سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

وتەبێژی یەكێتی: بە شەراكەتی ڕاستەقینە بەشداری حكومەت دەكەین

زێد نیوز:

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەیەگەنێت "ئەگەر پارتی سوورە لەسەر ئەوەی كە یەكێتی بەشداری حكومەت بكات دەبێت هاوبەشییەكی راستەقینە و شەراكەتی بێت و هاوبەش بین لە بڕیاردان".

لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەدوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی "لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ پارتی دەستنیشان كرانەوەن و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی لەسەر هەموو ئاستەكان".

وتیشی"یەكێتی پێداگری لەسەر سیستمی لامەركەزییەت دەكات و بە پڕۆژەیەكی هەمە لایەنە و بە بەشداری هەمووان ڕێكبخرێت و بۆ ئەوەی چەواشەكاری نەیەتە ئاراوە هەر ئێستا ئامادەین بۆ هەنگاوی پێویست بەمەبەستی دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیەی كە لەڕێككەوتنە سیاسییەكەماندا هاتووە".

لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوە كرد "یەكێتی بە شەراكەتی ڕاستەقینە بەشداری حكومەت دەكات و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بەشداری ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێدراوە بە هاوبەشی كاریگەر و ڕاستەقینە ئەو هاوبەشییەی كە لەڕێككەوتنەكەماندا باسمان كردووە".

روونیشیكردەوە "ئێمە لەگەڵ پارتی جیاوازیمان هەیە و دەبێت ئەو جیاوازییانە چارەسەر بكرێن. یەكێك لەجیاوازییەكان مەسەلەی پرسی سیستمی لامەركەزییەتە كە ئێمە پێداگری لەسەر دەكەین".
جەختیشی كردەوە "یەكێتی هەرگیز پۆستی بەلاوە گرنگ نییە كە چەند وەزارەت و پۆستی بەركەوێت، بەڵكو ئەوەی بەلای یەكێتییەوە گرنگە شەراكەت و هاوبەشی ڕاستەقینەیە لە حوكمڕانیدا".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-03-16
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]