سەردێڕ:
زێدنیوز
ڕاپۆرت

شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر..مام جه‌لال چۆن نه‌خۆشكه‌وت؟!

زێد نیوز:

به‌رزان عوسمان


۱۷ی دیسامبر هاوکاتە لەگەڵ روداوی شەش ساڵ لەمەوبەردا ،ئەوە بو شەوی دوشەممە لەسەر سێشەممە ۱۷ ی دیسامبری ساڵی ۲٠۱۲ تا دەوروبەری سەعات ۹ی شەو لەگەڵ کاک شێخ ماکۆک سکرتێری رۆژنامەیی سەرۆک مامجەلال لەسەر خەت بوم بۆ ئەوەی هەواڵی دیداری سەرۆک مامجەلال بڵاو بکەینەوە کە بە زمانی عربی بە ئامادەکراوی لای من بو (شێخ سیاغەی کردبو) ،دوای سەعات نۆ ئۆکەی بۆ هەواڵەکە کرا و لەسایتەکەی سەرۆکایەتیی بە هەردو زمان بڵاو کرایەوە .کەچی سبەینێ ی ئەو رۆژە ،واتە( سێشەممە ۱۸ی دیسامبر ) دەوری سەعات هەشتی بەیانی سامناکترین هەواڵم پێگەیشت کە هەم باوەڕ نەکردەنی بو ،هەم هەواڵێکی سڕ کەر و بێزار کەر بو ،ئەویش نەخۆش کەوتنی حەکیم و و تیمارکەری دەرد و نەخۆشییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەشەوە بو ،نەم ئەزانی چۆن پێشوازیی بکەم لەو هەواڵە دڵتەزێن و ئاڵۆزە ، چۆن مامەڵەی لەتەکدا بکەم .ئاخر من هاتبومەوە بۆ سلێمانی مۆڵەتم لە سەرۆک مامجەلالی مەزن وەرگرتبو چونکە باوکم (پێشمەرگەی دێرینی هەردو شۆڕشی ئەیلولی مەزن و شۆڕشی نوێ) ،لە قۆناغێکی ترسناکی نەخۆشیەکەیدا بو،لەبیرەوەرییەکانی {چەندوێستگەیەک لە خەباتی شاخ و مەدەنیی و حەوت ساڵەکەم لە خزمەت مام دا } بەدرێژی باس ئەکەم ،بۆیە مۆڵەتم لە جەنابی سەرۆک خواست و گەڕامەوە بۆ سلێمانی واتە کە سەرۆ مامجەلالی مەزن نەخۆش کەوت لەوێ نەبوم .سات و وەختێکی زۆر ناخۆش و سەخت بو سەرۆک کۆمارێکی بەهێز و یەکلایی کەرەوەی هەمو قەیرانەکان لەم ساتە دژوارەدا نەخۆش بکەوێت .
دەستبەجێ کەوتمە گەڕان بە دوای سایتی نەیاران و پڕوپاگەندە چی و درۆزنەکاندا،باش بو هیچیان بڵاو نەکردبوەوە ،بە تایبەتیی عەرەبیی و عێراقییەکان .لەناکاو تلفۆنێکم بۆ کرا کە سایتێکی کوردی هەواڵێکی خراپی بڵاو کردۆتەوە ،دەستبەجێ تەلفۆنم بۆ سەرنوسەرەکەی کردو پرسیارم لێکرد ئەو هەواڵەیان چۆن و لە کێ وە دەستکەوتوە؟! ،راستیی روداوەکەم پێ وت ،خوا هەڵناگرێت جەنابیان زۆر بە ئەدەبەوە داوای لێبوردنی کردو شێوازی هەواڵەکەی بەو جۆرە بڵاو کردەوە کە لە منی بیست (ئەویش ئێستا تەندروستیی سەرۆک جێگیرە و قۆناغی مەترسیی تێپەڕاندوە).ئیتر یەکسەر بەرەو بەغداد بەڕێکەوتم ،ئەوە لە رێگەش هەر خەریکی پەیوەندیم لەگەڵ هاوکارەکانم لە بەغداد ،لەولاشەوە پەیتا پەیتا لە هەمو کەناڵەکانەوە تلفۆنم بۆ ئەکرێت و وەڵامیان ئەدەمەوە (کوردستانی ،عێراقیی،عەرەبیی، ناوچەیی ،ئیقلیمیی،و جیهانیی)،چونکە منیان بە ئاسانتر دەست ئەکەوت .چەندین رادیۆی وەک بی بی سی و سەوا بە راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە کردم ،ئاژانسەکانی ئەنادۆڵ ،فرانس پرێس ،رۆیتەرز و ئەوانیتریش بە هەمان شێوە ، خۆشبەختانە هەمویان بەو جۆرە روماڵی هەواڵە دڵتەنگ و ناخۆشەکەیان کرد کە لە زاری منەوە وەریان ئەگرت .لەناکاو یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان لە زاری ناحەزێکەوە هەواڵیێکی درۆ و ناخۆشی بڵاو کردەوە ، من لەرێگە بوم ئاگاداری ئەو هەواڵە نەبو بەڵام دوبارە لێشاوی تەلەفۆن بە گریان و دڵتەنگیەوە گوێی منی بێکەس و لێقەوماوی ئەوساتەیان پڕ کرد تا راستییەکەیان پێ بڵێم ، بەعەرەب و کورد و فارس و تەنانەت هەندێک رۆژنامەی ئەمریکایی و بریتانیاییشەوە پەرۆشیان بو بڵێم وانییە .منیش وەک لە مامی خۆمانەوە فێر ببوم بە ورەیەکی بەرزەوە دڵنیام ئەکردنەوە لە ناراستیی هەواڵەکە دەمزانی مام سەلامەتە ،دەستبەجێش تەلەفۆنم کرد بۆ ئەوکەناڵە زۆر توڕە بوم لێیان بە کوردیی و عەرەبیی ئەوەی بە دەمدا هات پێم کردن کە شەرم ناکەن هەستی خەڵک بریندار ئەکەن دڵی خەڵک دائەخورپێنن ، ئەوانیش هەستیان بە هەڵەگەورە و درۆ شاخدارەکەیان کرد و دەستبەجێ لەسەر شاشەکەیان سڕیەوە و داوای لێبوردنیشیان لە گەلی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار کرد ،دواتریش کەسی بەرپرسیاری ئەو سەرپێچیەیان سزا دا و بە نوسراوێکیش ما جەراکەیان بۆ ناردین .ناخۆشترین و کاریگەرترین پەیامی تەلەفۆنیی ئەوەی بەیانی ژنم بو کە بە دەنگێکی زۆر حەزینەوە و چاوەڕێی بەدرۆ خستنەوەی هەواڵەکە بو پێی وتم بەرزان ئەوە راستە ؟! هەمو سلێمانی شین وشەپۆڕیانە دە شتێک بڵێن و بڵاوی بکەنەوە بەدرۆی بخەنەوە،منیش لەگەڵ ئەو ورە و باوەڕە پتەوەی کە هەمبو بەوەی مام سەلامەتە ،دڵم پڕ بو قوڕگم پڕ بو لە گریان بەڵام خستمەوە ناخمەوە و تا ورەی ئەو نەڕوخێنم ،دەستبەجێ پێم وت بەقوربان هەموی درۆیە و ئێستا دکتۆرەکان کۆنگرەی رۆژنامەیی ئەبەستن و بەدرۆی ئەخەنەوە خەمت نەبێت !منیش بەدرۆم خستۆتەوە پێم وت بەدواداچونێکم بۆ بکە بزانە ئەو تلفزیۆنە درۆکەی خۆیان پوچەڵ ئەکاتەوە .{ئاخر من پلەی لێپرسراویەتیم لەو ئاستەدا نەبو دەستبەجێ وەها هەواڵێک بەدرۆ بخەمەوە و لە شوێنی روداوەکەش نەبوم ،واتە لە بەغداد لە شاری پزیشکیی (مەدینە توب) نەبوم .ئەوەشی کە دەمکرد لە پەرۆشییم بو لەرێی تەلەفۆنەکانەوە بو کە لەگەڵ برادەرانی بەغداد وە پێم ئەگەیشت و بەردەوامیش بە ناوی ئەوانەوە قسەم ئەکرد (لەوکاتەشدا بیری پلە و زنجیرەی لێپرسراوێتیی و هەستکردن بە ناسکیی بارودۆخەکەم هەبو).بەهەر حاڵ تاگەیشتمە بەغداد ئارامم لێ بڕابو .کە چومە ئەوێ کەمێک ئارام بومەوە و لەنزیکەوە بارودۆخەکەم بینی و لەئاستی مەسەلەکان حاڵی بوم .لەو کاتەشدا باوەڕم بە ئیرادە ورەی بەرزی سەرۆک مامجەلالی مەزن بەهێز بو کە خۆی رائەگرێت و ئەو بومەکەرزەیە کاری تێ ناکات و بڕوام بەهێز بو کە مامی خۆمان زیانی پێ ناگات و بەردەوامە لە ژیان.هەرچەندە کە ئەو قسەیەم کرد پزیشکێکی پسپۆڕ پێی وتم بەرزان گیان لەروی زانستییەوە بارودۆخەکە شتێکی ترە لای تۆی پێشمەرگە و سریالی شتێکی ترە،وتی "ئەوەی تۆ ئەیڵێیت خواست و هیوا و خۆزگەی نوسین و چیرۆکەکانە"
.لە مەدینە گب ی بەغدادەکەی مام دوشەوی زۆر ناخۆش و پڕ لەدڵەراوکێمان بەڕێکرد ،هەریەکە بارێک خەممان لەکۆڵ هەڵگرتبو ، هیچمان پێ نەئەکرا بۆ سارێژبونی ئەو زامە بەڵام نزیکبونمان لە یەکتر و لەدەوری مام لانی کەمی خەماکانمانی ئەڕەوانەوە ،تەنانەت دکتۆر موەفەق کە ئەو شەوە گەیشتبوەوە سوید دەستبەجێ گەڕابوەوە بەغداد (چی بکات لەو تەنیاییەیدا ). زۆرسەیر بو من هەستم ئەکرد کە مامی خۆمان سەلامەتە و چارەسەری ئاسانە.دوتیمی پزیشکیی کە هاتبون بێ ئومێدییان دروستکرد ،من هەر ئەموت وانییە،سەرەنجام تیمە ئەڵمانییەکە و بەهەڵەدا نەچوبم ئێرانیەکەش هەواڵە خۆشەکەیان داینێ ئەویش (لە توانادایە مامی خۆمان رزگار بکرێت ) پزیشکە بەڕێزەکە دەستبەجێ هاتە لام و وتی بەرزان ،مژدە ت بەمێ پێشبینییەکەت راست دەرچو. سەرەنجام بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە ۲٠ی دیسامبر سەرۆک مامجەلال بەرەو بەرلین بەڕێکەوت بۆ چارەسەر.خۆشبەختانە دوای دومانگ کەمتر وێنەی سەلامەتیی ولەشساغی جەنابیانمان بینی.کە شاگەشکە بوین .
ئەوەندەی دۆستایەتییم لەگەڵ خوێندەوە و راگەیاندن پەیدا 
کردوە و ئاگاداری هەواڵی نەخۆش کەوتن و روداوەکانی پەیوەست بە سەرکۆمار وسەرۆک وەزیر و کسەرکردەکانی جیهان بوم ،هیچ کاردانەوەیەکی جیهانیی و ئیقلیمیی وەک ئەوەی سەرۆک مامجەلالی مەزنم نە بینیبوو نەمبیستبو ،بەراستیی هەمو ناوەندەکانی جیهان بۆی پەرۆش بون نامە و پەیامەکان هەموی دڵسۆزیی و خۆشویستنیان لێ ئەباری ،تەنانەت ئۆباما کە لە بەهێزیی و خۆراگریی مام گەیشتبو لە ئاست هەمو دژوارییەکدا ، لە نامەکەیدا روی لە جەنابیان کردبو پێی وتبو تکایە زو چاک ببەرەوە تا پێکەوە درێژە بدەین بە پرۆسەی بنیاتنان و چەسپاندنی ئاشتیی و ئارامیی لە عێراق و ناوچەکەو جیهاندا .
سەرباری ئەو هەمو پڕوپاگەندە و تانە و تەشەرە سەبارەت بە حاڵەتی سەرۆک مامجەلال لەو ماوە دورودرێژەی نەخۆشییەکەی کە لە دەرەوە بو (بە داخەوە لەلایەن بەنی قەومەکەی خۆیەوە بو نەک غەیرە )،بەڵام بە بەرزکردنەوی پەنجەیەکی هەمو درۆ ودەلەسە کانی پوچەڵ کردەوە و خەونە نەزۆکەکانی لە گۆڕ نان و لەهەڵبژاردنەکەی ئاپریڵی۲٠۱٤ دا بۆ ئەنخومەنی نوێنەرانی عێراق ی ن ک دەنگێکی زۆر باش و هەرە دڵخۆشکەری هێنا.
ئەمڕۆش پێویستە رێگاو و رێبازی سیاسیی سەرۆک مامجەلالی مەزن ون نەکرێت و بەو شێوازە حەکیمانەیەی بەڕێزیان سیاسەت بکرێت و خزمەت ی گەلەکەمان بکرێت ،ئەوانەشی کە کاریان لەگەڵ ئەم سیمبولەی کوردایەتیی و کوردستانیی و عێراقییبونی دیموکراسیی دا کردوە بەو رێچکەیەدا بڕۆن کە جەنبیان رەنگەکەی رشتوە ئەویش تەبئایی و لێبوردەیی و هەورازخستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتە لە ئاست هەر بەرژەوەندیی و نیازێکی تردا .


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-17
زیاتر...
1
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]