سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌:پێویستە هەڵەبجە بكرێتە شارێكی نموونەیی‌و هاوچەرخ

زێد نیوز:

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، بڵاوكردەوە.

لەراگەیەندراوە هاوبەشەكەی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراق كە وێنەیەكی دەست (زێد نیوز) كەوتووە، هاتووە "شەهیدكردنی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی لە منداڵ و گەنج و پیری شاری "هەڵەبجە"، بووە تاوانێكی گەورەی مرۆڤایەتی و لە سەرتاسەری جیهاندا، دەنگیدایەوە". 

ئاماژە بەوەش كراوە "لە ساڵڕۆژی ئەم كارەساتەدا، ئێمەی پەرلەمانتاران لە هەردوو فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وێڕای ئیدانەكردنی ئەم تاوانە گەورەیە، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی ئەم كارەساتە دادەنەوێنین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی ئەم شارە دەخوازین". 

روونیشكراوەتەوە "بڕوایشمان وایە، هەرچەندە قوربانییەكان قەرەبووناكرێنەوە، بەڵام باشترین قەرەبوو ئەوە دەبێت كە خزمەتی ئەم شارە و كەسوكاری شەهیدەكان بكرێت، نەك بەرپرسانی حكومیی هەموو ساڵێك لە 16/3دا بێن و وتاربدەن و هیچ ئەركێك بەرانبەر بەم شارە و شەهیدەكانی نەگرنە ئەستۆ".

جەختیش كراوەتەوە"ئێمە لە هەردوو فراكسیۆن و لە ساڵیادی 31 ساڵەی ئەم كارەساتەدا، پەنجەی ڕەخنە و بەرپرسیارێتی و كەمتەرخەمی بەرانبەر بەم شارە، ئاراستەی هەردوو حزبی حكومڕان لە كوردستاندا دەكەین، كە تا ئێستا بارتەقای بەشێكی زۆر كەمی گەورەیی ئەم كارەساتە، خزمەتی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی شارەكەیان نەكردووە، لەڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان و پڕۆژەی ستراتیژی و پەروەردەكردن و گەشەپێدانی ڕۆحییەتی پێكەوەژیان لەم شارە بریندارەدا".

داواش كراوە "پێویستە هەموو دانیشتووانی هەڵەبجە بە گشتی و كەسوكاری قوربانییەكان بەتایبەتی بە جۆرێك قەرەبوو بكرێنەوە، كە لە ئاستی ئەو كارەساتە گەورەیەدا بێت، هەروەها دەبێت حكومەتی هەرێم خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هەڵەبجە دابینبكات و بە كردەوە هەڵەبجە بكرێتە شارێكی نموونەیی و هاوچەرخ".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-03-16
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]