سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
ڕاپۆرت

ئۆپۆزیسیۆنێكی پەرتەوازە لەبەردەم هێرشی گورگە بۆرەكانی تۆرانیزم‌و كەڵكەڵەی سوڵتانیزمی ئوردوگانیدا

زێد نیوز:



"یاسای نوێی هەڵژاردنەكانی توركیا‌و ئەگەری ساختەكاریی "
ئا:د.سەلام عەبدولكەریم

دەسپێك
ئەگەرچی بەپێی پرۆژەی دەستووری هەمواركراو بۆ راپرسی، كە ساڵێك پێش ئێستا راپرسی لەسەر كرا بۆ گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی، وا بڕیار بوو لە ساڵی 2019 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی لەتوركیا بەڕێوە بچێت، بەڵام واپێویستی كرد پارتی دادو گەشەپێدان بەهاریكاری پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی هاوپەیمانی بەزووتر بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردن بدەن. ئەوەش پاش ئەوەی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند كە رۆژی (24 ی حوزەیرانی 2018) رۆژی ئەنجامدانی پرۆسەكە دەبێت، ئەوەش پێش ساڵێك‌و پێنج مانگ لەوادەی بڕیار لێدراوی پێشوەختەی. لەم نێوەندەدا پاش جێگیركردنی وادە‌و رێ‌و شوێنەكانی تایبەت بەهەڵبژاردن نزیكەی 11 پارتی سیاسی‌و 6 پاڵێوراو لەهەردوو هەڵبژاردنەكەدا بەتەنها‌و بەشێوەی هاوپەیمانی بەشدارن، ئەم هەڵبژاردنەش بەهەڵبژاردنێكی بایەخدار‌و یەكلاكەرەوە لەمێژووی هاوچەرخی توركیادا هەژمار دەكرێت.

رێساكانی هەردوو هەڵبژاردنەكان چین؟
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، كە 11 پارتی سیاسی بەشدارن بەشێوەی تاك‌و هاوپەیمانی كێبڕكێ دەكەن لەسەر نزیكەی 600 كورسی، پێویستە  هەر پارتێكی سیاسی رێژەی (.)‌و بەرەو سەرتر بەدەستبهێنێت ئینجا دەتوانێت بچێتە  نێو پەرلەمانی توركیاوە، كە ئەوەش وەك بەربەستی هەڵبژاردنە‌و لەئەگەری تێنەپەڕاندنی ئەو رێژەیە، ئەوا هەموو ئەو دەنگانەی هەر پارتێكی سیاسی بەدەستیدەهێنێت دەدرێتە ئەو پارتەی كە زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەكەی بەدەستهێناوە. هەرچی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە، ئەوا 6 كاندید ركابەری دەكەن‌و بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە هەر كاندیەكان لەیەكێك لەم رێگایانەوە بچنە نێو كێبڕكێكەوە:
1-    ئەگەر هاتوو پارتە سیاسیەی كە كاندیدی سەرۆكایەتیەكە ئینتیمای بۆی هەیە خاوەنی رێژەی (5%)ی دەنگەكان بووبێت لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا.
2-    ئەگەر هاتوو ئەو پارتە سیاسیەی كاندیدی سەرۆكایەتیەكە ئینتیمای بۆی هەیە فراكسیۆنێكی پەرلەمانی بێت.
3-    ئەگەر 100 هەزار دەنگی دەنگدەرانی كۆبكاتەوە‌و بهێنێت.
لەبەرامبەر ئەمانەدا كاندیدەكە لەدەرەوەی پەرلەمان دەبێ بڕی (131) هەزار لیرەی توركی بدات، كەدەكاتە نزیكەی 31 هەزار دۆلار، لەئەگەری بەدەستهێنانی 100 هەزار دەنگ، دوای هەڵبژاردن ئەو بڕە پارەیەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو رێژە دەنگەشی بەدەست نەهێنا پارەكە دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت.
هاوكات هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدوو گەڕ بەڕێوە دەچێت، ئەگەر هاتوو هەر كاندیدێك رێژەی (50+1)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەوا راستەوخۆ دەبێتە سەرۆك كۆماری  توركیا، ئەگەر ئەو رێژەی بەدەستنەهات، ئەوا لەگەڕی دووەمدا كام دوو كاندید كە زۆرتری رێژەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەچنە ركابەرییەوە‌و كامیان دەنگی لەویتر زیاتر هێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار.

پارتە سیاسیە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كێن‌و ئاراستەی سیاسیان چییە؟
یەكەم- پارتی دادو گەشەپێدان (AK PARTI): ساڵی 2001 دامەزراوە لەپەرلەمانتارە  جیابووەكانی پارتی فەزیلەی ئیسلامی‌و بەپارتێكی پارێزكار‌و میانڕەو دادەنرێت سیاسەتێكی ئابووری ‌وگەشەپێدانی گرتۆتەبەر‌و ساڵی 2002 بۆ یەكەمجار بەشداری هەڵبژاردنی كرد بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا گول، كە ئەوكاتە ئوردوگانی سەرۆكی پارتەكە قەدەغەكرابوو.
دووەم- پارتی گەلی كۆماری (CHP): ساڵی 1923 مستەفا كەمال ئەتاتورك دایمەزراندووە‌و تاساڵی 1950 لەدەسەڵاتدا مایەوە. ئەم پارتە بەپارتێكی چەپی میانڕەو هەژمار دەكرێت، كە ئاراستەیەكی سێكیۆلار‌و ئەتاتوركی هەیە‌و بانگەشەی دیموكراسی كۆمەڵایەتی دەكات‌و ئێستا بەگەورەترین پارتی بەرهەڵستكار دادەنرێت. لەدوایین هەڵبژاردندا نزیكەی (25%)ی سەرجەمی دەنگەكانی بەدەستهێنا بە 132 كورسی پارلەمانی‌و كەمال كلیچدار ئۆغلو سەرۆكایەتی دەكات.
سێیەم- پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی (MHP): پارتێكی نەتەوەپەرستی راستڕەوە، ساڵی 1969 وەك درێژكراوەی پارتی نەتەوەپەرست دامەزراوە، دژی پێدانی مافی فەرهەنگی زیاترە بەكورد، لەراپرسی هەموارە دەستوورییەكانی ساڵی 2017  پشتیوانی ئاكەپەی كرد، هەروەك پاڵپشتی خۆپاڵاوتنی ئوردوگانیش كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. ئەم پارتە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكایەتی دەكات.
چوارەم- پارتی چاكە (IYI): پارتێكی نەتەوەپەرستی راستڕەوە بەپارتی نەتەوەپەرستی باخچەلی جیابۆتەوە‌و بەپارتێكی راستڕەوی میانڕەوی پارێزكار دادەنرێت‌و ساڵی 2017 لەسەر دەستی (میراڵ ئەكشینار)ی وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا دامەزراوە‌و ناوبراو خۆشی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كردووە. ئەم پارتە دژی ئاراستە‌و بەرنامەی ئاكەپەی فەرمانڕەوایە‌و داوای داڕشتنی دەستورێكی نوێ‌و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی دەكات.
پێنجەم- پارتی دیموكراتی گەلان (HDP): ساڵی 2008 لەژێر ناوی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی دامەزراوە، پارتێكی چەپڕەوە‌و زۆرینەی ئەندامەكانی كوردن‌و ساڵی 2012 دووبارە لەژێر ناوی پارتی دیموكراتی گەلان خۆی رێكخستنەوە‌و پێكهاتەوە. خاوەنی نزیكەی 55 كورسی پەرلەمانە.
شەشەم- پارتی سەعادە (SP): پارتێكی سیاسی پارێزكارە‌و لەپارتی فەزیلەی ئیسلامیەوە سەرچاوەی گرتووە، كە سەرۆك وەزیرانی پێشوو كۆچكردوو نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكردبەپێی بڕیاری دادگای دەستووری توركیا ساڵی 2002 پارتی فەزیلە هەڵوەشێنرایەوە‌و ئێستا ئەم پارتە واتە سەعادە كەرەم تەمەل مەلا ئۆغلو رابەرایەتی دەكات. ئەم پارتە هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندی توركانی دەرەوە‌و بازرگان‌و پیاوانی كار‌و چین‌و توێژە باوەڕدارەكان دەدات، بەڵام نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردنەكانی 2015 تێپەڕێنێت‌و بچێتە  نێو پەرلەمانی‌و رێژەی كەمتر لە(3%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
حەوتەم- پارتی دیموكرات (DP): ساڵی 1946 لەسەر دەستی جەلال بایار‌و عەدنان مەندەرێس دامەزراوە‌و ساڵی 1950 ركابەری پارتی گەلی كۆماری كردووە‌و چەند ساڵێك لەماوەی نێوان ساڵانی (1950-1960) فەرمانڕەوایی كردووە، ئەم پارتە ئێستا بەرنامەیەكی ئابوریی ئازادی گرتۆتەبەر.
هەشتەم- پارتی توركیای سەربەخۆ (BTP): ساڵی 2011 بەسەرۆكایەتی حەیدەر باش دامەزراوە‌و لەدیارترنی نەیارانی بەئەندامبوونی توركیایە لەیەكێتی ئەوروپا‌و بڕوای وایە توركیا دەوڵەتێكی رۆژهەڵاتی‌و ئیسلامیە‌و شوێنی بریتیە لەجیهانی ئیسلامی‌و رۆژهەڵات‌و سیاسەتێكی نەیارانەی بەرامبەر سیستەمی فەرمانڕەوای توركیا هەیە.
نۆیەم- پارتی یەكبوونی گەورە (BBP): پارتێكی نەتەوەیی‌و راستڕەوی پاریزكارە‌و بەباڵی میانڕەوی پارتی نەتەوەپەرستی دادەنرێت، كەروویەكی ئیسلامی هەیە‌و ساڵی 1993  لەسەر دەستی موحسین یازجی ئۆغلو دامەزراوە، كە لەپارتی كاری نەتەوەیی جیابۆتەوە. ئەم پارتە ئێستا مستەفا دیسچی سەرۆكایەتی دەكات‌و هەڵوێستی پشتیوانی فەلەستینی هەیە‌و داوا لەحكومەت دەكات پەیماننامە سەربازییەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبوەشێنێتەوە. ساڵی 2014 زۆر لەپەرلەمانتارەكانی جیابوونەوە‌و چوونە ریزی ئاكەپەوە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015 لەگەڵ پارتی سەعادە بوونە  هاوپەیمان، لەراپرسی 2017 دا پشتیوانی ئوردوگانیان كرد‌و بەمدواییانەش دیسان پشتیوانی ئوردوگانیان كردەوە بۆ خۆپاڵاوتن لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا.
دەیەم- پارتی نیشتیمان (Vatan Partisi): پارتێكی كرێكاری چەپی سۆسیالیستیە، ساڵی 1992 بەسەرۆكایەتی دوغۆ برنجیك دامەزراوە‌و ئێستا هەر سەرۆكی پارتەكەیە. ئەم پارتە دژی سیاسەتی ئاكەپەیەی فەرمانڕەوایە بەرامبەر سوریا‌و پشتیوانی رژێمی سوریا دەكات‌و داوا لەپەرلەمان دەكات بنكەی سەربازی ئەنجەرلیك دابخات‌و هێزەكانی ئەمەریكاش دەربكات.
یازدەیەم- پارتی بانگەوازی ئازاد (HUDA PAR): پارتێكی پارێزكارە‌و ساڵی 2013 لەسەر دەستی محەمەد حسێن یەڵماز دامەزراوە‌و ئێستا زەكەریا یابیچی سەرۆكایەتی دەكات‌و درێژكراوەی حزبوڵای توركی پێشووە. ئەم پارتە ئامادەییەكی بەهێزی لەرۆژهەڵات‌و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، كە مەبەست لێی ناوچەكانی باكووری كوردستانە هەیە. فەلسەفەی ئەم پارتە لەسەر یەكبوونی مسوڵمانان لەتوركیا بەهەموو جۆرەكانیەوە دامەزراوە‌و دژایەتیەكی توندی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات.   

هاوپەیمانێتیە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كێن؟
بۆ یەكەمجار لەساڵی 1946 ەوە كۆتایی بەسیستەمی تاكزبی لەتوركیا هات بەدامەزراندنی پارتی دیموكرات‌و تا ساڵی 1950 گەیشتە 25 پارتی سیاسی. لەسەرەتاكانی ساڵی 2018 ‌و تائێستا نزیكەی 87 پارتی سیاسی لەتوركیا بوونی هەیە، بەڵام سەرجەمیان لەژیانی سیاسی ئەو وڵاتەدا كاریگەرییان نیە‌و زۆربەی لەركابەری هەڵبژاردنی پەرلەماندا شكست دێنن لەگەیشتن بەپەرلەمان‌و تێپەڕاندنی بەربەستی یاسایی هەڵبژاردنەكان. لەرۆژی (25/4/2018) كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، كە 11 پارتی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی 24س حوزەیران دەكەن‌و دوو بەرەی هاوپەیمانی گەورەش لەخۆدەگرێت، كەبریتین لە: 
یەكەم- بەرەی هاوپەیمانی گەل: ئەم بەرەیە پێكهاتووە لەپارتەكانی ئاكەپە‌و مەهەپە‌و لەپارتی یەكبوونی گەورە‌و لەمانگی یەكی ئەمساڵدا پێكهات‌و پشتیوانی گۆڕان‌و جێگیركردنی سیستەمی سیاسی وڵات لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی دەكات.
دووەم- بەرەی ئوممەت: لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا ئەم بەرەیە پێكهاتووەو پارتەكانی گەلی كۆماری‌و پارتی چاكە‌و پارتی سەعادە‌و پارتی دیموكرات لەخۆدەگرێت‌و ئامانجی روبەڕووبوونەوەی بەرەی گەلە‌و جەخت دەكاتەوە لەسەر جیایی نێوان دەسەڵاتەكان‌و گەڕانەوە بۆسیستەمی پەرلەمانی‌و دیموكراسیی فرەیی‌و دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی گشتی. 
سەبارەت بەپارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەتەنها بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەكات لەبەرئەوەی هیچ پارتێكی سیاسی لەراستەوە بۆ چەپ‌و لەسێكیۆلارەوە بۆ ئاینی‌و ئیسلامییەكانی توركیا لەسەر بنەمای نەتەوەیی‌و دەستوور ئامادەنین دان بەمافی ملیۆنان مرۆڤی كورد لەتوركیادا بنێن. 

كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كێن‌و بیركردنەوە‌و ئاراستەی سیاسیان چییە؟
بەپێچەوانەی هەڵبژادرنی پەرلەمانی كەپارتە سیاسییەكان بەرەی هاوپەیمانی هاوبەشیان هەیە جگە لەئاكەپە‌و مەهەپە‌و پارتی یەكبوونی گەورە وەك بەرەی گەل، تەنها ئوردوگان كاندیدی سەرۆكایەتیانە، بەڵكو پارتە بەرەهەڵستكارەكانی تر بەتایبەت بەرەی ئوممەت هەریەكە‌و كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی جیایە‌و پەرتەوازەن، كاندیدی هەدەپەش دەمیرتاشە لەزیندانەوە، پێكهاتوون لە شەش كاندیدە‌و بەشداری كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن ئەوانیش:
1.    رەجەب تەیب ئوردوگان: لەبەرەی هاوپەیمانی جەماوەر‌و گەلە‌و تەمەنی 64 ساڵە‌و سەرۆكی پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و سەرۆك كۆماری ئێستای توركیاشە لەساڵی 2014 ەوە‌و خاوەنی پرۆژەی گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی توركیا بوو لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی‌و ئێستاش كار بۆ جێگیركردنی دەكات لەرێی ئەم سەركەوتنی لەم هەڵبژاردنەدا.
2.    موحەرەم ئنجە: كاندیدی پارتی گەلی كۆماریی گەورەترین پارتی بەرهەڵستكارە‌و تەمەنی 53 ساڵە‌و پێشتر پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری بووە‌و پێشتر مامۆستای زانكۆ بووە لەبواری فیزیا‌و داوای گێڕانەوەی سیستەمی سیاسی وڵات لەسەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی دەكات.
3.    میراڵ ئەكشینار: لەپار چاكەیە‌و تەمەنی 61 ساڵە‌و لەپارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دووخرایەوە‌و جیابۆوە پاش ئەوەی شكستی هێنا لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكە. زۆرێك گرەو لەسەری دەكەن، كەركابەری سەرەكی ئوردوگان بێت لەهەڵبژاردندا‌و بەژنە ئاسنینەكە ناوی دەبەن‌و پێشتر وەزیری ناوخۆی توركیا‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بووە.
4.    سەلاحەدین دەمیرتاش: لەپارتی دیموكراتی گەلانە‌و تەمەنی 45 ساڵە‌و پێشتر بەشی مافی لەزانكۆی ئەنكەرە خوێندووە. پێشتر سەرۆكی هەدەپە بووە‌و ساڵی 2014 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید كردووە‌و كە بۆ یەكەمجار بەشێوەی دەنگدانی راستەوخۆ بەڕێوەچوو. بەهۆی پڕو پاگەندەی تۆمەتباركردنی لەلایەن دەسەڵاتداران‌و دادگاكانی توركیاوە بەكۆمەكی كردنی پەكەكە‌و هاندان بۆ توندوتیژی زیندانی كراوە‌و لەوێوە ركابەری گەیشتن بەكۆشكی چانكایا دەكات. هەروەك دوای ئوردوگان دووەم كەسایەتی خۆشویستراوە لەسەر ئاستی هەموو توركیا، سەربازی ئاستە بەرزە سیاسیەكەی‌و توانای خۆی‌و پارتەكەی كە بۆیەكەمجار توانیان لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو بەربەرستی هەڵبژاردنی تێپەڕێنن.
5.    تەمەل مەلا كەرەم ئۆغلو: لەپارتی سەعادەیە‌و تەمەنی 77 ساڵە‌و بەكالۆریۆس‌و ماستەری لەزانست‌و تەكنەلۆجیا لەزانكۆی ماجستەر لەبەریتانیا بەدەستهێناوە‌و لەساڵی 1977 یشەوە چۆتە نێو كاری سیاسیەوە.
6.     دۆغۆ برینجیك: لەپارتی نیشتیمانە‌و سەرۆكی پارتەكەیە، ئاراستە‌و بیروبۆچوونێكی چەپی هەیە‌و جەماوەری ئەوتۆی نیە‌و هیچ ئومێدێكی نیە ئەنجامێكی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت.

ئایا مەترسی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكانی توركیادا هەیە؟
رەنگە لەمیدیای كوردیدا كەمتر لێكدانەوە‌و قسە لەسەر ئەگەر‌و مەترسی ئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی توركیادا كرابێت‌و میدیای ئێمە توخنی ئەو بابەتە نەكەوتبێت، راستە توركیا وڵاتێكی پێشكەوتووە‌و چەندین چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی رۆژی (24ی حوزەیران) دەكەن، بەڵام بەگوێرەی شارەزایانی بواری كاروباری توركیا ئەگەری ئەنجامدانی ساختەكاری لەبەر ئەم سێ حاڵەتە لەئارادایە، بەر لەوەی هیچ ئەنجامێك دەربچێت، ئەوانیش بریتین لە:
1-    ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەژێر سایەی دۆخی ئاوارتە (حالە الگواری‌و) ئەنجام دەدرێ لەهەموو توركیا بەگشتی‌و بەدیاریكراوی وردتریش لەناوچە كوردییەكانی باكووری كوردستان، بەردەوامیدان‌و درێژكردنەوەی ئەم بارودۆخە لەقازانجی ئاكپارتی‌و ئوردوگانە‌و بەرەی گەل‌و پارتە هاوپەیمانەكانی لەمەهەپە‌و پارتی یەكبوونی گەورە، چونكە بەپێی یاسای دۆخی ئاوارتە بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری دادگا دەمو دەزگاكانی دەوڵەت لەپۆلیس‌و هەر دەزگایەكی تر دەتوانن كێیان بوێ دەستگیرو قۆڵبەستی بكەن‌و لەزیندان توندی بكەن، هەروەك بوونی هێزی زۆری سەربازی‌و دۆخی سەربازی‌و باری نائاسایی پاڵنەر‌و ئامرازێكە بۆ ئەگەری روودانی ساختەكاری ‌و جگە لەوەی یەكێك لەرەخنە هەرە سەرەكییەكانی شارەزایانی بواری كاروباری توركیاشە، چونكە بۆچوونیان وایە ناتوانرێ پرۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردن لەژێر دۆخی نائاساییدا ئەنجام بدرێ‌و رێ‌و شوێن‌و كۆی پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
2-    ئەگەر خاڵی یەكەم وەك لێكدانەوەی فیكری‌و بیروڕا لێكبدرێتەوە، ئەوا ئەم خاڵەی تر‌و خاڵی سێیەم‌و چوارەم بەڵگە‌و پێدراوێكی بەهێزن لای شارەزایانی كاروباری توركیا، كە ترسی خۆیان لەئەگەر‌و مەترسی ساختەكاری نەشاردۆتەوە، بەهۆی گۆڕانكاری لەسیستەمی هەڵبژاردنی توركیادا، یەكەمیان ئەوەیە، كە توركیا سیستەمی دەنگدانی كاغەز پەیڕەو دەكات، واتە دەنگدان لەسەر كارتی دەنگدانی كاغەز دەبێت نەك بەئەلیكترونی‌و بەسیستەمی ئەلیكترونی‌و لەرێگەی ئینتەرنێتەوە وەك بەشێكی زۆر لەوڵاتانی ئەوروپا، بۆیە ئەمە ترسێكە.
3-    هەروەها یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن لەتوركیا باس لەوە دەكات، كە سەرۆكی ئەنجومەنی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەر ناوچەیەك پێویستە بەرپرسێمی حكومی بێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسا كۆنەكە‌و پێشتر سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە بەدەنگدان هەڵدەبژێردرا لەسەر بنەمای دەنگی زۆرینە لەئەنجومەنەكەدا، كە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسیەكانی لەخۆدەگرت، ئەو ترسەش لەم گۆڕانكاریە هەیە ئەوەیە كە بەرپرسە حكومییەكان راستگۆ نەبن لەمیانەی پرۆسەی دەنگداندا، ئەوەش دەزانین كە پاش شكستی هەوڵی كودەتاكە دەسەڵاتدارانی ئاكەپە‌و ئوردوگان پاكتاوی دامو دەزگا حكومییەكانیان لەسەر هەموو ئاستەكان كرد‌و بەتایبەت لەئەندام‌و لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەت‌و فەتحوڵا گولەن، هەروەها لابردنی ژمارەیەكی زۆر لەسەرۆك شارەوانیە هەڵبژێدراوە شەرعیەكانی كورد‌و هەدەپە بەتایبەت لەناوچە كوردیەكاندا.
4-    مەترسیدارترین حاڵەت بریتیە لەوەی پێشتر كاتێ دەنگدەر دەنگی دەدا لەسەر كارتی هەڵبژاردنەكە، ئەوا دەبوو مۆر بكرێت لەلایەن بەڕێوەبەری سندوقەكانی دەنگدان بۆ رێگرتن لەهەوڵی ساختەكاری لەلایەن دەنگدەرانەوە، بەڵام بەپێی یاسا تازەكەی هەڵبژاردن ئەگەر كارتێكی دەنگدان مۆری هەڵبژاردنی بەرپرسی سندوقەكانی دەنگدانیشی پێوە  نەبێ ئەوا بەدەنگێكی رەوا هەژمار دەكرێت‌و پوچەڵ ناكرێتەوە، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستكردووە، كە پێشوەختە سندوقەكانی دەنگدان بەدەنگی ساختە پڕ بكرێنەوە.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-10
زیاتر...
1
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]