سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریدا: دەست بەسەر ئەم جۆرە چەكانەدا دەگیرێت

زێد نیوز:

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی چەند جۆرێكی چەكیدا‌و لەبارەی چەكی بێمۆڵەتیشەوە بڕیارێكی دەركرد.

لەنووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست (زێد نیوز) كەوتووە، دەستپێكردنی پڕۆسەی چەك داماڵین لەهەرێمی كوردستان راگەیەندراوە‌و بەپێی نووسراوەكەش جگە لەدەمانچە و كڵاشینكۆف دەستبەسەر هەموو جۆرە چەكێكدا دەگیرێت. 

نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ (یەكشەممە) بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە "دەست بەسەر ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەدا دەگیرێت كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەڵدەگیردرێن و رێكاری یاسایشیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر".

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەسەنتەری هەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن".

روونیشكراوەتەوە "لەرێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەكرێت كە دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتیان هەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی دیكەش كە مۆڵەتیان بۆ وەرناگیردرێت رادەستی بكەن".

نووسراوەكە ئاماژە بەوە دەكات "ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچوونییەوە كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی شەش مانگ".

هۆشداری ئەوەش دراوە "دوای كۆتایهاتنی ئەو ماوەی كە دیاری كراوە، هەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی بەپێی یاسای چەك رەوانەی دادگا دەكرێت".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-10
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]