سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

ئاڵا تاڵەبانی: پارتی هاوكاری یەكێتی ناكات بۆ دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك

زێد نیوز:

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت"پارتی هاوكاری ئێمە ناكەن لەدانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك و ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكە و ئیدارەدانی؟، یا وەرگرتنی وەزارەتێك لەبەغداد".

لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، لەبارەی پاساوی پارتی بۆ بونی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لەشارەكە لە دانەنانی پارێزگار بۆ كەركوك، ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، وتی "با بەڕاشكاوی بڵێم، پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو هەموو قسەیەی كرد لەسەر هاتنی حەشدی شەعب بۆ كەركوك، خۆ دواتر خۆی لەگەڵی ڕێككەوت و سەردانی هەموو سەركردەكانی حەشدی شەعبی كرد لەبەغداد، ئێستا بەشێكە لە " ئیئتلافی بینا" كە هەموو سەران و لایەنەكانی حەشدی شەعبی تێدایە، هەر پێش ماوەیەك وەزیری شارەوانی و نیشتەجێكردنی حكومەتی عیراقی كەسەر بە پارتی-یە، ناوی (بەنگین ڕێكانی-یە) دەزگایەك " شەریكەیەك"ی گەورەی لە وەزارەت لێكردەوە ڕادەستی دەزگای حەشدی شەعبی كرد، وەكو داهات بۆ ئەوان بێت، واتە یەكێك لە "شەریكاتەكانی" وەزارەتەكەی خۆی داوەتە دەستی حەشدی شەعبی، خۆ ناكرێت بە ئێمە بڵێن هاوكاری حەشدی شەعبی دەكەن لەكاتێكدا خۆیان لەبەغداد هاوكارییان دەكەن و دێن لەگەڵیان دادەنیشن و حكومەتیان لەگەڵ پێكدەهێنن". 

تاڵەبانی رەتیكردەوە كە یەكێتی بەتەنها پێداگری لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك بكات، وتی" ئەو قسەیەی بەو شێوەیە دەكرێت دروست نیە بەڵكو ئێمە دەمانەوێت ڕێكەوتنی سیاسی هەبێت من وەك كەركوكیەك، وە وەك ئەندامێكی سەركردایەتی دەمەوێت ڕێكەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی هەبێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی ڕاستەقینە "ئیستحقاقی"هەڵبژاردن ڕۆڵی هەبێت لە پۆستەكان بەڵام كەدەڵێین پارێزگاری كەركوك مەبەست تەنها پۆستەكە نیە بەڵكو ئیدارەی شارەكەیە، كە داوای ڕێكەوتن دەكەن لەهەولێر بۆ حكومەتی هەرێم ئەی ئەوان بۆ هاوكاری ئێمە ناكەن لەدانانی پارێزگار و ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكە و ئیدارەدانی؟، یا وەرگرتنی وەزارەتێك لەبەغداد؟ تا ئێستاش پارتی "ئیعتراف" بەسەرۆك كۆماری ئێمە ناكات لەبەر ئەوەی نەیویستووە بۆ یەكێتی بێت و "د.بەرهەم "بێت، ئێستاش قبوڵی نیە وەزارەتێك لە حكومەتی عیراقی بۆ یەكێتی نیشتمانی بێت، من باسی ڕێكەوتنی سیاسی دەكەم نەك تەنها پۆستێك، ناكرێت ئێمە لەهەولێر ئیدارەیان لەگەڵ بكەین بەڵام ئەوان نەیەن لەكەركوك لەگەڵ ئێمە هاوكاربن یا لەبەغداد قبوڵی نەكەن وەزارەتێك بۆ ئێمە بێت، یەكێتی دەیتوانی لەگەڵ توركمان و عەرەب ڕێكبكەوێت پارێزگار دابنێت بەڵام ئەمەی نەكرد كوردایەتی دەكات و دەڵێت با لیستی برایەتی هەمووی بەشداربێت لەدانانی پارێزگار". 

ئاڵا تاڵەبانی روونیدەكاتەوە "یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت ڕێكەوتنی سیاسی بكات لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئیدارەی حكومڕانی بە پاكێجێك كە بەشداریمان لە ئیدارەی دەوڵەت و حوكم لەكوردستان پابەندە بە ئیدارەدانی ناوخۆ لەكەركوك وە هاوكاری و هەماهەنگی لەبەغداد، تێكەڵاوكردنی مەسەلەی دانانی پارێزگارێكی كورد پێش ئەوەی كە كوردی یەكێتی بێت بە " مەسەلەی" ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كارەسات و غەڵەتە هەر كوردێك بیكات غەدر لەكەركوك دەكات". 

سەبارەت بەقسەكانی دوێنێی د.نەجمەدین لە دەنگی ئەمریكا، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت" قەیچێكە ئەوە تێڕوانینی خۆیەتی، ئێمە پێمان وایە ڕاست نیە، لەیەكەم ڕۆژەوە دوای لادانی "د.نەجمەدین كەریم" داوامان كردووە كە پارێزگارێكی كورد وەك ئیستحقاقی نەتەوەیی وە وەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەكێتی بێت دابنرێت بۆ كەركوك، ڕاست نیە ئەم داوایەمان هی ئێستا بێت وە تێكەڵاویشی ناكەین، ئەوە ئەوانن "وەرەقەكان" تێكەڵاو دەكەن". 


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-26
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]