سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

شاسوار عەبدولواحید: پارتی و یەكێتی ناتوانن سێ شار بەڕێوەبەرن چۆن دەتوانن دەوڵەتداری بكەن

زێد نیوز:

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رایدەگەیەنێت "پارتی و یەكێتی دوای پێنچ ساڵ لە قەیران و نەهامەتی، تازە بە تازە هاتوونەتە سەر قسەكانی نەوەی نوێ و هەوڵی باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەدەن".

لەمیانەی سیمینارێكدا كە لەشاری سلێمانی ئەنجامیدا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، وتی "بە پاڵپشتی هاوڵاتییان، بەوە ڕازی نابین هەرێم تەنها وەك ژمێریارێك پارە لە بەغدا وەربگرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بكات". 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ پرسیاری ئەوەشی كرد "پارە و داهاتی هەرێم چی بەسەر دێت؟". 

روونیشیكردەوە "كاتێك ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستاندا نەبوو، هەمووان چوونە ناو حكومەتەوە، دەسەڵاتداران بە ئارەزووی خۆیان یارییان بە هەست و نەستی میلەت كرد و قەیران لە دوای قەیرانیان بەسەر میللەتدا هێنا". 

جەختیشی كردەوە "باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان و باشكردنی موچەی فەرمانبەران، پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆن و هاتنی موچە لە بەغداوە هەیە، نەك ئەم و ئەو بیكەن بە ئازایەتی خۆیان".

لەبەشێكی تری سیمینارەكەیدا شاسوار عەبدولواحید باسی لەساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە كرد و لەو بارەیەوە وتی "لەگەڵ ئەوەدا نییم تەنها ڕۆژێك بۆ ئەو یادە تەرخان بكرێت و قسەی زلی تێدا بكرێت، بەڵكو دەبێت كارێك بۆ ئەو شارە بكرێت كە جێی ڕەزامەندی خەڵكەكەی بێت".

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ داواشی لە گەنجان و نەوەی نوێ كرد متمانەیان بەخۆیان هەبێت و كار بكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان و وتی "لەسەرجەم وڵاتاندا لەگەڵ هاتنی نەوەی نوێدا نەوەكانی پێشتر بەڕێدەكرێن و ماوەی دەسەڵاتیان تەواو دەبێت".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-03-16
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]