سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

ئێن ئاڕتی: خاوەنی ئەو سیمكارتەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ كردووە ئەفسەری پێشمەرگەیە

زێد نیوز:

كەناڵی ئێن ئاڕتی لەراپۆرتێكیدا زانیاری نوێی لەبارەی گرتەی ڤیدیۆیی دانپیادانی ژمارەیەك لە خۆبەخشی نەوەی نوێ‌ بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد "خاوەنی ئەو سیمكارتەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ كردووە ئەفسەری پێشمەرگەیە".

لە گەشتی هەواڵەكانی ئەمشەوی كەناڵی ئێن ئاڕتیدا، راپۆرتێك لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاوكرایەوە كە سێ‌ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی گشتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە. 

بەپێی بەدواداچون و زانیارییەكان كە دەست ئێن ئار تی كەوتوون، ئەو سیم كارتەی كە نامەی پێ نێردراوە بۆ چەند پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ و لە نێویشیاندا شادی نەوزاد، سیم كارتێكی علوجە، بەڵام خاوەنی سیم كارتەكە و ئەو مۆبایلەی كە سیم كارتەكەی پێ بەكارهاتووە، كەسێكی ناسراوەو ئاسایشیش دەزانیت كێیە.

ئێن ئاڕتی لە راپۆرتەكەیدا روونیدەكاتەوە، خاوەنی ئەو سیمكارتە، ئەفسەرێكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە بە ناوی (ز.ن) و دەوامیشی لە قەزایەكی سەر بە  پارێزگای سلێمانییە، باوكی ئەو ئەفسەرەش ئامر فەوجی یەكێك لە هیزە تایبەتەكانی یەكێتییە لە شاری كەركوك و ناسراوە بە (ن.ڕ). 

هەر لە راپۆرتەكەدا، ئێن ئاڕ تی هەڵەیەكی زەقی "سیناریۆ"كەی ئاسایشی یەكیتی بۆ هاوڵاتیان دەخاتەڕوو، كە یەكێك لە دەستگیركراوەكان لە دانپێدانانەكاندا دەڵێت كە گوایە ئەو، داوای لە برایەكی كردووە ژمارەیەكی علوجی بۆ پەیدابكات و،  لەو ڤیدیۆیەی ئاسایش بڵاویكردوەتەوە گوایە دیمەنی وەرگرتنی سیمكارتە علوجەكەیە لەلایەن ئەو خۆبەخشەی نەوەی نوێوە، ئاسایش كاتی داناوە لەسەر ڤیدیۆكە كە (٢٣ی مانگی ٤)ە.

بەڵام بەپێی ئەو نامەیەی كە پەرلەمانتار شادی نەوزاد لە كۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەكەدا بڵاویكردەوەو ودواتر لە پەیجی فەیسبوكەكەیدا دایناوە، رۆژی ناردنی نامەی هەڕەشەكە ( ٢٢ی ٤)ە نەك ٢٣،  وەك لە ڤیدیۆكەی ئاسایشدا دەردەكەوێت.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەو كەناڵە، بەپێی شیكردنەوەكان رەنگە ئاسایش بەپێی رۆژی كۆنفرانسە رۆژنامەنوسیەكەی شادی نەوزاد كە ٢٤ی مانگ سیناریۆكەی دارشتبێت، بەڵام ئاسایش بیری ئەوەی نەبووە كە پەرلەمانتارەكە خۆی وێنەی نامەی مۆبایلەكەی بڵاوكردوەتەوە و دوو رۆژ پێش كۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەكە، ئەو هەرەشەیەی بۆ چووە (واتە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ ی ٤.

جەختیش كراوەتەوە، شیكردنەوەكان بەوشێوەیەن، ئەگەر ئەم سیناریۆ و دانپێدانانەش راست بێت كە ئاسایش بڵاویكردونەتەوە، چۆن دەبێت لە رۆژی دووشەممە (٢٠١٩/٤/٢٢)  نامەی هەڕەشە بۆ پەرلەمانتارەكە چووە، بەڵام گەنجە خۆبەخشەكەی نەوەی نوێ، رۆژێك دوای ناردنی ئەو نامەیە، سیم كارتە علوجەكەی وەرگرتوە (واتە سێشەممە)؟.

ئێن ئاڕتی روونیدەكاتەوە "وەك لە بەدواداچونەكاندا دەردەكەوێت، لەبەشێكی دیكەی دانپێدانانەكاندا یەكێكیان دەڵێت، شاسوار ڕایسپاردین ڤیدیۆیەك یان تۆمارێك پەیدا بكەین لەسەر شادی نەوزاد، بەڵام لە بیریان چۆتەوە كە پێشتر یەكێك لە تۆمەتەكان ئەوەبوو كە گوایە شاسوار عەبدولواحید كامێرای شاراوەی لە هەموو شوێنێكی ناو پرۆژەی گوندی ئەڵمانی داناوە، ئەی چۆن داوای بەلگە لەو گەنجانە دەكات گەر خۆی كامێرای داناوە؟".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-05-13
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]