چیرۆكی ئه‌و ژنه كه‌ركوكییه‌ی له‌به‌رده‌م باره‌گای دژه‌تیرۆردا كوژرا
زێد نیوز، كه‌ركوك ناو:
نازدار له كوشنی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌دا دانیشتبوو، گوللـه‌یه‌كی دۆشكه جامی پێشه‌وه‌ی بڕی و به نزیك سه‌ریدا تێپه‌ڕی، به‌ڵام له نێو هاواری هاوسه‌ره‌كه‌یی و گریانی منداڵه‌كانیدا نه‌یده‌زانی چی روویداوه، تا ئه‌وكاته‌ی بۆ دواوه ئاوڕی دایه‌وه.
“كە ئاوڕم دایەوە مێشكی دایكم پڕژابووه سەر كوشنی ئۆتۆمبێلەكە و چیای كچم بە خوێنی دایكم خەڵتانی خوێن ببوو” نازدار عه‌بدولكه‌ریم كاتێك ئه‌و قسانه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌كرد، هێشتا له شۆكی رووداوه‌كه‌دا بوو.
روداوه‌كه‌وه دوابه‌دوای كاتژمێر نۆی شه‌وی چوارشه‌ممه 13-6 بوو، رێك له‌وكاته‌ی خێزانه‌كه‌ی نازدار نزیكبونه‌وه له پردی شۆراو، له‌به‌رده‌م باره‌گای هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر ته‌قه و پێكدادان ده‌ستیپێكرد، ئه‌نجامه‌كه‌یشی به مه‌رگی ژنێكی ته‌مه‌ن 65 ساڵ و برینداربونی چه‌ند كه‌سێكی تر كۆتاییهات.
ئه‌و ژنه دایكی نازدار بوو، ئه‌و شه‌وه له‌گه‌ڵ زاواكهیی و كچهزاكانیدا به رێگاوهبون بۆ میوانی، دواتر ده‌یانویست بچنه بازاڕ بۆ كڕینی پێداویستیه‌كانی جه‌ژنی ره‌مه‌زان.
حه‌لاوه نه‌سرده‌ین سه‌عدون، له دایكبونی ساڵی 1953ـیه، ساڵی 1969 هاوسه‌رگیری كردووه و هاوسه‌ره‌كه‌ی له ژیاندا نه‌ماوه، دایكی حه‌وت كوڕ و چوار كچه، له‌گه‌ڵ ماڵی نازداری كچی ده‌ژیا.
“نانی ئێواره‌مان خوارد و وتمان سەردانی ماڵی خوشكەكەم دەكەین (له شۆراوه‌وه بۆ ره‌حیماوا)، من و منداڵێكم و هاوسەرهكەم لە پێشەوە دانیشتین، دایكم و دوو منداڵیشم لە به‌شی دواوه‌ی دوای ئۆتۆمبێلەكەدابون، لە كۆتایی پردی شورا‌و ده‌نگێكی به‌رز ناڵه‌ی كرد” نازدار وای وت.
ئه‌و پرده ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه هه‌شت مانگه هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراقی تێدا جێگركراوه.
دوابه‌دوای ده‌نگه به‌رزه‌كه، ته‌قه‌كردن له‌و ناوچه‌یه ده‌ستیپێده‌كات و به‌شێكی له ئۆتۆمبێله‌كان له هاتوچۆ و پێشڕه‌وی ده‌وه‌ستن یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام فیشه‌كێك به‌ر رادێته‌ری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی عامر كه‌ریم، هاوسه‌ری نازدار ده‌كه‌وێت و له‌نێو پێكدادانهكهدا ده‌مێننه‌وه.
نازدار ده‌ڵێت “بەردوام فیشەك بەسەرماندا دەهات، فیشەكێكی دۆشكە بە جامی پێشەوە بە ژێر ئاوێنەكەدا هات، هەستم بە هەواو ڕویشتنی فیشه‌كەكە كرد، .. ئیتر منداڵەكانم كردیان به هاوار و گریان”.
هاوسه‌ره‌كه‌ی نازدار، بۆ ئه‌وه‌ی فیشه‌كی زیاتریان به‌رنه‌كه‌وێت و گیانیان پارێزراوبێت، هه‌ردوو ده‌ستی به‌رزده‌كاته‌وه و به‌ره‌و روی ههمهڕێكی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر ده‌ڕوات و هاوكاردهكات، ئه‌و خێزانی له‌گه‌ڵدایه و چیتر ته‌قه نه‌كه‌ن.
ته‌قه‌كان دوای ئه‌وه‌هات، له‌نێو ئۆتۆمبێلێكی نه‌ناسراوه‌وه به نارنجۆك هێرشدهكرایهسهر هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق و ئه‌وانیش وه‌ڵامیاندانه‌وه.
عەقید نەوزاد ستار، بەڕێوه‌بەری بنکەی پۆلیسی رەحیماوا كه روداوه‌كه له سنوری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا رویداوه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت “هێزەکانی دژە تیرۆر بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ رەواندەوەی ئەگەری هێرشکردنە سەریان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان کردوە بە هۆیەوە، ژنێك كوژراوه و سێ کەسی تریش برینداربون”.
چیا كچە گەوره‌ی نازداره و ته‌مه‌نی 12 ساڵه، له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ نه‌نكی له كوشتنه‌كانی دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا دانیشتبوو، به‌و وتی “لە ڕێگا تەقیان لێ كردین، زۆر ترساین، تا هێزمان هەبوو هاوارمان دەكرد، زۆر ترساین زۆر زۆر، لە پڕ خوێن لە ناوچەوانی نەنكم هات و بەلادا كەوت”.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێزه‌كانی دژه تیرۆر له كه‌ركوك به كوژرانی ئه‌و ژنه و برینداربونی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی تر تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌رێی ده‌ستڕێژی ههڕهمهكیهوه، بۆیه داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه و سزادانی تێوه‌گلاوان ده‌كه‌ن.
به‌ڵام دژه‌تیرۆر به‌رپه‌رچی ئه‌و تۆمه‌تانه دهدهكهنهوه و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه به فیشه‌كی ئه‌وان ئه‌و ژنه كوژرابێت.
لیواروكن مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی دووی دژه‌تیرۆری عیراق له كه‌ركوك له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی لهوهكردوه له‌نێو ئۆتۆمبێلێكه‌وه به‌بۆمبی ده‌ستی هێرشكراوه‌ته سه‌ر هێزه‌كانیان له‌سه‌ر رێی كه‌ركوك-هه‌ولێر، به‌هۆیه‌وه سێ كارمه‌ندیان برینداربون، دواتر هێرشبه‌ره‌كان بۆ هه‌ڵاتن پشتیان به ئۆتۆمبێلێكی تر به‌ستووه له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه له‌رێی ته‌قه‌كردنه‌وه.
به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی دژه‌تیرۆر، ته‌قه‌كانی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی تر بۆته هۆی كوژرانی ئه‌و ژنه و برینداربونی سێ هاوڵاتی.
كه‌سوكاری ئه‌و ژنه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه، له دادگا و بنكەی پۆلیس سكاڵایان لەسەر هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق تۆماركردووه، داوا له لێپرسراوان ده‌كه‌ن مافه‌كانیان بۆ وه‌ربگرنه‌وه و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه سزابدرێن.
جومعە عەبدولكریم، كوڕی حه‌لاوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت “له كۆتایی پردی شۆراو كاتێك دەنگێكی گەورە دەبەستریت، هەمەرێكی ڕەشی هێزەكانی دژەتیرۆر لە سوچێكی بارەگاكهیانهوه تەقە لە ئۆتۆمبێلی زاوەكەمان دەكات، به‌جۆرێك ته‌قه كراوه وه‌كو چۆن بە سوندەیەك ئاو بەدەوری خوتدا هەڵدەدەی،.. بهوهۆیەوە فیشكەكێكی دۆشكە بەر سەری دایكم كه‌وتووه”.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، نزیكه‌ی 20 روداوی جیاواز له كه‌ركوك تۆماركراون، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، له نێویاندا ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه و هێرشی چه‌كداری.
هێشتا خێوه‌تی پرسه‌كه‌ی حه‌لاو نه‌سرده‌ین له گه‌ڕه‌كی شۆراو لانه‌براوه، نازداری كچی به كوڵ ده‌گریا و پڕ به كوڵانه‌كه هاوكاری ده‌كرد “دایكم شه‌هید بوو.. ئاخر قه‌ت به دۆشكه ته‌قه له پیرێژنێك كراوه؟!”.