوارەبوونی بەشێكی زۆری ئەندامەكانی كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، ناتوانرێت كۆببنەوە. 

رەوەند مەلا مەحمود جێگری‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ یەكێتی‌ لەكەركوك بە (زێد نیوز)ی وت "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ (دووشەممە)ی پارتە سیاسیە كوردییەكانی شاری كەركوك باس لەوە كرا كە چۆن بتوانرێت بەهەموو لایەك فشار دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە‌و لەدوای كاراكردنەوەی ئەنجوومەن هەوڵ بدرێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دیاری بكرێت". 

وتیشی "هیچ كات‌و ساتێك بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دیاری نەكراوە‌و هەوڵدان هەیە‌و ئەو كارە بەتەنها بەئێمە ناكرێت‌و دەبێت لەو بارەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستانمان لەگەڵدا بێت". 

پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارەگاكانی لەشاری كەركوك چۆڵ كردووە‌و بەرپرسانی ئەو پارتە شارەكە بە "داگیركراو" دەدەنە قەڵەم‌و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەتا دەسەڵاتی مەدەنی بۆ ئەو شارە نەگەڕێتەوە بارەگاكانی لەكەركوك دانانێننەوە. 

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك بۆ (زێد نیوز)ی رونكردەوە "پارتی دەڵێت كەركوك داگیر كراوە‌و ئێمە نایەینەوە بۆ كەركوك‌و بەڵام كە دێتە ناو كۆبوونەوەكان لەوێ‌ پاكێجی خۆی هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە". 

وتیشی "بەبێ‌ پارتی ئاسان نییە كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە، چونكە نیسابی یاسایی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەن یەك جار تەواوكراوە ئەویش توركمان‌و عەرەبەكان‌و ئەو كوردانەی كە لەكەركوكن بەشدارییان كردووە". 

رەوەند مەلا مەحمود جەختی كردەوە "پارتی هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی كە ئەنجوومەنی كەركوك كارا نەبێتەوە". 

(زێد نیوز) بۆ وەرگرتنی رای پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەو پرسە پەیوەندیكرد بە محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات. 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەدووریدەزانێت لەم قۆناغەدا بەبێ‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە. 

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە (زێد نیوز)ی وت "مەگەر بەهەماهەنگی لەگەڵ عەرەب‌و توركمانی شارەكە ئەنجوومەنەكە كارا بكرێتەوە". 

عەسكەری بۆ (زێد نیوز)ی ئاشكرا كرد"لایەنە كوردییەكان هەوڵێكیان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی لەو بارەیەوە بگەنە رێككەوتن‌و ئەنجوومەنەكە كارا بكرێتەوە". 
وتیشی "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە كارا بكرێتەوە‌و دەست بكاتەوە بە كۆبوونەوەكانی". 

بەهۆی ئەوەی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بۆتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، باسوخواسی دانانی پارێزگارێكی كورد لەو شارەدا گەرمتر بووە. 

ئەحمەد عەسكەری ئاماژە بەوە دەكات "هەموو لایەنە سیاسیەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد بێت". 

وتیشی "لەناو كوردیش ئەو پۆستە پشكی یەكێتییە بەوپێیەی كە یەكێتی دەنگی زۆرینەی هەیە لەپارێزگاكەدا". 

ئەمڕۆ (دووشەممە) لەشاری كەركوك پارتە سیاسییە كوردییەكانی كەركوك (جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان) كۆبوونەوە‌و لەپاش كۆبوونەوەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە كرا "لەكۆبوونەوەكەدا بڕیار لەوە درا كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە‌و پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكرێتەوە چونكە پشكی پێكهاتەی كوردە لەكەركوك". 

لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا لایەنە سیاسییەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر یەكڕیزی كورد لەشاری كەركوك كرایەوە بەجۆرێك كە سەرجەمی كێشە سیاسیەكان تێپەڕێنێت". 

لەبارەی دۆخی ئەمنی شارەكەش لایەنە سیاسییە كوردییەكان لەشاری كەركوك لەكۆبوونەوەكەدا داوایان كردووە یاسا‌و دەستور لەشارەكە جێبەجێ‌ بكرێت‌و دەسەڵاتی مەدەنی بۆ شارەكە بگەڕێتەوە‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی عەسكەری لەناو شاری كەركوك بهێنرێت. 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-24
زیاتر...
1
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]