سەردێڕ:
زێدنیوز
ڕاپۆرت

له‌باره‌ی دوو ئیداره‌یی و پلانه‌كانی یه‌كێتیی

زێد نیوز:

زێد نیوز، سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی:

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و ڕێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیی، زۆرجار باس له‌وه‌ده‌كرێت دوو ئیداره‌ی ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر پارتی نه‌یه‌ته‌ژێرباری داواكارییه‌كانی یه‌كێتیی، ئه‌وا یه‌كێتیی پلانی دیكه‌ی هه‌یه‌، له‌وانه‌ ڕاگه‌یاندنی دوو ئیداره‌یی و پاشه‌كشه‌كردن له‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا.

ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ نه‌ پلانی یه‌كێتیه‌، نه‌ بارودۆخه‌كه‌ش گونجاوه‌، كه‌ كوردستان به‌ره‌و دوو ئیداره‌یی بڕوات، سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش باش ئه‌وه‌ده‌زانن و لایان ڕوونه‌ له‌ ئێستادا كارته‌كانی ده‌ستیان له‌به‌رامبه‌ر پارتی به‌هێزنین، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ :

1. بارودۆخی یه‌كێتیی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، وه‌كو ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ره‌تایی ساڵی دووهه‌زاره‌كان نییه‌، تا بیه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی بكات، چونكه‌ ئه‌وكات یه‌كێتیی جگه‌ له‌وه‌ی حاكمی سه‌ره‌كی بوو له‌م سنووره‌، له‌ هه‌مانكاتدا زۆرێك له‌و حزبانه‌ی، كه‌ به‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان له‌و پارێزگایه‌بوو، زۆربه‌یان له‌ چوارچێوه‌یه‌ی به‌ره‌یه‌ك كۆببوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی له‌ دژی پارتی، به‌ڵام له‌ ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه‌و، زۆربه‌یان له‌ پارتیه‌وه‌ نزیكن، باشترین نموونه‌ش گۆڕانه‌.

2. له‌ڕووی ده‌ستووریه‌وه‌ دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ناكرێت، به‌غداش ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه‌، تاوه‌كو ئێستاش ئه‌وان له‌گه‌ڵ پارتی و حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن، نموونه‌ی دانانی وه‌زیری داد له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، دانانی كه‌وتۆته‌ ده‌ست پارتی و بارزانی.

3. له‌ڕووی هه‌رێمیشه‌وه‌، وڵاتانی دراوسێ به‌بوونی كۆمه‌ڵێك هۆكار رێگه‌ به‌ دووئیداره‌یی ناده‌ن.

4. له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌رووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌و ڕێگری هه‌یه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی.

5. له‌ڕووی ئیداری و دامه‌زراوه‌یه‌وه‌، دیسانه‌ سه‌ر له‌ نوێ دروستكردنی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی وه‌كو ( په‌رله‌مان و حكومه‌ت ...هتد)، ئاسان نییه‌و ئه‌و قۆناغه‌ی ڕابردوو به‌سه‌رچووه‌.

6. له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ دوو ئیداره‌یی گرفتی زۆری هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند به‌شی زۆری نه‌وت و غازیش له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ش بێت، ئایه‌ چۆن ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا، كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردوویه‌تی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وان ئه‌نجامیبدن. ئایه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ متمانه‌یان هه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن؟!

7. ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌و كادیری یه‌كێتیی، كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ژیانی ئاواره‌یی بوون و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌، ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و ئه‌و ژیانه‌ی پێشووتر هه‌ڵبژێرن.

8.یه‌كێتیی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو مام جه‌لال نه‌ماوه‌، تاوه‌كو بتوانێت قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ سنووری خۆی دروستبكات.

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ باره‌ی دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ راست نییه‌، پارتی ئێستا وه‌كو ئه‌مری واقع له‌ نوقته‌یه‌كی به‌هێز مامه‌ڵه‌و قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات، یه‌كێتیی هیچ پلان و كارتێكی به‌هێزی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، له‌ماوه‌ی ڕابردووش نه‌یتوانیوه‌ هیچ كارتێكی به‌هێز له‌ دژی پارتیه‌وه‌ بجولێنێت. كۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌كه‌ی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردووی ئه‌و حزبه‌ش، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌بوو، كه‌ ئه‌و هێزه‌ پلانی دیكه‌ی نییه‌و، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا هیچ پلانێكی ڕانه‌گه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی پارتی.

ئامانجی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی هه‌نوكه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی سیاسیه‌ی به‌ نیازه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامیبدات زۆرترین ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یه‌وێ پارێزگارێك له‌خۆی بۆ پارێزگای كه‌ركوك دابنێت، هه‌مووشتیش ده‌كات تاوه‌كو پارتی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح ئاسایی بكاته‌وه‌.

به‌ نسبه‌ت یه‌كێتیی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان گرینگ نییه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كاردانه‌وه‌كانی توند نه‌بوون.

یه‌كێتیی له‌وانه‌یه‌ له‌ خوله‌كانی داهاتووی گفتووگۆكانیدا، داواكارییه‌كانی له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و دوو وه‌زاره‌تی سیادی له‌به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی ئه‌و پلانه‌ی سه‌ربگرێت ئه‌وا له‌یه‌ك كاتدا هاوسه‌نگی نێو باڵه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ كۆڵ په‌رله‌مانێك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ لایه‌ن پارتی و پاشكۆكانی كۆنترۆل كراوه‌، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌نها له‌رووی سیادیه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به 21 كورسی هیچ نییه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش پارتی قوفڵی داوه‌و سه‌رۆكی حه‌قیقی هێمن هه‌ورامیه‌.

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆو دارایی وه‌رگرێت، ئه‌وكات پاڵانسێك له‌ نێوان باڵه‌كان دروستده‌كات، ئه‌وكات پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌دات به‌ كه‌سێكی وه‌كو (حاكم قادرو عیماد ئه‌حمه‌د)، كه‌ خواستیانه‌و وه‌ریگرن، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌كاته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌رباز كۆسره‌تیش بۆ وه‌زیری ناوخۆ، یاخود دارایی، له‌ كۆڵ ئه‌وه‌شده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر بێگه‌رد تاڵه‌بانی و رێواس فایه‌ق كێشه‌ی ناوخۆیی دروستبكات.

یه‌كێتیی ئامانجیه‌تی له‌ گفتووگۆكانی داهاتووی، ده‌ست بۆ كۆمه‌ڵێك پۆست ببات، كه‌ پارتی داویه‌تی به‌ گۆڕان، تاوه‌كو كێشه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان دروستبێت.

پارتی به‌ هێنانی گۆڕان و واژووكردنی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵیدا، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و هێزه‌ له‌ هه‌نگاوی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كاراكردنه‌وه‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌شداربێت، گۆڕانی بۆئه‌وه‌ به‌لكێشكرد، تاوه‌كو هێزه‌كانی دیكه‌ش بێن، چونكه‌ به‌ نه‌هاتنی گۆڕان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌بوو هێزه‌كانی دیكه‌ش نه‌یه‌نه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان، به‌مه‌ش پارتی ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بوویه‌وه‌.

یه‌كێتیی پلانی دوو ئیداره‌یی نییه‌، به‌ڵكو پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ وه‌رگرێته‌وه‌، كه‌ پارتی له‌سه‌ر حسابی یه‌كێتیی به‌شێكی دایه‌ گۆڕان، چونكه‌ پۆستی وه‌زاره‌تێك كه‌ هی یه‌كێتی بوو له‌ بنه‌ڕه‌تداو بۆئه‌وان دانرابوو، به‌ڵام پارتی له‌ به‌ر خاتری هاتنی گۆڕان بۆ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دایه‌ ئه‌و حزبه‌.

پارتی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتیی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕایگرت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی خولێكی دیكه‌ی دانوستاندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ناوبراو، دوای سه‌ردانیكردنی بۆ لای یه‌كێتیی، له‌ماوه‌ی دوو كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، ئه‌گه‌ری زۆره‌ هه‌ردوولایه‌ن ڕێكبكه‌ون، هه‌ربۆیه‌ش خه‌ونی دوو ئیداره‌یی و به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌م شێوه‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه‌، ئه‌و دۆخه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا تێپه‌رده‌بێت.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-23
زیاتر...
1
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]