سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

هەڵسوڕاوێكی گۆڕان: خانەی راپەڕاندن دەسەڵاتی دەركردنی ئەندامانی جڤاتی نییە

زێد نیوز:

هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی بڕیاری خانەی راپەڕاندن بە دورخستنەوەی ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی لە گۆڕان، رایدەگەیەنێت "خانەی راپەڕاندن دەسەڵاتی دەركردنی ئەندامانی جڤاتی نیە ".

بێستون فایەق هەڵسوڕاوی گۆڕان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی "جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان گەورەترین ئۆرگانی سەركردایەتی بزوتنەوەكەیەو ئەندامەكانی بە ھەڵبژاردن لە مەكۆكان یان بە دەنگدانی ناو خودی جڤات ھەڵدەبژێردرێن ، دەستوری ناوخۆی گۆڕان كە پەسەندكراوی كۆنگرەیە بە ھیچ جۆرێك دەسەڵاتی دەركردنی ئەندامانی جڤاتی نەداوەتە خانەی راپەڕاندن ". 

بەگوێرەی نووسینەكەی بێستون فایەق، بڕیاری دەركردنی رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیە لە بزوتنەوەی گۆڕان تەواو پێچەوانەو دژیەكە لەگەڵ دەستوری ناوخۆی گۆڕان ، بە پێی برگە ٣—٤ لە مادەی ھەشتەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان رێكخەری ژور بە دەنگی زۆرینەی سادەی ئەندامانی جڤات ھەڵدەبژێردرێ و بە دەنگی زۆرینەی رەھا (پەنجا + یەك ) لا دەبرێ .
نووسینەكەی ئەو هەڵسوڕاوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ (دووشەممە) خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدولرەزاق شەریف رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی لەریزەكانی گۆڕان دەركرد.

هاوكات عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری دورخستنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خانەی راپەڕاندنەوە بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات "بێ رەچاوكردنی گشت پرەنسیپە دەستوری‌و یاساییەكان، گشت عورفە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییەكان، دوای كۆتایی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە ئێوارەی 28/4 دا، بەیانی رۆژی دواتر وەكو هەر هاوڵاتییەك هەواڵی دورخستنەوەم لە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندنەكانەوە بیست". 

لە روونكردنەوەكەدا عەبدولڕەزاق شەریف روونیدەكاتەوە، بزوتنەوەكە بەلاڕێدابراوە و لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا لایداوە. 

جەختدەكاتەوە لە  برەوپێدانی "گەندەڵی مالی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌"و "گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون" لەناو بزوتنەوەی گۆڕان. 

بەگوێرەی روونكردنەوەكەی عەبدولڕەزاق شەریف، سادەترین پابەندبوون بە كاری دەستوری‌و رێكخراوەیی‌و عورف‌و ئەخلاقی سیاسی‌و هاوڕێیەتی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە و دەڵێت " لەبری ئەوە كار بە گیانی كۆنەقین ‌و پاراستنی بەرژەوەندی تاك‌و گروپی جیاجیا، دەكرێت". 

جەختیش دەكاتەوە "بەندە لە تەمەنی كاری سیاسی خۆمدا، لەچوارچێوەی پەیڕەو و دەستوری رێكخراوەیدا، هەمیشە بە ئەركی خۆمەوە پابەندبوم‌و لە هەر ئۆرگانێكدا كارم كردبێت، بەگژ دیاردە دزێو‌و ناشیرینەكاندا چومەتەوە‌و باجەكەشیم داوە، ئەو بڕیارەی گروپێكی خانەی راپەڕاندنیش كاردانەوەی هەڵوێستەكانم بوە‌و شانازی پێوە دەكەم، چونكە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەركەی سەرشانی خۆم‌و هاوڕێكانم قورستر بوە، نە یەكەم كەس‌و نە دوا كەس دەبم لەو بەگژاچونەوە‌و تەسفیەكردنە". 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-04-29
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]