سەردێڕ:
زێدنیوز
جۆراوجۆر

چیرۆكی كۆچی پڕ نەهامەتی خێزانێك دەكرێتە فیلمێكی دۆكیومێنتاری

زێد نیوز:

ئاژانسی هەواڵی ناین نیوزی ئوسترالی چیرۆكی ئەو خێزانە بەڕەگەز ئەفغانییە دەگێڕێتەوە كە بە ئاستەم لە مەرگ ڕزگاریان بووە و دواجار لە پاش چاوەڕوانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ، گواستراونەتەوە بۆ ئوسترالیا و لەو وڵاتە نیشتەجێكراون.

چیرۆكی ئەم خێزانە كە لە پێنج كەس پێكهاتوون بەوە دەستپێدەكات كە لەپاش ئەوەی دەگەنە مالیزیا، داواكاری پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بەڵام دەبوایە چاوەڕێ‌ بكەن. بۆیە دواجار بڕیار دەدەن بە بەلەم و بە قاچاخ ڕوو لە ئوسترالیا بكەن. 

زەهرا، كە كچە گەورەكەی ئەو خێزانەیە دەڵێت ئەوان هەموو شتێكیان ئامادە كردو بڕیاریاندا كە بە بەلەم كۆچ بكەن لەساڵی 2009 دا، بەڵام شەوێك پێش كۆچەكە ، باوكی بڕیار دەدات ئەو كۆچە نەكەن و وەك خۆی گوتوێتی، لە ناخیدا هەستی بەوە كردوە كە ڕەنگە ئەوە بڕیارێكی باش نەبێت، بۆیە لەو بڕیارە پەشیمان دەبنەوە. بەڵام لەپاش چەند ڕۆژێك دەیبیستن كە بەلەمەكە نقوم بووە، نزیكەی 107 پەنابەری تێدا بووە كە هەموویان خنكاون. 

ئەو خێزانە بڕیار دەدەن كە لە مالیزیا بمێننەوە و چاوەڕێ‌ بكەن كە لەوێش هیچ مافێكی كاركردن و خوێندنیان نەبووە چونكە ئەوان وەك كۆچبەری نایاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە. لەپاش مانەوەیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە مالیزیا و بەرگەگرتنی ژیانی سەختی پەنابەرێتی، دواجار لەڕێگەی یاساییەوە و لەڕێگەی پێشكەشكردنی كەیسەكەیانەوە، لە شاری مێڵبۆرنی ئوسترالیا نیشتەجێ‌ كراون.

وێستگەكانی ژیانی ئەم خێزانە هێندە كاریگەر و تراژیدین كە لە ئێستادا كراون بە فیلمێكی دۆكیومێنتاری بەناوی " گەشتێك لەودیو ترسەوە".  

لەپاش بەردەوامی نقومبوونی چەندین بەلەمی قاچاخی كۆچبەران بۆ ئوسترالیا، دواجار حكومەتی ئوسترالیا بڕیاریدا كە سیاسەتی گرتن و دیپۆرتكردنەوەی بەلەمی قاچاخی كۆچبەران پیادە بكات و لە ئێستادا هەر كەسێك بیەوێت بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكات، دەستگیردەكرێت و ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێتەوە كە هەوڵی داوە لێوەی بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕەوانەی وڵاتی خۆی دەكرێتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی چیتر پەنابەران پەنا بۆ ڕێگای دەریایی قاچاخ نەبەن بۆ ئوسترالیا.

سەرچاوە:
ماڵپەری هەواڵی ناین نیوز



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-03-27
زیاتر...
123
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]